رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا لە درێژەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، سەردانی بەرەی تورکمانیی عێراقی کرد، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''سەردانی شاندەکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان زۆر گرنگە''.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-02-2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک مەسعود، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بازرانی سەرۆکی حکومەت، سەردانی بەرەی تورکمانیی عێراقیان کرد.
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە بە مستەفا گۆران، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''ئەم سەردانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، کە ئێمەش [بەرەی تورکمانی] لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، پێشوازیی لە وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندەکەی دەکەین، ئەمەش بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان گرنگییەکی باشی هەیە.''
ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوە کرد، ''وەکو پێکهاتەی تورکمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر فاکتەرێکی گرنگین بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و وڵاتی تورکیا.''
وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، تورکیا وڵاتێکی گرنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات.
ئایدن مەعرووف گوتی پەیوەندییەکی ''زۆر باش'' لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا هەیە و ئێستا هەرێمی کوردستان لە هەمووکات زیاتر بۆ وڵاتی تورکیا گرنگە و تورکیاش بۆ هەرێمی کوردستان.
وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، لە داهاتوودا ئەم پەیوەندییانە لە رووی سیاسی، دیپلۆماسی، ئەمنی و ئابوورییەوە بەرەو باشتربوون دەڕۆن و ''ئەمەش زۆر گرنگە کە ئێستا تورکیا لە هەموو کات زیاتر پشتیوانی ئێمە [بەرەی تورکمانی]، هەرێمی کوردستان و عێراقە و، بەبێ جیاوازیش پشتیوانی لە سەرجەم ئایین و نەتەوەکان دەکات.''
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا و دواتر لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
هاوکات دوای کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ مەسرور بازرانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو: "وەزیری بەرگریی تورکیا، پرسە و هاوخەمیی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانییانی هێرشەکەی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت."
هەر دوێنێ، وەزیری بەرگریی تورکیا و سوپاسالاری ئەو وڵاتە لە بەغدا بوون و بەجیا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، سابت عەباسی، وەزیری بەرگری و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، لە کۆبوونەوە لەگەڵ یەشار گولەردا تاوتوێی هاوئاهەنگی ئەمنی و سەقامگیری هەردوو وڵات کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ