رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لەبارەی گیانلەدەستدانی دوو کارمەندی سیکیوریتی لە هەولێر دەڵێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیک ئەپی وەزارەتی پێشمەرگە خۆی پێدا کێشاون و "100٪ کەمتەرخەم بووە".
شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی لە شەقامی 40 مەتری شاری هەولێر ئۆتۆمبێلێک خۆی بە دوو کارمەندی سیکیوریتدا کێشا و گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ئەنجامی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، ئۆتۆمبێلێکی "وەزارەتی پێشمەرگە لە جۆری پیک ئەپ ژمارەی 5427" کە شۆفێرەکەی "مادەی کحولی" بەکارهێناوە، خۆی بە دوو کارمەندەکەدا کێشاوە و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شۆفێری پیک ئەپەکە، خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێرسیدسیش دا کێشاوە و زیانێکی زۆری پێگەیاندووە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، شۆفێری پیک ئەپەکە "100٪ کەمتەرخەم" بووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و شۆفێرەکەی بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.
دەقی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی هەولێر:
ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە
سەبارەت بەو ڕووداوەی هاتوچۆ کە لە شەوی ٤-١٢-٢٠٢٥ لە شەقامی ٤۰ مەتریی شاری هەولێر ڕووی دا و بە هۆیەوە ۲ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا، بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ئاماژەپێکراو لە بوونی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی ٤۰ مەتری لە بەردەم شوقەکانی (بولیڤارد) ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا - پیک اب دەبڵ قەمەرە) بە ژمارە (٥٤٢٧/ وەزارەتی پێشمەرگە) شوفێرەکەی بەناوی (م. ٲ. م) ماددەی کحولی بەکارهێنابوو و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس شوفێرەکەی بە ناوی (ھەژان هیوا عمر) لە بەردەم شوقەکاندا وەستاوە و قسەی لەگەڵ دوو کارمەندی سکیوریتی کردووە بە مەبەستی چوونەژوورەوە، لە ئەنجامدا هەردوو کارمەندی سکیوریتی بە ناوەکانی (محمد سردار محسن) و (احمد محمد شریف) بە هۆی پێکدادانەکەوە گیان لەدەست دەدەن و زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس دەکەوێت.
بەپێی هێڵکاری کە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئەنجامی داوە، شوفێری ئۆتۆمبێلێ جۆری (پیک اب) ١٠٠٪ کەمتەرخەم بووە، بۆیە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە و شوفێری ئۆتۆمبێلی جۆری (پیک اب) بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە ٢٤ ی هاتوچۆ ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ