هەرێمی کوردستان دەچێتە نێو بازنەی تۆمارکردنی پلەبەرزەکانی گەرماوە

07-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ گەرمترین رۆژی وەرزی هاوینی ئەمساڵ بێت، لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما بۆ سەرووی 50 پلە بەرزدەبنەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کوردستان دەڵێت، رۆژانی هەینی و شەممە گەرم دەبن، بەڵام لە رۆژانی دووشەممە تاوەکو چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما چەند پلەیەک دادەبەزن.
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 6-7-2023، لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ هەینییەوە بڵاویکردەوە ئاسمان ساماڵ و گەرم دەبێت، پلەکانی گەرماش بەبەراورد بە تۆمارکراوەکانی رۆژی پێنجشەممە لە یەک بۆ سێ پلە بەرزتردەبێتەوە.
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە دەبێت: 
 
- هەولێر: 45 پلە
- سلێمانی: 43 پلە
- دهۆک: 44 پلە
- کەرکووک: 50 پلە
- هەڵەبجە: 46 پلە
- حاجی ئۆمەران: 31 پلە
- زاخۆ: 45 پلە
- سۆران: 43 پلە 
- گەرمیان: 51 پلە
 
رۆژی هەینی، 7-7-2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بەرزترینی ئەمساڵ دەبێت، کە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت، لە ناوچەکانی گەرمیان وەکو خانەقین و کەلار و شوێنی دیکە دەگاتە 50 پلەی سیلیزی و 51یش تۆمار دەکات."
 
دیلان رەشاد گوتی: "ئەم گەرمایە تاوەکو رۆژی شەممە و یەکشەممە بەردەوام دەبێت، بەڵام دواتر لە رۆژی دووشەممەوە بە چوار بۆ پێنج پلە دادەبەزێتەوە، دیسانەوە لە رۆژی پێنجشەممە و هەینیی داهاتوو پلەکانی گەرما جارێکی دیکە بەرزدەبنەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هەرێمی کوردستان کاریگەرە بە کەشوهەوای جیهانی و گۆڕانکارییەکانی، بەڵام ئەو شەپۆلە گەرمایەی ئەمرۆ و هەفتەی داهاتوو پەیوەندیی بە "نزمە پاڵەپەستۆی گەرمای وەرزییە".
 
لە ناوچەی گەرمیان کە خانەقین، گوڵاڵە، مەیدان، کەلار، کفری و رزگاری و چەندین ناوچەی دیکە دەگرێتەوە، پلەکانی گەرمای بۆ 50 پلەی سیلیزی و زیاتر بەرزدەبنەوە، ئەوە لەکاتێکدایە رێژەی سەوزایی لەو ناوچەیە کەمترە لە 5٪.
 
هاوکات، ماوەی مانگێک دەبێت لە سێ جاری جیاوازدا نزیکەی 100 دۆنم دارستان لە قەزای کەلار "سووتێنراون" کە بەپێی بەڕێوەبەری گشتی دارستان و پاوانی ئیدارەی گەرمیان ئەو کارە کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سەوزایی و کەشوهەوای ناوچەکە دەبێت.
 
دەستەی گشتیی کەشناسی عێراقیش باس لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی عێراق دەکات و دەڵێت کۆتایی هەفتە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو  پلەی گەرما لە 9 پارێزگای عێراق دەگاتە 50 پلەی سیلیزی و زیاتر.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا پێشبینی دەکرێت رۆژانی داهاتوو پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەدا بۆ سەرووی 50 پلەی سیلیزی بەرزببنەوە و هەفتەی داهاتووش ژمارەی ئەو ناوچانەی ئەو پلەیە و 51 پلە تۆمار دەکەن زیاتر دەبن."
 
ئەمڕۆ هەینی پلەی گەرما لە پارێزگاکانی میسان و بەسرە دەگاتە 50 پلە، بەڵام رۆژی شەممە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لە 9 پارێزگای عێراق پلەکانی گەرما بۆ 50 پلە و زیاتر بەزردەبێتەوە لە پارێزگاکانی بەغدا، کەربەلا، نەجەف، کوت، بەسرە، موسەننا و دیوانییە دەگاتە 50 پلە. لە میسان و زیقاریش دەگاتە 51 پلە.
 
بەپێی توێژینەوەکانی جیهان پلەی گەرما بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو لە جیهاندا نزیکەی 0.53 پلە بەرزبووەتەوە، پێتری تالاس، سکرتێری گشتی کەشناسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا لە حکومەتەکەکان دەکات دەست بکەن بە رێکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری گەرما لەسەر تەندروستی خەڵک.
 
رێکخراوی کەشوهەوای جیهانی باس لەوەدەکات، لە 50 ساڵی رابردوودا 148 هەزار کەس لە ئەوروپا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
 
ناوەندی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ پێشبینی ژینگەیی رایگەیاند، دووشەممەی ئەم هەفتەیە گەرمترین رۆژی 170 ساڵی رابردوو بووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.