ئامادەکردنی: ئەدەب و کولتووری رووداو
ماڵپەڕی گاردیەنی بەریتانی، سەرەڕای بایەخدانە گەورە و چڕوپڕەکەی بە بواری کولتوور و ئەدەبیات، هاوکات بەردەوام بە دوای ڕێگەی نوێ و پرسیاری نوێوەیە بۆ دواندنی نووسەران، ئەمجارە هەندێ پرسیاری ورد و سەرنجڕاکێشی بۆ هەندێ نووسەر ئامادە کردووە کە خوێندنەوەیان و مەبەستی پشتی پرسیارەکان و وەڵامی نووسەرەکان شتگەلێکن بەردەوام خوێنەران لای نووسەران بە دوایدا دەگەڕێن، لە نموونەی باشترین کتێب، باشترین نووسین، باشترین و خۆشەویستترین کارەکتەر و زۆر شتی تری ورد کە خوێندنەوەی وەڵامەکانیان لە زاری نووسەرانەوە هەم چێژبەخشن، هەم ڕووئیایەک بۆ خوێنەر سەبارەت بە هەندێ کتێب و چیرۆک دەکەنەوە.
ئەم هەوڵەی ئێمەش، وەرگرتنی ئەو پرسیارانەیە و ئاراستەکردنیەتی بۆ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد، بە تایبەت قسەکردن لەو مەجالە کورت و لەو پرسیارانە لە ناوەندی ڕووناکبیریی ئێمەدا کەمە و بێشک خوێنەرانمان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەن.
لە دەیەم گفتوگۆماندا، یوسف عیزەدین، نووسەر و ڕۆماننووس وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
رووداو: لەم کاتەدا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟
یوسف عزەدین: هەرچەندە من لەو جۆرە خوێنەرانە نیم، ڕۆژانە و بەهەمان ڕیتم، تا کۆتایی؛ تەنیا یەک کتێب بخوێنمەوە.. مەبەستم ئەوەیە پێکەوە، زیاد لە کتێب و بابەتێک دەخوێنمەوە، بەڵام ڕێک لەم کاتەدا کە وەڵامتان دەدەمەوە، پاش تەواوبوونم لە موتاڵاکردنی کتێبی "پەنهانەکانی تەورات"ی کەمال سەڵیبی، وا خەریکی خوێندنەوەی کتێبی "ئەگەر موسافیرێک لە شەوێکی زستاندا"ی ئیتالۆ کالڤینۆم. ئەم ڕۆمانەی هاوشێوەی ڕۆمانەکانی تری و بگرە زیاتریش یەکێکە لەکارە جدییەکانی ئەو نووسەرەی کە توانی لە دنیای نووسیندا؛ پێودانگە تەقلیدییەکانی فانتازیا و خەیاڵکردن تێپەڕ بکات. ئەم ڕۆمانەی کالڤینۆ کە وا سێیەمجارە بیخوێنمەوە، بریتییە لە زنجیرەیەکی –سەرد-یی پێکەوەگرێدراوی داهێنەرانە و توانیویەتی هاوکێشەی کردەی نووسین و خوێندنەوە بگۆڕێت و جۆرە خوێنەرێکی جودا لە خوێنەری دەرەوەی تێکست، یان خوێنەری شاراوە، یان لەو جۆرە خوێنەرەی کە بۆی دەگێڕێتەوە؛ بەڵکو جۆرە خوێنەرێکی تری ئافەریدە کردووە! چونکە لای ئەو ڕۆمان هونەری بینراوە و هەر وەک خۆی ئاماژە بەوە دەدا کە هونەری بینراو لە ڕۆماندا، لە بلزاک و ستاندال-ەوە دەستپێدەکات و لە فلۆبێر-دا دەگاتە لوتکەی پێوەندیی نێوان؛ پەیڤین و وێنە.
رووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕی؟
یوسف عزەدین: پێناچێت کتێبێکی لەو جۆرە لە دنیادا هەبێت بەڕەهایی؛ توانستی گۆڕینی ژیانی من و تۆی خوێنەری هەبێت. دەشێت بڵێین ئەوەی من و تۆ و ئەوانەی تر لە مەنزڵێکی تێڕامان و وردبوونەوە و تێفکرینەوە، دەباتە مەنزڵێکی تر؛ بیرۆکە بێت! بیرۆکەش لە قووڵایی کردە ئەزموونئامێزەکانەوە هەڵدەقوڵێ.. وەک ئەزموونکردنەکانی بوودا و غەزالی و عەتتار و شەمسی تەبرێزی و مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی و سەدرەددینی شیرازی و زۆرێکی تر لەوانەی، هاوکات لەگەڵ باکگراوندێکی مەعریفی، توانیویانە بەئەزموونکردن شتێکی نوێ بخەنەڕوو، دواتریش لەوانەوە بپەڕێتەوە بۆ موریدان و سالیکانی ڕێگەکەیان.
هەر بەمەبەستی دوورنەکەوتنەوە لەو وەڵامەی ئێوە مەبەستتانە وەچنگی بهێنن، دەتوانم بڵێم کۆمەڵێک کتێبی زۆر کاریگەر هەبوون و هەن لە ژیانمدا، لەوانە؛ "فیه ما فیه" و "مەسنەوی" مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی و "چوار سەفەرە ئەقڵییەکەی" سەدرەددینی شیرازی و هەردوو کتێبەکەی "ئیبن قرناس" کە ناوێکی خوازراوی کەسێکی تائێستا نەناسراوە و خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی "جەمەل-کۆڵۆنیا"، دوا بەدوای زنجیرە کتێبێکی زۆر کریتیک و پڕ ئیشکال ئەمانیشی چاپکردووە... هەروەها لە کتێبە کاریگەرەکان؛ هەردوو کتێبە گرنگەکەی تۆڵستۆی "ددانپێدانان" و " مەلەکوتی خودا لە ناختاندایە" و سەرجەم نووسینەکانی غەزالی و ئیبن ڕوشد و فارابی و ئیبنولعەرەبی و ویڵ دیۆرانت و زۆری تر. دەبێت ئەو ڕاستییەش لەیاد نەکەین، هەرگیز نووسین ناتوانێت بەتەواویی و ڕەهایی ئەزموونە قووڵەکانی بنیادەممان لە زیندەگیدا بۆ بگوازێتەوە بۆ نێو دنیای نووسین! یەکێک لە سۆفییە ژنەکانی چاخی نۆزدەیەم دەڵێت: (تێکستی چاپکراو ناکرێت لەگەڵ ئەزموونەکانم یەکبگرنەوە!).. پێش ئەم و ئەوانەی دیکەش، سوکرات یەکێکە لە پێشەنگانی ئەو فەیلەسوفانەی باوەڕیان وابووە، کتێبی نووسراو ڕێگرە لەبەردەم کردەی فێربووندا، تا دەگەینە لای نووسەر و ڕەخنەگری ئەڵمانی "هانس ماگنۆس ئینسنسبێرگەر" کە داکۆکی لە ئەدەبی شەفەهی کردووە و هەروەها لای زۆری تر لە نووسەران، دیاردەی ئەم دژە نووسینە دەبینینەوە؛ چونکە لە بنەڕەتدا ئاخافتن بنەچەیی و ڕیشەییترە لەچاو بنیاتنانی بیرۆکەکان و گێڕانەوەکان لە کردەی نووسینەوەی نێو تێکستیاندا.
رووداو: کتێبێک کە بۆچوونتی گۆڕی؟
یوسف عزەدین: ڕەنگە سەرجەم ئەو کتێبانەی کە بەدرێژایی ژیانم خوێندوومنەتەوە دواجار بووبێتنە باکگراوند و مەعریفەی ئێستام، بەتایبەتیش وەک خۆم حەزم بە خوێندنەوەی کتێبە دژەباو و پڕئیشکالەکانە.. وەرە کتێبە هەشت سەد لاپەڕەییەکەی "عەبدوڵڵا قوسەیمی" بەناوی "عەرەب دیاردەیەکی دەنگییە" بخوێنەرەوە.. یان کتێبەکانی ڕەشید ئەلخەیون و کتێبەکانی ستیڤان تسڤایگ و بەتایبەتیش کتێبی "کاتژمێرەکانی قەدەر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا".. یان کتێبەکانی ئەلبێرتۆ مانگوێل و سیۆران و زۆری تر لەو نووسەر و بیرمەندانە کە دەشێت هەندێکیان تاڕادەیەکی بەرچاو، زانراوەکانی پێشووترت لا بکەنە نەزانراو و ڕاستییە سەلمێنراوەکانیشت بخەنە ژێر پرسیارەوە، هەروەک "ئەمیل سیۆران" دەڵێت: (کتێبی حەقیقی دەبێت سوێ بخاتە زامەکانەوە، بەڵکو دەبێت هەر خۆیشی هۆکار بێت. دەبێت کتێب ببێتە مەترسی).
رووداو: کتێبێک کە خۆزگە دەخوازی تۆ نووسیبات؟
یوسف عزەدین: کتێبێکی لەو چەشنە شک نابەم، بەشێکی هۆکارەکەشی پەیوەستە بەوەی هیچ کاتێک نووسین ناگاتە ئاست کامڵبوونی ڕەها؛ هەر تەسەور و پێداهەڵدانێکیش بۆ هەر کتێبێک کە گوایە گەیشتووەتە ئەو ئاستە، کارەساتە و سیۆران دەڵێت؛ ئاماژە و باسکردن لە کتێبە پێرفێکت و کامڵەکان دەمڕشێنێتەوە! ئەوەی کردەی نووسینیشی تا ئەمڕۆ هێناوە، نیسبییەت و ناکامڵبوون و ناپیرۆزبوونی نووسینە. نموونەیەکی سادە بهێنینەوە، کاتێک شەفەندەفەر لە سەرەتاکانی وەکارخستنیدا وەک هۆکارێکی گواستنەوە دنیا سەرسام دەکات، زۆر لە نووسەران، هەر بۆ نموونە نووسەرە ئەڵمانەکان دەکەونە ژێر کاریگەریی جادووی ئەو داهێنراوە و "لۆدڤیک بۆرنە" پێیوابووە شەمەندەفەر دەبێتە شکێنەری زوڵم و زۆر و جەنگ ناهێڵێ و لەوەش هەزەلیتر شاعیرێکی ڕۆمانسی وەک "فۆن ئێرنیم"، چامەیەک بە ئەڵمانی لەمەدح و سەنای شەمەندەفەردا دەنووسێ! بەڵام هەر لەو سەروبەندەدا " گۆتە" و دواتریش "هاینریش هاینە" پێچەوانەی تێڕوانینی تەقلیدی و باوی سەردەمەکەی خۆیان سەبارەت بە شەمەندەفەر بوون. بۆ نموونە "هاینە" دەڵێت: (شەمەندەفەر بەشێکی نوێیە لە مێژووی مرۆڤایەتی. ئەو شوێن دەکوژێت و بێجگە لە زەمەن هیچی تر نامێنێتەوە).
رووداو: کتێبێک کە کاری لە ستایلی نووسینت کردووە؟
یوسف عزەدین: نازانم هەیە یان نییە؛ لام ڕوون نییە.
رووداو: کتێبێک کە تۆی گریاندووە؟
یوسف عزەدین: کتێب چەند کاریگەر و تراژیدی و سەرسامکەر و پڕئیشکال بێت؛ نامخاتە گریان. بەڵکو دەشێ ماوەیەک ئاخافتنم لەبیر بباتەوە و ڕاپێچی دنیای بێدەنگبوونم بکات.
رووداو: کتێبێک کە بە دیاری دەیبەخشی؟
یوسف عزەدین: کتێبەکانی تۆڵستۆی بەگشتی و بەتایبەتیش کتێبی "ددانپێدانان" و "مەلەکوتی خودا لەناختاندایە".
ساڵی 1886 ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئاییندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردووە وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر) ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاراستەی بەڕێزت دەکەم.
رووداو: چاکە لای تۆ کامەیە؟
یوسف عزەدین: لەم ساتەوەختەدا؛ بەلامەوە ماهییەت و شوناسێکی دیاریکراوی نییە.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟
یوسف عزەدین: پێناچێت تەواو دیاریکراو و سەقامگیر و ڕەهابێت.. بەڵام بابڵێین؛ هەمان تایبەتمەندییە باشەکانی مرۆڤە بەگشتی.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟
یوسف عزەدین: هەمان وەڵامەکەی پێشووترە...
رووداو: بەنرخترین تایبەتمەندیی هاوڕێکانت کامانەن؟
یوسف عزەدین: هەمان ئەو وەڵامە دووبارە دەکەمەوە کە لە دیالۆگێکی بڵاوکراوەی "ئەدەب و کولتووری ڕووداو - 2017" گوتوومە: (مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی، تەسەورێکی جوان و ناوازەو دانسقەی هەیە کە دەفەرموێت: "هاوڕێی هەمووان بە، بەڵام وەک ئەوانەی بت دروست دەکەن، لەبەرد هاوڕێیەک بۆ خۆت دروست بکە". واتە تەنها لەڕوو و بەناچاری هاوڕێی هەمووان بەو خەڵکی بناسە! بەڕاستی و بەدڵ، ڕاز و نهێنییەکانت، تەنها لای هاوڕێ لەبەرد دروستکراوەکەت بدرکێنە و تەنها هاوڕێی ئەو بە.. ئەوێک لەهیچ ئانوساتێکدا ناتوانێت ئیرەییت پێ بەرێت.. ناتوانێت ببێتە ناحەز و دوژمنت.. ناتوانێت زیانت پێبگەیەنێت.. ناتوانێت هەموو شتێکت لێوە فێر بێت و پاشانیش خیانەتت لێبکات. ناتوانێت چەندین گێڕانەوەی ناڕاست و درۆت لەبارەوە دروست بکات.. ئەوە هاوڕێ لەبەرد دروستکراوەکەتە؛ نەدەبێتە تۆ و نەدەبێتە وێنەیەکی ناحەز و دوژمن، ئەو هەر ئەوە، هاوڕێ ڕاستەقینە لەبەرد دروستکراوەکەتە).
رووداو: حەزت لە چییە؟
یوسف عزەدین: تەنیایی...
رووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکرێ؟
یوسف عزەدین: یەکێکە لە پرسیارە پڕئیشکالەکان و بەگومانەوە تێیدەڕوانم.
رووداو: مەزنترین چارەڕەشی کامەیە؟
یوسف عزەدین: تێنەگەیشتن و کێشمانکێش و پێکدادانی ئەندامانی کۆمەڵێك لە خەڵکی هاوچارەنووسی دەرەوەی خولگەکانی مێژوو! دەرئەنجامەکەشی دەبێتە مایەی کڵۆمدانی بچووکترین دەرکەی مێژوو؛ بۆ چوونە نێو مێژووی ڕاستەقینە و هەمیشەش لەدەرەوەی مێژوو وەک سەیرکەر و لەنێو مێژووشدا وەک کۆمەڵە جەنگاوەرێکی ئازای ئامادەباشی مەرگ؛ لەپێناو ئەوانی تردا و وەک خۆشیان بەبێ شوناس و لە دەرەوەی کیانێکی سەربەخۆ، وەک بەدبەختترین سولالە لە کۆیلەکانی مێژوو دەمێننەوە.
رووداو: حەز دەکەی لە کوێ بژی؟
یوسف عزەدین: هەر شوێنێک.. بتوانم؛ بەتەنیا ڕۆژەکانی تێدا بەڕێبکەم.
رووداو: ڕەنگ و گوڵی دڵخوازی تۆ کامەیە؟
یوسف عزەدین: دیاریکراو نییە. گوڵێکی دزێو و ڕەنگێکی ناشیرین شک نابەم!
رووداو: نووسەرە دڵخوازەکانت کامانەن؟
یوسف عزەدین: یەک و دووان نین. بە ژمارە کەم نین و مەرجیش نییە ڕەها و جێگیربن.
رووداو: شاعیری دڵخوازی تۆ کێیە؟
یوسف عزەدین: هەموو ئەو شاعیرانەی مەبەستیان نەبووە شیعر بڵێن. بەڵام کە گوتوویانە؛ وەک سەنائی و عەتار و مەولانا و شەمسی تەبرێزی و حەللاج تەواو قووڵ و کاریگەر شیعریان گوتووە.
رووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟
یوسف عزەدین: کۆمەڵێکن...
رووداو: کام پاڵەوانە ژنەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟
یوسف عزەدین: کۆمەڵێکن...
رووداو: میوزیسیانە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
یوسف عزەدین: زۆرن یەکێک لەوانە؛ ئەلێکس گارۆبێ...
رووداو: نیگارکێشە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
یوسف عزەدین: کاراڤاجیۆ، رۆفائیل، داڤینچی و کۆمەڵێکی تر...
رووداو: حەزت لە کام ناوانەیە؟
یوسف عزەدین: هیچ جیاوازییەک لەنێوان ناوەکاندا نابینم.
رووداو: زیاد لە هەر شتێک ڕقت لە چییە؟
یوسف عزەدین: پێناچێت ڕکم لە شتێکی دیاریکراو ببێتەوە!
رووداو: حەزت لێبوو چ تایبەتمەندییەکت هەبووایە؟
یوسف عزەدین: حەزێکی لەو چەشنەم نییە.
رووداو: حەزت لێیە چۆن بمریت؟
یوسف عزەدین: حەزم لێیە بەتەنیایی و لە خامۆشی و بێدەنگییەکی تەواودا، وەک هەر درەختێکی دوورەپەرێزی نێو جەنگڵستانێکی سامناک، بە نەناسراوی و بەپێوە بمرم؛ دوور لە دنیای ڕەنگاوڕەنگی لافیتە هەڵواسین و چلەگرتن و هەندێک بۆنە و مەراسیم کە کارێکی زۆر دزێو و ناقۆڵا و هەڵاوگێڕە! ئەوەی کە لەدوای نووسەران جێدەمێنێ تەنها ئەو نووسین و کتێبانەیە کە ساڵانێکی تەمەنیان سەرقاڵی بوون؛ بەڵام ئەو نووسەرانەی دەزانن پاش خۆیان ئیمکانی مانەوەیان زەحمەتە، هاوکات لەگەڵ نەرجسییەتبوون و تەنانەت هەندێک کات ناتەواویشیان لەڕووی دەروونییەوە، بەتایبەت لەکاتی ئامادەگی بیرۆکەی سامناکانەی مەرگ و نزیکبوونەوەیدا؛ ڕەنگە هەبن لەبەر هەر هۆکارێک، زانراو یان نەزانراو؛ ناچاربن، داوای ناشتن لە شوێن و پارکی تایبەت و دروستکردنی باڕ لە نزیک مەزاریان و هەندێک داواکاری لەو جۆر و تەرزە هەزەلییانە بکەن! مەرگ کردەیەکی ئاساییە و پێشتریش هەر بەگەنجی ئەزموونێکی بەراییم لەگەڵ مەرگدا هەبووە و بەشێوە مەجازییەکەی لە نزیکەوە دیالۆگم لەگەڵی هەبووە، مەبەستم سەردەمی پێش ڕاپەڕینە، ئەو دەمەی وەک زیندانییەکی سیاسی چاوەڕێی گوللەبارانکردن بووم؛ دەرئەنجامی ئەو پێکدادان و ململانێ ناوەکییەی ناوەوەی خۆم، گەیشتمە فامکردنی ئەوپەڕی ئەوەی ئەگەر بمرم و بمێنم چی ڕوودەدات؟ وەک سۆفۆکلیس-یش دەڵێت؛ نەهاتنە بوون باشترین بارودۆخە بۆ مرۆڤ!
رووداو: ئا ئێستا دۆخی ڕۆحیت چۆنە؟
یوسف عزەدین: ئاساییە و بەتایبەتیش ئەو دەمەی دەتوانیت بگەیتە ئەوەی تۆڵستۆی و هاوشێوەکانی لە ئەزموونکردنی ژیاندا پێیگەیشتوون.
رووداو: دروشمی تۆ چییە؟
یوسف عزەدین: هیچ دروشمێکم نییە و ناشمبێت.
رووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، دەتەوێت لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایت، هەر ببیتەوە بە نووسەر؟
یوسف عزەدین: بەڵێ هەر بەوەی ئێستا قایل و ئاسوودەم.
رووداو: سەبارەت بە دوایین بەرهەمی خۆت بۆمان بدوێ، ئیش لەسەر چی دەکەی، هەندێ وردەکاریمان لەسەری پێبڵێ، کارەکەت لە چ قۆناغێکدایە؟
یوسف عزەدین: ناشێت! هەر وەک مارکیز دەڵێت؛ دەبێ بەچاوی بەزەییەوە بڕوانینە ئەو نووسەرانەی، پێش تەواوبوون و چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبەکانیان، لە میدیاکانەوە باسی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ