دوایین داواکاریی مامۆستاکەی شەقڵاوە: هاوکاریی سێ خێزانی هەژار بکرێت

07-02-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
A+ A-
رووداو دیجتاڵ 

ئەو مامۆستایەی شەقڵاوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە قوتابخانە لەکاتی گۆڕینی ئاڵای کوردستان کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا، دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی [08:20 خولەک] لەگەڵ هاونیشتمانییەک ئەنجامداوە و داوای لێکردووە "هاوکاریی سێ خێزانی هەژار بکات کە پێویستییان بە هاوکارییە." براکەیشی بە رووداوی راگەیاند، کە 40 رۆژ بوو دایکی نەبینیبوو، بەنیازبوو سبەی بچێتە تورکیا و سەردانی بکات، چونکە نەخۆشە و لەوێ چارەسەر وەردەگرێت. 
 
لە شارۆچکەی شەقڵاوەی سەر بە هەولێر لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندندا مامۆستا ئیبراهیم سەباح لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا کارەبا دەیگرێت و دەمرێت. ئەو مامۆستایە مامۆستای وەرزش بوو لە قوتابخانەی بنەڕەتیی سۆرکی شەقڵاوە، تەمەنی 36 ساڵ بوو، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە. 
 
سەنگەر سەباح، برای مامۆستا ئیبراهیم لە کاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیار کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی " ئەم بەیانییە مامۆستا ئیبراهیم خێزانەکە کە مامۆستایە بردوویەتییە قوتابخانە، دواتر کچ و کوڕەکەی بردووەتە قوتابخانەیەکی دیکە، دواتر چووەتە قوتابخانەی خۆی و بینیویەتی منداڵەکان دڵیان خۆشە. پرسیویەتی بۆچی ئاڵای کوردستان هەڵنەکراوە؟ دواتر ویستوویەتی کە ئاڵایەکی نوێ لە سەربانی قوتابخانەکەیان هەڵبکات، بەڵام ئەو شیشەیەی ویستوویەتی ئاڵاکەی پێ رابگرێت زۆر درێژبووە و دواتر بەر تەلی کارەبا کەوتووە و ئەویش کارەبا گرتوویەتی و دواتر گیانی لەدەستداوە."
 
"مامۆستا ئیبراهیم لەسەر ئەرکی خۆی ئاڵاکەی کڕیوە"
 
برای مامۆستا ئیبراهیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە براکەی لەسەر حسابی خۆی ئاڵاکەی کڕیوە و دەشڵێت "تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان کە لە قوتابخانە کارەبا لێیداوە، بەڵام لە رێگە گیانی لەدەستدابوو." دەشڵێت "مامۆستا ئیبراهیم مامۆستایەکی سیاسیی نەبووە و پیرۆزییەک بوو بۆ هەموو خەڵک و کەس دڵی لێنەڕەنجاوە، چەندجارێک تەختەی قوتابخانەی کڕیوە، ئاڵاکەش لەخۆشی منداڵەکان کڕیوە و ویستوویەکی ئاڵایەکی نوێ هەڵبکات."
 
"قوتابخانەکە دەکرێت بەناوی مامۆستا ئیبراهیم"
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 07-02-2021، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان سەردانی کەسوکاری مامۆستاکەی کردووە و براکەی دەڵێت: وەزیری پەروەردە هاتووەتە لامان و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ئێمە کردووە و گوتویەتی کە 'خەمبارین بەوەی روویداوە، لەبەرئەوەی مامۆستا لە کاتی دەوام بووە و لەسەر ئاڵای کوردستان گیانی لەدەستداوە، ناوی قوتابخانەکەش بەناوی مامۆستا ئیبراهیم ناسر دەکەین." براکەی سوپاسی ئەوان و هەموو لایەک دەکات.
 
"قوتابییەکان ئێمەیان لە رووداوەکە ئاگادارکردەوە"
 
 
رێباز فەقێ، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سۆرک باسی گیانلەدەستدانی مامۆستا ئیبراهیمی کرد و گوتی "لە ژووری مامۆستایان بووین، مامۆستا ئیبراهیم لەسەربانی قوتابخانە بوو، دواتر گوێمان لە دەنگی قوتابییەکان بوو و گوتیان مامۆستا ئیبراهیم کارەبا لێی دا. لەگەڵ مامۆستا سەنگەر کە کوڕەپووری مامۆستا ئیبراهیمە چووینە سەربان بینیمان کە بەربووەتەوە و کەوتووە. ئەوکات گیانی لەدەست نەدابوو، بەڵام بەرلەوەی بیگەیێنینە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەی سۆرک دەڵێت "لە سەربان قوتابییەک لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم بووە، ویستوویەتی ستوونەکە بگۆڕێت و بەرزتر بێت لەسەر قوتابخانەکە، دواتر ئەو ستوونەی لەدەست کەوتووە و بەر تەلی کارەبا کەوتووە." دەشڵێت "ئەوکات مامۆستا ئیبراهیم هیچ قسەیەکی نەکرد و تەنیا دەیویست هەناسە بدات. هەرچەندە ئەو قوتابییە ویستوویەتی خۆی ئاڵاکە بگۆڕێت، بەڵام رێگەی نەداوە و خۆی کارەکەی کردووە."
 
"سبەی فەرمانی گۆڕینی ناوی قوتابخانەکە دەدرێت"
 
فاخر خالید، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری مامۆستا ئیبراهیم کرد و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای وەزیری پەروەردە بڕیارە سبەی بە فەرمی ناوی قوتابخانەی سۆرک بگۆڕدرێت و بکرێت بەناوی مامۆستا ئیبراهیم. 
 
مامۆستا ئیبراهیم ئەمڕۆ کوڕەکەی [ئاودێر] یەکەم رۆژی قوتابخانەی بووە لە پۆلی یەک دەستی بە دەوام کردووە. بەگوتەی براکەی، زۆر دڵخۆش بووە کە ئاودێری کوڕی دڵی بە قوتابخانە خۆشبووە. سەنگەر سەباح، برای مامۆستا ئیبراهیم لەبارەی دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی خۆی و مامۆستا ئیبراهیم دەڵێت "شەو قسەی لەگەڵم کرد و گوتی ئاوێر ئەوەندە دڵی خۆشە نەبێتەوە."
 
"داوای کردووە هاوکاریی سێ خێزانی هەژار بکرێت"
 
سەنگەر سەباح، برای مامۆستا ئیبراهیم  لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ لە پرسەکەدا کەسێک گوتوویەتی کە "مامۆستا ئیبراهیم بەهەشتییە"، ئەویش گوتوویەتی بۆ ئەو قسەیە دەکەی؟ لە وەڵامدا گوتوویەتی "ئەمڕۆ کاژێر 08:20 خولەک تەلەفۆنی بۆ کردووم و پێیگوتووم کە سێ خێزان هەن هەژارن و دەبێت خێرییان پێبکەی و داواشیکرد کە بەڵێنی پێبدەم، منیش بەڵێنم پێداوە."
 
" 40 رۆژ بوو مامۆستا ئیبراهیم دایکی نەبینیبوو"
 
دایکی مامۆستا ئیبراهیم زیاتر لە مانگێکە لە تورکیایە و نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە. برای مامۆستا ئیبراهیم دەڵێت "دایکم نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە و بڕیاربوو سبەی مامۆستا ئیبراهیم بچێتە لای دایکم بۆ تورکیا، بەڵام بەداخەوە نەدایکم ئەوی دیت نە ئیبراهیمی برایشم ئەوی دیت، بڕیارە کاژێر 11:00ئ ئەمشەو دایکم بگەڕێتەوە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 07-02-2021 دەرگەی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان کرانەوە. مامۆستا ئیبراهیم سەباح، مامۆستا لە قوتابخانەی بنەڕەتی سۆرکی شەقڵاوە لەکاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەکەی، کارەبا لێی دەدات و گیان لەدەست دەدات. ئەم رووداوە نیگەرانیی زۆری لێکەوتووە و خەڵکێکی زۆر خەمباریی خۆیان بەم رووداوە دەربڕی، بەتایبەت مامۆستایان و قوتابیان. لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش لە پەرلەمانی کوردستان داواکارن حکومەتی هەرێمی کوردستان "کۆچکردوو بە شەهید ناوزەند بکات."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی مافی مرۆڤ: 500 زیندانی چاکسازییەکان سزای لەسێدارەدانیان هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ رایگەیاند، 500 زیندانی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. ''زۆریی سزادراوان، سیستمی چاکسازیی نێو چاکسازییەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.''