رووداو - هەولێر
بەشێکی بەرچاو لە دووکانەکانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر 100% سووتاون، بەشێوەیەک کە بەشێک لە دووکاندارەکان پارەی نێو قاسەکانیشیان بۆ دەرنەچووە.
مستەفا سەرهەد یەکێکە لە زیانلێکەوتووەکان و بەدیار دووکانە سووتاوەکەیەوە دۆش داماوە، ئاگر تەنانەت هەموو پارەی نێو قاسەکەشی سووتاندووە؛ ئەو بە رووداوی گوت، "هەر ئەوەندەم زانی کە هاتم دووکانەم سووتا، هەرچی سامان و ماڵ و موڵکم بوو لە قاسەکەمدا بوو، هەمووی سووتا. کەسابەت و ئیشمان لەسەر ئەو دووکانە بوو. سوپاس بۆ خوا. هیچمان پێناکرێت، ئەوە خودا بردوویەتی و هەر ئەو قەرەبوومان دەکاتەوە، بەڵام هیچمان پێناکرێت، قەرەبوو ناکرێتەوە، لە قاسەکەمدا نزیکەی دوو دەفتەر و نیو دۆلار هەبوو، هەمووی سووتا."
مام عوبێد تەماشای بەفیڕۆچوونی ماندووبوون و بەخەسارچوونی هەموو سامانەکەی دەکات، کە لەنێو دووکانەکەی بووە، لەنێو بازاڕی قەیسەریی هەولێر، کە زیاتر لە سەدەیەک بوو خۆی و باوک و براکانی لەو بازاڕە سەرقاڵی کۆکردنەوەی بوون.
عوبێد سادق، زیانلێکەوتووی بازاڕی قەیسەرییە و دووکانی قوماشی هەبوو، بە رووداوی گوت، "دووکانەکەم دووکانی قوماشی ئافرەتان بوو، دراوسێکانیشم هەر ئاوها بوون، هەموومان زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە."
228 دووکان و حەوت کۆگە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر بەپێی ئاماری قایمقایەتی شارەکە، لە ئاگرەکەی شەوی 5ی ئایار سووتاون، زۆرینەی دووکانەکان 100% سووتاون و هیچیان بۆ دەرنەچووە.
تەنها بە چوار دووکانی نێو بازاڕەکە، کە زێڕەنگەرن، 30 کیلۆ زێڕیان سووتاوە. زیڕنگەرێک تەنیا رەژووی بۆ بەجێماوە و زێڕەکانی گشتی سووتاون و کەوتووەتە ژێر خۆڵەوە، 20 فەردە رەژوو و خۆڵ و خۆڵەمێشی بردووەتەوە ماڵەکەی، تاوەکو زێڕە سووتاوەکانی جیابکاتەوە.
هێمن جەمیل، زیانلێکەوتووی بازاڕی قەیسەری و خاوەن دووکانی زێڕنگەرییە، بە رووداوی گوت، "تۆزێک زێڕمان دۆزیوەتەوە، لەبەر ئەوەی میزان و کێشانە و هەموو کەرەستەکانی ناو دووکانەکەم سووتاوە، نازانم بڵێم چەندی سووتاوە، بەڵام بە نزیکەیی یەک کیلۆ زێڕی تێدا بوو، هەمووی سووتا، بەڵام هەندێک زێڕمان لەناو قاسەکە بوو، سوپاس بۆ خوا ئەوەیان نەسووتا."
محەممەد سابر، زیانلێکەوتووی بازاڕی قەیسەری و خاوەنی دووکانی کەلوپەلی بەرگدووری و جوانکارییە، دەڵێت، "بە هەردوو دووکانەکەم نزیکەی 15 دەفتەر زیانم بەرکەوتووە، راستە دووکانەکانی ئێمە بچووکن، بەڵام کەلوپەلی ئێمە هەمووی گرانە و قورسە و نقێمە، نزیکەی 40 بۆ 50 دووکان دەبین، هەمووی سووتاون."
ئەم بازاڕە تەمەنی زیاتر لە دوو سەدەیە، ئاگر هێندە بێ رەحمانە بەربووەتە گیانی، دینگە و دیوار و سەقف و نەخشی بازاڕەکەشی سووتاندووە، کە نیشانەی شوناسی دێرینی بازاڕەکەن و پێویستە بەشیکی زۆریان دووبارە لە بنەوە بنیادبنرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ