رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیار و باخەوانان دەڵێت، نزیکەی 50 تۆن هەناری هەرێمی کوردستان گەیێندراوەتە ئیمارات و قەتەر و هەناردەکردنیش بەردەوامە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 06-12-2023، رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی تیمی وەزارەتەکەیە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیار و باخەوانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەناردەکردنی هەنار بۆ ئیمارات و قەتەر بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 50 تۆن گەیێندراوەتە ئەو وڵاتانە".
ساڵی رابردوو 2 هەزار تۆن هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیمارات کرا و لەوێشەوە نێردرایە بەشێکی دیکەی وڵاتانی کەنداو.
رزگار حەمەد خدر ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ 60 تۆن هەناریان رەوانەی بەریتانیاش کردووە.
22 هەزار دۆنم زەوی باخی هەنار لە هەرێمی کوردستان هەیە.
لە هەرێمی کوردستان 22 هەزار دۆنم زەوی باخی هەنار هەیە و زۆرینەی لە پارێزگای هەڵەبجەیە کە 9 هەزار دۆنم باخە.
بەرهەمی هەناری هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 80 هەزار تۆنە، ئەوەی ساڵی رابردوو هەناردەکرا زۆرینەی هەناری هەڵەبجە و بەشێکی هەناری زاخۆ بوو. بۆ ئەم ساڵ پلانەکە بە هەمان شێوەیە.
ئەم ساڵ جگە لە هەنار، بڕیارە پێنج هەزار تۆن پەتاتە بۆ وڵاتانی کەنداو بنێردرێت؛ بەشێکی نێردراوە و هەناردەکردنی بەردەوامە.
ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان باج دەخاتەسەر ئەو بەرهەمانەی لە وەرزی پێگەیشتندان. ئەم ساڵ بۆ یەک کیلۆ هەنار، هەزار دینار باج دانراوە بۆ هاوردەکردن.
هەناری هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەیلوولدا پێدەگات و تاوەکو 15ی مانگی 12 بەرهەم دەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ