حکومەت و دووکاندارەکان پێکەوە بازاڕی لەنگەی هەولێر نۆژەن دەکەنەوە

07-03-2024
هۆرڤان رەفعەت
دیمەنێکی بازاڕی لەنگەی هەولێر.
دیمەنێکی بازاڕی لەنگەی هەولێر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دووکاندارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر، بەشێکیان بە پارەی خۆیان دەستیانکردووە بە نۆژەنکردنەوەی دووکانە سووتاوەکانیان و بەشێکی دیکەشیان چاوەڕێی هاوکاریی حکومەتن.
 
ئەوان بەهیوان تاوەکو 15یەم رۆژی مانگی رەمەزان دووکانەکانیان بکەنەوە.
 
هاوڕێ بەهرام یەکێکە لەو کاسبکارانەی دووکانەکانیان سووتاون، ئەو بە نیگەرانییەوە دەستی بەنۆژەنکردنەوەی دووکانەکەی کردووە و دڵگرانە لەوەی دوای ئەو هەموو زیانانەی بەریان کەوتوون، هێشتا قەرەبوو نەکراونەتەوە.
 
هاوڕێ بەهرام بە رووداوی گوت، "دووکانەکەم بە بەهای 30 هەزار دۆلار کاڵای جلوبەرگی تێدابووە و سووتاون، هەروەها بە بەهای 30 هەزار دۆلاریش کاڵای نێو کۆگاکەم سووتاون، ئەوە جگە لەوەی 20 هەزار دۆلاریشم لە دیکۆراتی دووکانەکەدا زیان لێکەوتووە".
 
هاوڕێ گوتیشی، "ئەو کاتەی لە ساڵی 2018 دووکانەکەم سووتا، تازە کردبوومەوە، دیکۆری نوێم کردبوو، تائێستاش کۆمەکەکان تەنیا قسە بوون و لە چوارچێوەی بەڵێن بوون، هیوادارم ئەم جارە حکومەت خۆی لەسەر خەت بێت، چونکە لە هەموو وڵاتێک بودجەی تایبەت هەیە بە حاڵەتە لەناکاوەکان".
 
کاروان یونس، زیانلێکەوتووویەکی دیکەیە. ئەو لەبارەی قەرەبووکردنەوەوە گوتی، "خەڵک چاوی لەوەیە قەرەبوو بکرێنەوە چونکە زۆرینەیان ئەمە جاری دووەمە کە دووکانەکانیان دەسووتێن، هەموومان ئەوەندە جاری یەکەم زیانمان پێگەیشتووە هێستا قەرزی جاری رابردوومان لەسەر لانەچووە".
 
بەگوتەی بەرپرسانی باڵای کارگیڕی پارێزگای هەولێر، هۆکاری ئاگرەکە بەکارهێنانی کۆسەرە و لەحیمکردن بووە لە یەکێک لە دووکانەکانی بازاڕی لەنگە و لە کامێراکانی چاودێریش دەرکەوتووە.
 
دووکاندارە زیانلێکەوتووەکانی بازاڕی لەنگە بوون بە دوو بەشەوە؛ ئەوانەی کە زیانیان کەم بەرکەوتوون و دوکانەکان نەسووتاون و تەنیا سەقفی بازاڕەکەیان سووتاوە، ئەوا لەنێو خۆیان هەر یەکێکیان 200 بۆ 250 دۆلاری کۆکردووەتەوە تاوەکو سەقفەکە چاک بکەنەوە.
 
ئەوان دەڵێن، تاوەکو سەرەتای رەمەزان بازاڕەکەیان دەکەنەوە.
 
هەروەها بەشی دووەمی بازاڕەکە، ئەوانەی کە زیانی زۆریان بەرکەوتوون، شارەوانی و قایمقامیەت بڕیاریانداوە هاوکارییان بکەن. چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو 15ـی رەمەزان بازاڕەکەیان بکەنەوە.
 
ئەو دووکاندارانەی لەسەر ئەرکی خۆیان دووکان و سەقفی بازاڕەکەیان نۆژەن کردووەتەوە، دەڵێن هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو زوو بازاڕەکە بە تەواوی بکرێتەوە.
 
نەهرۆ ساڵح کە یەکێکە لە زیانلێکەوتوانی بازاڕی لەنگەی هەولێر، بەڵام دووکانەکەی زیانی کەمتر بووە،  باسی لەوەکرد، "ئێستا دووکاندارەکان 60٪ـی کارەکانیان تەواو بووە، تەنیا ئەوەندە ماوە کە دووکانەکان گەچ بکەین، هەر کە گەچمان کرد کارەکان تەواو دەبن و تا 10 رۆژی دیکە بازاڕەکە دەکەینەوە".
 
سەلمان سابریش وەکو نەهرۆ وایە، ئەو دەڵێت، "من لە شتێک نیگەرانم کە باسیان لەوەکرد لە ماوەی رابردوو بازاڕێکی دهۆک ئاگری گرتووە و حکوومەت ئەوانی قەرەبوو کردووەتەوە، ئێ بەڕاستی حکوومەت پێویستە ئێمەش قەرەبوو بکاتەوە، خۆ فەرقی ئێمە و ئەوان چییە، ئەی حکومەت ناڵێت باوکی میللەتم؟".
 
نزیکەی 50 کرێکاری شارەوانی هەولێر نێردراون تا هاوکاری پاککردنەوەی بازاڕەکە و لابردنی سەقفی بەشێکی بازاڕەکە بکەن.
 
بڕیارە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بە فەرمی هۆکار و قەبارەی زیانەکانی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و حکومەتیش بەڵێنیداوە هاوکاری بەشێک لە زیانلێکەتووان بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.