بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی گشتی تاوتوێ دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، 16ی ئەم مانگە کۆنفرانسی گشتی دەکەن، بەڵام ئاراستەکەی دیکە لە گردی زەرگەتە رەتی دەکاتەوە. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گردی زەرگەتە دەڵێت، ئەمڕۆ پرسی کۆنفرانس تاوتوێ دەکەن.
 
کارزان عەزیز گەردی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کە گردی زەرگەتە بارەگای سەرەکییانە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی کۆدەبینەوە و هەنگاوەکانی کۆنفرانسی گشتی و ئامادەکارییەکان تاوتوێ دەکەین."
 
2ی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی (بزووتنەوەی گۆڕان)ەوە بڵاویان کردەوە، ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەکە رایگەیاند، پشتبەست بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە 16ی شوبات وەک کاتی بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکووک دیاریکراوە و پێیەوە پابەندن.
 
کارزان عەزیز گەردی گوتی، "ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ کۆمیسیۆن لە دیاریکردنی رۆژی کۆنفرانس بە فەرمی ئاگاداری نەکردووینەتەوە."
 
ئاراستەی گەڕەکی کوردسات سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ کۆنفرانس و کۆمیسیۆن پێشتریش هەردوو ئاراستەکەی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو کەسانەی مافی بەشداربوونیان لە کۆنفرانسەکەدا هەیە ئەوانەن ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی گۆڕان ناویان لە بەغدا تۆمار کراوە.
 
ئەوانەی لە بەغدا ناویان وەک ئەندامی گۆڕان تۆمارکراوە زیاتر لە 2 هەزار و 100 کەسن و جگە لەوانەی وازیان هێناوە، زۆرینەیان بەسەر هەردوو ئاراستەکەدا دابەشبوون و مافی بەشداربوونیان هەیە.
 
رێبەند ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستا بارەگای سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتە لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "دەبێت لە کۆنفرانسی 16ی ئەم مانگەدا رێکخەری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرێن."
 
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بە رووداوی گوت، "ئێمە بە نووسراوی فەرمی داوامان کردبوو 14ی شوبات بۆ کۆنفرانس دیاری بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دیاریکردنی رۆژەکە ئاگادارنەکراوینەتەوە."
 
5ی ئەم مانگە بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکەی کوردسات کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، "جڤات بڕیاریدا هەموو ئامادەکارییە رێکخراوەیی و لۆجستی و یاساییەکان [بۆ کۆنفرانسی 16ـی شوبات] بکرێ. بۆ ئەو مەبەستە ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان راسپێردران بۆ پەیوەندیکردنی راستەوخۆ بە ئەندامانی دەستەی گشتی و گەرەنتی کردنی بەشدارییەکی سەرکەوتویی هەڵسوڕاوان."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "ئەم قۆناخە تەنیا بە کاری پێکەوەیی و یەکڕیزی تێدەپەڕێ، ئامانجمان ئەوەیە هەمووان بەیەکەوە و بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە بەرەو کۆنفرانس هەنگاو بنێین بۆ تێپەڕاندنی رێوشوێنە یاساییەکان و نوێکردنەوەی خەباتی سیاسیی بزووتنەوەکە."
 
بە گوتەی کارزان عەزیز گەردی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بۆ تاوتوێکردنی کۆنفرانسی گشتی و بەرچاوڕوونیان دەبێت و هەنگاوەکانی داهاتوویان دیاری دەکەن.
 
کۆنفرانسەکانی پێشووی گۆڕان
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان پێکەوە و بە جیاش ساڵی رابردوو کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان لە بەدەستهێنانی رەزامەندی کۆمیسیۆن و خاوەنداریکردنی فەرمیی جووڵانەوەکە سەرکەوتوو نەبوون.
 
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە. لە گردەکە دەڵێن بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێ، ئاراستەکەی دیکە دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.
 
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسێکی بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێنەدرا.
 
بەگوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
 
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی. خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە