محەممەد حاجی مەحموود: پێویستە بە لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەین

07-05-2025
پەیمان محەممەد
محەممەد حاجی مەحموود
محەممەد حاجی مەحموود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پێویستە هێزە کوردستانییەکان بە هاوپەیمانیی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''قسەمان لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتی کردووە.'' 
 
چوارشەممە، 07-05-2025، محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ''پێمان وایە پێویستە کوردیش وەک عێراق بیر بکاتەوە. عێراق لیستی [هاوپەیمانیی] گەورەیان هەیە و پێویستە کوردیش بەتایبەتی لە ناوچە دابڕێندراوەکان پێکەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن''.
 
بەگوتەی محەممەد حاجی مەحموود، بەشداریی لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بە لیستی هاوبەش، کاریگەرییەکی ''باشتر و گرنگ''ـی دەبێت، ''چونکە یاسای هەڵبژاردنی ئێستا، لەوانەیە زیان بە کورد بگەیێنێت''.
 
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەهێز و بە یەک لیستی هاوبەش بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنەکەدا دەدەن. سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەگەڵ ئێمەش باس کراوە و قسەمان لەبارەوە کردووە''.
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.
 
محەممەد حاجی مەحموود لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ''پێمان وایە [حکومەتی] هەرێمی کوردستان خۆی دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە چارەسەری کێشەی میللەتی خۆی بکات.''
 
عومەر گوڵپی، بەربژێرێکی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای تۆمار کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات. سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پەرلەمانی کوردستان هەڵناوەشێتەوە.''
 
لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە رۆژنامەڤانان لەسەر قسەیەکی عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، محەممەدی حاجی مەحموود گوتی: ''عەلی حەمە ساڵح ناناسم و نەمبینیوە''.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە