رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی سۆیانای کریستیان کە گەورەترین فراکسیۆنی ئەو پێکهاتەیەن، بە فەرمی تانە لە دیاریکردنی بڕیاردەری پەرلەمانى عێراق دەدات و کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی لەبارەی ئەو پرسە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
چوارشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2026، کڵدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بە فەرمی و بە نووسراو تانەمان لەوە داوە، کە کەسێک لەسەر کورسیی بڕیاردەری پشکی کریستیانەکان لە پەرلەمان دانیشتووە، بەبێ ئەوەی بڕیارێک لەبارەیەوە دەرچووبێت و نووسراوێکمان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە."
ئەو کێشەیە کاتێک دەستیپێکرد کە لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026، ئیڤان فایەق جابرو، ئەندامی فراکسیۆنی بابلیۆن لەسەر کورسیی دووەمی بڕیاردەری پەرلەمان دانیشت.
بە گوێرەی تانەکە کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، فراکسیۆنی سۆیانا ناڕازین لەوەی ئیڤان فایەق جابرو لەسەر کورسیی تایبەت بە بڕیاردەری پەرلەمان دانیشتووە و ئەرکی پەیوەندیدار بە بڕیاردەری پەیڕەو کردووە بەبێ ئەوەی بڕیارێک لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دەرچووبێت.
هەروەها تانەشیان لەوە داوە کە ئەو پەرلەمانتارە لە پلاتفۆرمە میدیاییە فەرمییەکانیدا وەک بڕیاردەر خۆی ناساندووە و ژووری بڕیاردەری بەکارهێناوە، داواشیان کردووە کە رێکار بۆ راستکردنەوەى ئەوە بگیرێتەبەر کە روویداوە.
کڵدۆ رەمزی رایگەیاند؛ بڕیار بوو ئەمڕۆ لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە، بەڵام دواخراوە بۆ رۆژی 10ی کانوونی دووەم.
پەرلەمان دوو بڕیاردەری هەیە، یەکێکیان بۆ تورکمانە کە بۆ گوڵسەل محەممەد، ئەندامی بەرەی تورکمانی یەکلابووەتەوە، ئەوی دیکەیان بۆ کریستیانە کە ئێستا کێشەی لەسەرە.
دیاریکردنی بڕیاردەرانی پەرلەمان پێویستی بە رەزامەندیی هەر سێ ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق هەیە.
چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی رۆژنامەوانیی فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لە راگەیێنراوێکدا رەتیکردەوە رێککەوتن لەنێوان فراکسیۆنەکان کرابێت لەبارەی ئەو بڕیاردەرەی کریستیانەکان، کە لە پشکی کریستیانەکانە و ئەوەی لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە ناڕاستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ