رووداو دیجیتاڵ
ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی کریستیانەکان لە عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر دەشتی نەینەوادا ناشکێت.
ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی کریستیانەکان لە عێراق کە لەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزیری گواستنەوە و گەیاندنە، ئەمڕۆ شەممە لە واشنتنەوە بەشداری لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) کرد و گوتی، "مەترسیی میلیشیاکانی دەشتی نەینەوا و شنگال"ی گەیاندووەتە واشنتن.
سەرۆکی هاوپەیمانیی کریستیانەکان دەڵێ: "بوونی میلیشیاکان لە دەشتی نەینەوا و شنگال گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی پێکهاتەکان. ئەوان تەنیا چەکدار نین، بەڵکو دەستیان بەسەر ئیرادەی سیاسی و ئابووریی ناوچەکەشدا گرتووە."
لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی ئازادییە ئایینییەکان لە ئەمریکا، شاندێکی باڵای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئانۆ جەوهەر زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکان و ئەندامانی کۆنگرێس ئەنجامدا. ئانۆ جەوهەر گوتی، تەوەری سەرەکیی ئەو گفتوگۆیانە بریتی بوو لە "پاراستنی سەقامگیریی ناوچە دابڕێندراوەکان و رێگریکردن لە دەستوەردانی هێزە نایاساییەکان لە کاروباری پێکهاتەکان".
ئانۆ جەوهەر گوتی، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ مارک وۆکەر، راوێژکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە درێژی باسیان لە مەترسییەکانی بوونی "گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە دەشتی نەینەوا و شنگال کرد".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گوشارانەی دەخرێنە سەر سەرکردە ئایینییەکان، بەتایبەت کەیسی لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی، یەکێک بووە لەو خاڵانەی نیگەرانیی زۆری لای لایەنی ئەمریکی دروست کردووە و داوایان کردووە شکۆ بۆ دامەزراوە ئایینییەکان بگەڕێتەوە.
ئانۆ جەوهەر وردەکاریی کۆبوونەوەکانی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق و مافی پێکهاتەکان. سەرۆکی هاوپەیمانی کریستیانەکان دەڵێ، ئاماژەیان بەوە کردووە گرنگە سیستمی "کۆتا" بە جۆرێک رێکبخرێتەوە کە تەنیا پێکهاتەکان خۆیان مافی دەنگدانیان بۆ بەربژێرەکانیان هەبێت.
لەبارەی بارودۆخی شنگالەوە، ئانۆ جەوهەر رایگەیاند، هێشتا رێککەوتی شنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا وەک خۆی ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا رێگە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو شارە و گەڕانەوەی ئاوارەکان، چوونەدەرەوەی "هێزە نایاساییەکان و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو رێککەوتنەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ