رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان، خوشک و برایەک بە چەقۆ ملیان دەبڕدرێت و دەکوژرێن. پارێزگاکە دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ دۆزینەوە تاوانبار.
رووداوەکە درەنگی شەوی سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، لە گەڕەکی کڵاڤوز لە سێوازی باکووری کوردستان روویداوە؛ دوای ئەوەی دایکیان گەڕاوەتەوە ماڵەوە، بینیویەتی ئوموتجان شیمشەک (کوڕ، 22 ساڵ) و مەلیکا شیمشەک (کچ، 16 شاڵ) خەڵتانی خوێن کراون.
دواتر تیمەکانی پۆلیس، بەرگریی شارستانی و تەندروستیی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. بەگوێرەی زانیاریی تیمەکان، ئەو خوشک و برایە، لە ماڵەکەی خۆیاندا بە کەلەپچە لە دواوە بەستراونەتەوە و بە چەقۆ ملیان بڕدراوە.
دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی تیمەکان، تەرمی خوشک و براکە بە مەبەستی توێکاری رەوانەی دادپزیشکی کراون.
بە گوتەی تیمەکانی پۆلیس، لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە، کەسێکی سەر بە کڵاو و دەمامکدار چووەتە ماڵەکە و دواتریش چووەتەوە دەرەوە.
پارێزگای سێواز رایگەیاند، بەمەبەستی دەستگیرکردنی بکەرانی تاوانەکە، تیمەکانی ئاسایش بە راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی پارێزگاکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
بەگوێرەی رێکخراوی ئوموت، پار لە تورکیا و باکووری کوردستان سێ هەزار و 801 رووداوی تووندوتیژی روویانداوە، تێیاندا دوو هەزار و 370 کەس کوژراون و سێ هەزار و 829ـی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ