رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بەو کێشانەی کە هاوڵاتییانی شاری سلێمانی لە وەرگرتنی مووچەکانیان تووشی بوون، بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI).
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئەم مانگە نزیکەی 24,000 مووچەخۆر لە رێگەی TBIـیەوە مووچە وەردەگرن. لەنێوان رێککەوتی 1 تا 3ـی ئەیلول، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 ملیار دیناری خستووەتە سەر حسابی بانکی TBI بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر سەرجەم مووچەخۆرانی ئەو بانکە.
وەزارەت داوا لە بانکی TBI دەکات، وەک تاکە بانکی حکومی لە پڕۆژەی "هەژماری من"، پابەند بێت بە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی. ئەمەش بریتییە لە دابینکردنی ستافی پێویست و تیمی پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستا، وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لە لقەکانی TBI و ستافەکەی دەکات کاژێرەکانی کارکردنیان زیاد بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەموو هاوڵاتییەک بە بێ کێشە دەستی بە مووچەکەی رادەگات. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە TBI پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخانەکەی بکات بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی بارودۆخی لەم شێوەیە.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و سەرجەم بانکە بەشداربووەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکی بەردەوام و سەردەمیانە لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە بۆ تەواوی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ