د. دلاوەر عەلائەدین: رێگە نادەین دیداری مێری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربێت

07-10-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
 د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
نیشانەکردن دیداری مێری 2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ، دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، تێیدا دەیان سەرکردە، دیپلۆماتکار، ئەکادیمی و بڕیاربەدەستی باڵا لە عێراق، هەرێمی کوردستان و جیهانەوە بەشداری دەکەن. دیدارەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
دیداری ئەمساڵی مێری هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رێککەوتنی نوێی نێوان حەماس و ئیسرائیل، هەڵبژاردنە مشتومڕاویەکەی سووریا و ئاڵۆزییەکانی حەلەب، هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەردەوامیی سزاکانی سەر ئێران. لە نێو ئەم کەشە سیاسییەدا، ئەنستیتیوتی مێری ئامانجیەتی "کەشێکی بنیاتنەر بۆ دیالۆگ و گەڵاڵەکردنی بیروبۆچوونەکان" بڕەخسێنێت، بە مەبەستی پێشکەشکردنی پێشنیازی کرداری بە بڕیاربەدەستان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
 
بۆ تیشکخستنە سەر وردەکارییەکانی دیدارەکە و ئامانجەکانی، دکتۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بە رووداوی راگەیاند، رێکخستنی دیداری مێری و کۆکردنەوەی ئەو هەموو سەرکردەیە "ئەرکێکی قورسە".
 
سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری گوتی: "ناهێڵین دیداری مێری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربێت". راشیگەیاند: "پانێلەکانیان دەبنە بنەمایەک بۆ دەوڵەتسازی و بونیاتنانەوەی دەوڵەت لە عێراق. 
 
دەقی هەڤپەینی رووداو لەگەڵ د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
رووداو: وەک هەمیشە رووگەشن، ئەمڕۆش هەر بە رووگەشییەوە هاتن. هیوادارم ئەو دڵخۆشییە نیشانەی ئەوە بێت کە ئامادەکارییەکانتان تەواو بووە و دیدارەکە دەستپێدەکات و مێری لەسەر پێی خۆی وەستاوە؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: سوپاست دەکەم. پێموایە کارێکی یەکجار قورسە بۆ رێکخستنی ئەم جۆرە دیدارە، بۆ کۆکردنەوەی ئەو هەموو خەڵکە پەیوەندیدارە لە ژوورێکدا بۆ گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەبارەی ئەو دۆخە ئاڵۆزانەوە. ئەو ماندووبوونە بەرھەمی دەبێت کە سەیری دەکەیت بەرھەمێکی خێری لێدەکەوێتەوە. جێگەی دڵخۆشییە کە خەڵکێکی زۆریش داوای بەشداری و هاتن و قسەکردنی تێدا دەکەن، ئەمە هەمووی بەڵگەی ئەوەیە کە دیداری مێری شوێنی خۆی گرتووە و کاریگەریشی هەیە لەسەر رای گشتی و لەسەر توێژی سیاسی و بڕیاردەرانیش.
 
رووداو: ئێستا دیداری مێری بووە بە نەریتێکی ساڵانە و هەموو ساڵێک لە کاتی خۆیدا دەکرێت، بەڵام لەگەڵ کەڵەکەبوونی ئەزموونتان بۆ ئەم بوارە، خەڵکیش چاوەڕێی جیاوازی دەکات لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە. بێگومان خۆشتان ئەوەتان دەوێت، بەڵام دەتوانن بە بینەرانمان بڵێن جیاوازیی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی رابردوو چییە؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: گرنگییەکەی ئەوەیە کە یەکەم، نێوەڕۆک و تەوەرەکان و گفتوگۆکان رەنگدانەوەی ئەو بارودۆخەیە کە لەم ساڵەی رابردوودا دووچاری بووینەتەوە. هەروەها داهاتووی هەرێم و عێراق و ناوچەکەش پێویستی بە نەخشەڕێگا و بەرچاوڕوونی و دیاریکردن و پێناسەکردن هەیە. لە دیدارێکی وەک ئەمڕۆدا باس لە پێدانی بەرچاوڕوونی دەکرێت بە خەڵک، سەبارەت بە شیکردنەوەی ئەو رووداوانەی لە ساڵی رابردوودا قەوماون و ئەوەی کە لە داهاتوودا دێتە پێش. ساڵ دوای ساڵیش، خەڵکانێکی خاوەن وتە لە ئاستی بڕیاردەران، توێژەران و بیرمەندان بە ژمارەیەکی یەکجار زیاتر بەشدارییان کردووە. پرۆگرامەکانیشمان رەنگدانەوەی ئەو مێژوو و داهاتوویەیە لەگەڵ ئەو خەڵکە و ناوەڕۆکی گفتوگۆکانمان.
 
رووداو: هەرچەندە ئێوە بە جۆرێک لە جۆرەکان، وەک رووداو، بێ رکابەرن لەم بوارەدا، چونکە کاتێک ئێوە دەستانپێکرد ئەم شێوازەی دیبەیت و فۆڕومە لە کوردستاندا مۆدێلی نەبوو. لەدوای ئێوە مۆدێلی دیکە سەریهەڵداوە و خەڵک دەستیپێکردووە، هەرکەسێک بە شێوازێک. ئەنجام وەرگرتنەکەی لێرەدا جیاوازە. پرسیارەکەم لەسەر ئەوەیە کە خۆتان باستان کرد هەندێک کەس خۆیان داوای بەشداریکردن دەکەن؛ شێوازی هەڵبژاردنی قسەکەرەکان و میوانەکان چۆنە؟ لەسەر چ بنەمایەک بڕیار دەدەن کێ قسە بکات، کێ پێشتر قسەی کردبێت و کێ ئەمجارە قسە نەکات؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین:  بێگومان چوارچێوەی یەکەم کە دادەڕێژرێت، پێویستە گفتوگۆکان لە ناوەڕۆکدا بابەتی گەرم بن. کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک، بازاڕ، ئاشتەوایی و چاککردنی دۆخەکە هەبێت، بەشێوەیەک کە ململانێ کەم ببێتەوە. کاتێک ئەو کێشە و قەیرانانە دەخەیتە بەردەم خۆت و ئەولەویاتی خۆت دیاری دەکەیت، بەپێی پێویستی و ئەو ئەولەویاتە قسەکەر و میوان بانگهێشت دەکەیت. ناگونجێت دنیا لە دۆخێکی خراپ یان دۆخێکی هەستیاردا بێت و تۆ باسی شتێکی دیکە بکەیت کە پەیوەندیدار نەبێت. ئێمەش ئەو قسەکەرانە دەکەینە ئامانج، ئەو سیاسەتمەدار و بڕیاردەر و بیرمەند و توێژەرانەی کە بتوانن ئەو بەرچاوڕوونییە بدەن بە خەڵک، تێمان بگەیێنن، گفتوگۆ دروست بکەن و لەوەش گرنگتر، پێشنیازی سیاسەتی (Policy) پێشکەش بە بڕیاردەران بکەن، تاوەکو رێڕەوی داهاتوو دیاری بکەن و بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای بەڵگە بێت. جا ئەوانەی لەو بوارە جیاوازانەدا شارەزان، دەبێت بیاندۆزینەوە و بانگهێشتیان بکەین. لەگەڵ ئەوانیشدا هەندێک بڕیاردەر هەن کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئێمە هەیە و دەبێت ساڵانە بانگهێشتیان بکەینەوە.
 
رووداو: هەبووە بانگهێشتەکەتان رەت بکاتەوە؟

 

د. دلاوەر عەلائەدین: زۆربەی ئەوانەی نایەن، دەرفەتیان بۆ رێ ناکەوێت. بە دەگمەن دەتوانم بڵێم رەتیدەکەنەوە لەبەرئەوەی نایانەوێت بێن. بەڵام خەڵکە و سەرقاڵیی خۆی هەیە، دەبینیت لە گەشتدایە و خەریکی ئەولەویاتی خۆیەتی. رەنگە سەرەتا رازی بووبێت، بەڵام کە کاتەکە نزیک دەبێتەوە، دەرفەتی نابێت. ئەوەش شتێکی ئاساییە و لە ژیانی رۆژانەی هەمووماندا هەیە. بەڵام بە گشتی، زۆربەی ئەوانەی بانگهێشت دەکرێن، ئەگەر بۆیان بکرێت دێن و بەشداری دەکەن، چونکە بە لایانەوە گرنگە رووبەڕووی ئەو خەڵکە ببنەوە بۆ ئەوەی لە بۆچوون و سیاسەت و مانیفێستۆی ئەوان تێبگەن و خەڵکیش تێبگەیێنن. هێندەی ئەوەی ئێمە دەمانەوێت پەیامی ئەوان بگەیێنین، ئەوانیش خۆیان دەیانەوێت ئەو پەیامانە بە خەڵک بگەیێنن. هێندەی ئەوەی ئەوانیش دەیانەوێت فێر ببن، تێبگەن لەوەی کە رای بەرامبەر هەیە، بەڵگەی جیاواز هەیە بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیی پێبدات و بزانێت ئایا سیاسەتەکەی پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە یان نا. لەو ئاستەدا بەرژەوەندییەکانمان تێکەڵ دەبێت.
 
رووداو: یەکێک لە تەوەرەکان سەرنجی منی راکێشا بە نێونیشانی "عێراق بۆ هەمووان". ئایا عێراق ئێستا بۆ هەمووان نییە؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: ئەگەر بۆ هەمووان بووایە، نەدەبووە بابەت. 100 ساڵ زیاترە عێراق دروست بووە، لە هیچ دۆخێکدا هەموو پێکهاتەکانی ئەو عێراقە هەستیان بە عێراقبوونی خۆیان نەکردووە. سەردەمانێک تەواوی شیعە لە عێراق پەراوێزخرابوون. جگە لە کورد، دواتر کورد رووبەڕووی جینۆساید بووەوە. قەرەبووکردنەوەی ئەو رابردووە و دروستکردنی پرۆسەی نیشتمانسازی، بەشێوەیەک کە هەمووان ئەو وڵاتە بە نیشتمانی خۆیان بزانن، پرۆسەیەکی درێژخایەنی زۆر ئاڵۆزە. تەنیا بەوە نابێت کە بڵێیت وەرە دەنگ بدە، یان لە بەغدا پۆستت هەیە. پێویستیی بە پرۆسەیەکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە هەناوەوە بۆ هۆنینەوە، تاوەکو هەموو هاووڵاتییەک هەست بە موڵکیەتی خۆی بکات لە بەشداری لە دۆخی باش و خۆشگوزەرانییەکەی، لە ماف و یەکسانی، لە ئازادیی رادەربڕین و لەوەی کە مافی مرۆڤی هەبێت وەک تەواوی دنیا. هەتا ئێستا لەو عێراقە وای لێنەهاتووە کە هەموو پێکهاتەیەک و هەموو تاکێکی ئەو عێراقە هەست بکات ئەمە نیشتمانی خۆیەتی. دەبێت پرۆسەی نیشتمانسازی وا بکات هەمووان شانازی بەو وڵاتەوە بکەن و بەرگری لێبکەن و خۆیانی بۆ بەخت بکەن. ئەوەش پرۆسەیەکە دەبێت حکومەتەکان بیکەن، سیاسەتمەداران بیکەن، ئەوانەی دەستوور جێبەجێ دەکەن، ئەوانەی دامەزراوەکانی وڵات بەهێز دەکەن، ئەوانەی دادپەروەری دێننە کایەوە، ئەوانەی یاسا سەروەر دەکەن، ئەوانەی گەندەڵی کەم دەکەنەوە و ئەوانەی وا دەکەن هاووڵاتی هەست بکات لە وڵاتێکدا سەرفرازە و داهاتووشی مسۆگەرە. نابێت فێڵ لەخۆمان بکەین و وا بزانین بە قسە و بە رازاندنەوە عێراق ئێستا هیی هەمووانە. دەبێت بیکەین بە هیی هەمووان، بەڵام هیچ دوو کەسێک جیاوازیی نییە لەسەر ئەوەی کە لە رابردوودا هیی هەمووان نەبووە و لە داهاتووشدا بە قسە نابێتە هیی هەمووان، بەڵکو دەبێت کاری بێوچانی بۆ بکەین لە ئاستی دامەزراوەیی، حوکمڕانی، یاسا و هەموو بوارەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ.
 
رووداو: لەم بابەتەدا پرسیاری دووەمم ئەوەیە کە کاتێک دەچینە ناو وردەکارییەکانەوە، شتێک دروست دەبێت کە پێیدەگوترێت متمانە. نەبوونی متمانە لەنێوان پێکهاتەکاندا لە عێراق چۆن دروست دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە هیی هەمووان؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: متمانە لە رێگەی دەوڵەت و یاساوە دروست دەبێت، لە رێگەی جێبەجێکردنی هەموو ئەو مافانەوە دەبێت کە تاکەکەس شایستەیەتی. کاتێک تۆ بە نیاز و ئیرادەوە، بە بڕیاری ئازایانە دەستوور جێبەجێ بکەیت، مافی هەمووان بە یەکسانی بدەیت، یاسا سەروەر بێت بەشێوەیەک هیچ هاووڵاتییەک هەست نەکات ئەو دەوڵەتە لە دژی کار دەکات، ئەوا کەشێک دروست دەبێت کە خەڵک متمانەی بەو دەسەڵاتە هەبێت. جا دەسەڵات بە مەبەستی یەکخستنی چەک بێت تەنیا بە دەستی دەوڵەت، خەڵک متمانەی بە دادگا و پۆلیس و بڕیارە داراییەکان و بڕیارەکانی یەکسانی و خۆشگوزەرانی هەبێت. هەموو ئەو بڕیارانە دەوڵەت دەریدەکات. کاتێک تۆ هەستت بەو یەکسانییە کرد، ئەو متمانەیە دروست دەبێت. لە ئێستادا کە کێشەمان هەیە و تەواوی ژیانی تاک، بە خزمەتگوزاری و مافەکان و ژیانی ئابووریی خێزانەوە، هەمووی بە سیاسی کراوە، ئەوەش وایکردووە کە هەموو پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی بە سیاسی بکرێت و کەلێنی نێوانیان فراوان بێت. ئەمە وایکردووە متمانە لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتداران دروست نەبێت. لەسەر ئاستی عێراقیش بە هەمان شێوەیە. یەکێک لە توێژینەوەکانمان کە لەم دیدارەشدا باسی دەکەین، لە شنگال بۆ نموونە یەکێک لەو کێشانەی کە وایکردووە خەڵک نەگەڕێتەوە و متمانەی بە حکومەتی خۆجێی و موسڵ یان بەغدا نەمێنێت، هۆکارەکەی ئەو کەلێنە گەورەیەیە، کە تاوەکو ئێستا میکانیزمێک دروست نەبووە بۆ بچووککردنەوەی.
 
رووداو: سەرباری رێککەوتنەکەش؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: سەرباری رێککەوتنەکەش، کاتێک خەڵک متمانەی هەبێت کە حکومەت لە خزمەتی ئەودایە و کار دەکات بۆ خۆشکردنی ژیانی رۆژانەی و وڵاتەکەیان ئاوەدان دەکاتەوە و خانوویان بۆ دروست دەکاتەوە، دواتر خزمەتگوزاری و پەروەردە و تەندروستییان بۆ دابین دەکات و خەڵک متمانەی هەبێت کە پارێزراویشە و بە سەلامەتی دەگەڕێتەوە، ئەوانە متمانە دروست دەکەن. کاتێک ئەو بێ ئومێدییە دروست بوو، جا لەوێدا ئێمە لە توێژینەوەکەشماندا پێشنیازی میکانیزمێکمان کردووە و تاقیمان کردووەتەوە، وامان کردووە کە نوێنەرانی شنگال لەگەڵ پارێزگاردا دابنیشن و باسی خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوە و خۆشکردنی ژیان بکەن، دوور لە سیاسەت. واتە جیابوونەوەی سیاسەت لە ژیانی رۆژانەی خەڵک مومکینە.
 
رووداو: وادەزانم پێشنیازی دەستەیەکی بەرپرسیشتان کردبوو لە توێژینەوەکەتان بۆ بابەتی شنگال. ئێستا دوو کێشە لە عێراقدا هەن کە رەنگە هۆکاری ئەم بێمتمانەییە بن؛ یەکێکیان گەندەڵییە و ئەوی دیکەیان گرووپی چەکدارە. ئایا لە دیداری مێریی ئەمساڵدا نەخشەڕێگەیەک بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی یان کەمکردنەوەی ئاستەکەی، لەگەڵ کۆکردنەوەی چەک و خستنە ژێر دەستی دەوڵەت، پێشان دەدرێت؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: بێگومان، ئەوە زۆر گرنگە چونکە ژیانی رۆژانەی خەڵکی پێوە بەندە و دواتریش چارەنووس و سەروەریی هەموو عێراقی پێوە بەندە. هەتا ئەو دوو هۆکارە چارەسەر نەکرێن، عێراق ناتوانێت ئەو سەروەری و متمانەیەی خۆی بگەڕێنێتەوە و ببێتە ئەندامێکی کاریگەر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. کۆمەڵێک پسپۆڕ و بیرمەندی توێژەری دەرەکی و ناوخۆییمان لە پانێلەکاندا داناوە. کۆمەڵێک دیپلۆماتکار هەن، بەڵام لەناو عێراقیشەوە کۆمەڵێک سەرکردە باسی ئەو بابەتانە دەکەن. هەر چوار پانێڵە کورتەکە لەگەڵ سەرکردەکان، لەسەر ئەو بابەتەیەن کە دەبێتە دەوڵەتسازی و دروستکردنەوەی بنەماکانی دەوڵەت لە هەموو عێراقدا.
 
رووداو: هەندێک جار لە کاتی گفتوگۆکان لە مێری بەڵێن وەردەگرن. ئایا لەم دوو رۆژەشدا دەتانەوێت دیسان بەڵێن لە هەندێک کەس وەربگرن؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: بەڵێن لە شوێنێکی ئاوادا مانابەخشە، چونکە دەبێتە ئەرشیفێکی بەهێز لەسەریان بۆ دواتر. چاویان بە چاو دەکەوێتەوە، خەڵک رووبەڕوویان دەبێتەوە و لە کاتی دەنگداندا حیسابیان بۆ دەکات. بۆیە پێدانی بەرچاوڕوونی و بەڵێندان لە دیدارێکی وەهادا زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە مێژوو لەسەریان. ئەوانەی کورتبینانە بیر دەکەنەوە و خۆیان ناخەنە بەر ئەو قسانە، دەبینیت خۆیان زەرەرمەندتر دەبن. بەڵام خەڵک بیرتیژە و زیاتر ئەو شتانەی لە بیر دەمێنێت، رووبەڕوویان دەکاتەوە و دەبێتە ئەرشیفێکی بەهێز.
 
رووداو: باسی دەنگدانتان کرد، لەبەرئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنداین. چاوەڕێ دەکەن ئەم دوو رۆژە گفتوگۆکان زۆر گەرم بن؟ هەروەها چۆن زاڵ دەبن بەسەر ئەوەی کە موزایەدەی سیاسی لە فۆڕومەکەدا نەکرێت؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: خۆی ئێمە نەماندەویست بیکەینە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن. دیدارەکانمان هەموو ساڵێک لە مانگی دەیە. کاتی خۆی کریستیان و جووەکانی کۆیە گلەیییان لە موسڵمانان دەکرد و دەیانگووت "ساڵی دوو جەژنتان هەیە و نازانین کەی دێتە سەر ئێمە". ئێمەش سیاسییەکانمان سیستمێکی حوکمڕانییان بۆ دروستکردووین کە لە چوار ساڵدا دوو هەڵبژاردنمان هەیە و نازانین کەی دەکەوێتە کاتی ئێمە. جا کاتێک بڕیاریان دا لەو کاتەدا بێت، ئێمە کەوتینە ناو بانگەشەوە و نەدەکرا زووتر یان درەنگتر بکرێت. بەڵام ئەوەی پێشتریش کردوومانە، ئەوەیە هەوڵدەدەین رێگری بکەین لەوەی سیاسەتمەدارەکان دیدارەکە بۆ بانگەشە بەکاربهێنن. ئێمە باسی دیدگا و ستراتیژ و سیاسەتی حوکمڕانی دەکەین و هەوڵدەدەین دووریان بخەینەوە لەوەی زۆر بچنە ناو بانگەشەی هەڵبژاردن. بەڵام تۆ لەگەڵ سیاسیدا قسە دەکەیت، هەر دەبێت باسی لایەنە ئەرێنییەکانی خۆی بکات و رەخنەش لە بەرامبەرەکەی بگرێت، بەڵام دەرفەت بە بەرامبەرەکەشی دەدەیت هەمان شت بکات. هەوڵدەدەین دیدارەکە دیدارێکی بابەتییانە بێت، زۆر باسی ئەولەویاتەکانی خەڵک بکات و ئەگەر وەعدێکیشمان لێوەرگرتن، لە دوای هەڵبژاردن سبەی رۆژ هەیە و بەروارەکان دەمێنن.
 
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم. با تۆزێک لە چوارچێوەی عێراق بچینە دەرەوە. عێراق دەڵێت من هاوسەنگیم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێوان هەموو لایەنەکاندا پاراستووە. تا کەی عێراق دەتوانێت ئەم هاوسەنگییە بپارێزێت؟ ئایا بە کردەوە هاوسەنگیی پاراستووە؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: خۆی دەرئەنجامی سیاسەتەکانیان دەریدەخات کە هاوسەنگییەکی باشیان پاراستووە. دەبینین ئێستا ئەمریکییەکان ئاسوودەن لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حکومەتەدا و کێشەی ئەوتۆیان لەسەری نییە، بەڵکو پشتیوانیشی دەکەن. ئێرانییەکانیش بەهەمان شێوە لەوانەیە هیچ کێشەیەکیان نەبێت. ئەو هاوسەنگییە لە وڵاتانی دیکەی دەوروبەریش رەنگیداوەتەوە. ئەو جۆرە هاوسەنگییە بەردەوام دەبێت هەتاوەکو حکومەتەکان بە ئیرادەی خۆیانەوە سەروەری بپارێزن؛ سەربەخۆیی عێراق و سەروەریی دەسەڵات، واتە بڕیاری خۆیان لە دەستی خۆیان بێت. هەر کاتێک شتێک بکەن کە بۆ عێراق باش بێت و عێراق ئەولەویەت بێت، هەر کاتێک لە ئەجێندای حوکمڕانەکانی بەغدادا سیاسەتەکانیان خزمەتکردنی عێراق و خەڵکەکەی بێت بە پلەی یەک و کەمترین کاریگەریی دەرەکییان لەسەر بێت، دەتوانن ئەو هاوسەنگییە بپارێزن. بەڵام هەر لایەنێک گیرۆدەی لایەنێکی دیکە بێت و بکەوێتە ژێر ئەجێندای دەرەکی، بێگومان ناتوانێت هاوسەنگ بێت.
 
رووداو: باشە. ئێستا با تۆزێک لە عێراق دوور بکەوینەوە و بچینە سەر دەوروبەرەکەی، وەک خۆتان باستان کرد، بۆ نموونە سووریای نوێ. ساڵی رابردووش قسەتان لەبارەی داهاتووی سووریا کردبوو، بەڵام ئێستا رەنگە دوو گۆڕانکاری گەورە رووی دابێت و هەڵبژاردنێکیشیان کردووە. ئێوە مافی کورد لە سووریای نوێدا چۆن دەبینن؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: لەبارەی سووریاوە، وامان پێ باشە کە لە ناوخۆ و دەرەوەش هەوڵ بدرێت نێوەندگیرییەک بکرێت و دیالۆگ لەنێوان دیمەشق و رۆژئاوا هەبێت. دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ نزیککردنەوەیان لە بیروڕا، لە خوارەوە بۆ سەرەوە و لە سەرەوە بۆ خوارەوە. ئەمە کەشێک دەڕەخسێنێت کە دوور لە چەک بتوانن داهاتوو دیاری بکەن، هەر وەک چۆن ئێمە لە عێراقدا کردمان. لە دیداری مێریدا هەموو لایەنەکانمان بانگهێشت کردووە؛ لە رۆژئاوا و لە دیمەشقیشەوە خەڵکی زۆر نزیک لە دەسەڵات، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی بدەنە یەکتر و لە یەکتر تێبگەن و متمانەیەکیش لەنێوانیان دروست بکەین. بێگومان هێزە کاریگەرە دەرەکییەکانیش کە دەستیان لەناو سووریادایە و وەک عێراقی جارانیان لێکردووە، دەبێت ئەوانیش هاوکار بن بۆ دروستبوونی سەقامگیری. لەوێشدا ئێمە هەوڵ دەدەین دیالۆگ دروست بکەین و نێوەندگیری بکەین. دەبێت دوور لە چاوی کامێراکان بتوانن پێکەوە رێکبکەون لەسەر ئەوەی چی باشترین شتە بۆ سووریا. سووریا لە ناوخۆدا کێشەی پەرتەوازەیی هەیە و لە دەرەوەش هێزە ئیقلیمی و جیهانییەکان ململانێ دەکەن. زەمینەیان ساز نەکردووە و رێگەیان نەداوە خەڵکی سووریا بە شێوەیەکی سوریانە بیر بکاتەوە و کێشەکانی چارەسەر بکات. بەڵام کەشێکی ئەرێنیش هەیە کە تاوەکو ئێستا هەموویان خۆڕاگر بوون لەوەی پێکدادان کەم ببێتەوە و روو لەوە بکەن کە بە رێگەی سیاسی کێشەکان چارەسەر بکەن. لەوێشدا ئێمە وەک هەرێمی کوردستان و باقیی عێراقیش، دراوسێیەکی زۆر گرنگین بۆیان و کاریگەریمان زۆرە لەسەر ئەوەی ئایا کەشێکی باشتریان بۆ بڕەخسێنین و هانیان بدەین بۆ سەرفرازی و سەرکەوتن، یان ببین بە بەشێک لە کێشە و دوورەپەرێز بین. بۆیە ئەمڕۆ ئەرکێکی سیاسی، ئەخلاقی و نەتەوەیی لەسەر شانمانە کە ئەو بەشە ئازادەی رۆژئاوای سووریا لەگەڵ دیمەشق کە تازە ئازاد بووە، وا بکەین رێکبکەون و بگەنە ئاستێک کە بۆ هەمیشە لە دەستوورێکی هەمیشەییدا مافەکانیان بچەسپێنرێت.
 
رووداو: زۆر باشە. هەنگاوێکی تر بچینە ئەولا، پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە کە پرۆسەی ئاشتی ئێستا دەستی پێکردووەتەوە. لە ساڵی رابردووەوە بەدواداچوونەکان دەرکەوتوون، ئێستاش لەسەر ئاستی پەرلەمان هەیە، گفتوگۆ کراوە و پاکێجەکە بڕیاری لێدراوە. پرسیارەکەم ئەوەیە کە مێری ئەمساڵ دەیەوێت چ نەخشەڕێگەیەک بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەی ئاشتییە دابڕێژێت؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، یەکەم، بزانین پرۆسەکە گەیشتووەتە چ ئاستێک؟ بۆچی وەستاوە؟ بەربەستەکانی بەردەمی چین، چ لە دیوی تورکیا و چ لە دیوی کوردەوە. ئەمانە کاری ئاسان نین و بە ئاسانی ناسڕێنەوە ئەگەر بەردەوام دیالۆگ و هاندان نەبێت. ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان، رۆڵمان هەیە و خاوەن پێگەین لەو بابەتەدا، لەبەرئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەریی یەکجار راستەوخۆی لەسەر ئێمە هەیە؛ لەسەر ژیانمان، ئابووریمان و تەنانەت لایەنی ئەمنیمان. هاوکات دەتوانین هاوکاریشیان بین لەوەی زەمینەسازی بکەین، هاندەر بین و رێخۆشکەر بین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو ئاقارێکی باش و سەرکەوتن بڕوات. جا ئەگەر بەرچاوڕوونیمان لە دیوی تورکیاوە نەبێت، ئێمەش ناتوانین بزانین چۆن هاوکار بین. لە هەمان کاتدا، ئەوەی لە تورکیا دەگوزەرێت، جگە لە ئێمە، لە رۆژئاواش رۆڵی زۆرە. دەتوانێت ببێتە پرۆسەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو ناوچەکە، کە بەستراوەتەوە بەوەی لە تورکیا چی روودەدات. ئەگەر بیرت بێت، کاتێک پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2015 هەبوو، تەواوی ناوچەکە ئارامیی بەخۆیەوە بینیبوو. کاتێک ئەو پرۆسەیە نەما، تەواوی ناوچەکە کەوتە ناو شەڕ و پێکدادان. ئەمڕۆ کە دۆخێکی باشتر دروست بووە و ئومێدێک هەیە پرۆسەیەکی ئاشتی بێتە کایەوە، تەواوی دەروونی خەڵک و کەشی سیاسی گۆڕاوە. بۆیە دەبێت هەموومان هاندەر بین. بۆ ئەو مەبەستەش، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە تورکیاوە دێت و قسەی هەیە و بەرچاوڕوونیمان دەداتێ سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ئەنقەرە و ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەرەو کوێ دەڕوات، تاوەکو لە خۆیەوە بیبیستین.
 
رووداو: لە پانێڵی ئێراندا باسی گۆڕینی پارادایمی ئەمنی بۆ ئابووری دەکەن. لە کاتێکدا کە گرووپە چەکدارەکان لە نزیک ئێران هێشتا ماون، ئایا ئەم گۆڕینە قورس نابێت؟ نەخشەڕێگەی ئێوە بۆ ئێران چییە؟
 
د. دلاوەر عەلائەدین: گواستنەوەی دۆخی سەربازیی ئەمڕۆی ناوچەکە بۆ دۆخێکی نوێی خۆشگوزەرانی و ئابووری، کە تێیدا ئابووری ببێتە ئەولەویەت، شتێکی حەتمییە و دەبێت رووبدات. هەتا ئەوە روونەدات، ئێمە هەر لە نەهامەتی و شەڕ و پێکداداندا دەژین. ئێران بۆ خۆشی، ئەگەر سەیری سیاسەتی گشتیی 40 ساڵی رابردووی بکەیت، زیاتر خەمی مەترسی لەسەر رژێم و مانەوە و بڵاوبوونەوەی نفوزی بووە. ئەوەش لەسەر حیسابی ئابووریی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی بووە. لە هەمان کاتدا ئێمە لە عێراق و لوبنان و سووریا و شوێنەکانی تریش تووشی هەمان دیاردە بووینەتەوە. بەڵام حەتمییە لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی ئەو گەلانە بحەسێنەوە و ناوچەکە خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە ببینێت و خێر لەخۆی ببینێت، دەبێت بەرەو ئەو دۆخە ئاساییە بچین کە واز لە بابەتی ئەمنی و ئەولەویەتی ئەمنی، سیاسی و سەربازی بهێنین و روو لە ئابووری بکەین. ئەو ئەنجامەش بە خۆی نایەتە کایەوە ئەگەر دیالۆگ و باسکردن و قسەکردنی راشکاوانە نەبێت. دەوڵەتێکی وەک ئێران و ئەو هێز و لایەنانەی بە وەکالەت کاری بۆ دەکەن، بە بێ دڵنیاکردنەوە و لەخۆگرتن و رازیبوون بە قۆناغی گواستنەوە، نایەنە ژێربار و دەستبەردار نابن. بۆیە دەبێت لەبەرچاومان بێت، دەبێت کەشێک دروست بکەین کە دیالۆگ زاڵ بێت، تاوەکو ئێران هەست بە مەترسی لەسەر خۆی نەکات لە گۆڕینی سیاسەتەکەیدا. تورکیا بە هەمان شێوە و وڵاتانی دەوروبەریشمان، ئینجا بەغدا و هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە