رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تورکیای ناچار کردووە، جارێکی دیکە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتە بێنێتەوە بەرباس، هەروەها دەڵێت ئەوان وەکو دەمپارتی زیاتر لە 3000 کۆبوونەوەیان کردووە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە هەڤپەیڤێنێکدا کە د. دلاوەرعەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیداری مێری لەگەڵیدا کرد، باسی لەوە کرد، گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، لە شەڕی غەززەوە تاوەلو ململانێی رێڕەوەکانی وزە، دەوڵەتی تورکیای ناچار بە هەنگاونان کردووە.
هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوەدا، لایەنی کوردی هەنگاوی بەرجەستەی وەک 'چەکسووتاندن'ـی ناوە، بەڵام لەبەرامبەردا دەوڵەت هێشتا لە قۆناخی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی و گفتوگۆدایە و هەنگاوی یاسایی نەناوە، ئەمەش بووەتەهۆی دروستبوونی بێمتمانەیی.
هاوسەرۆکی دەم پارتی بە گوتەی "ئەوەی بە شیر دەمی سووتاوە، بە فووکردنەوە ماست دەخوات"، ئاماژە بە ئەزموونی تاڵی شکستی پرۆسەی پێشوو دەکات و جەخت دەکاتەوە کە تاکە گەرەنتی بۆ سەرکەوتنی ئەمجارە، ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و زیندانییانی سیاسی وەک سەلاحەدین دەمیرتاشە، چونکە بەبێ هەنگاوی کرداری، مەترسیی ئەوە هەیە ئەم پرۆسەیەش وەک ئەوەی 2015 ببێتە یارییەکی هەڵبژاردن و جارێکی دیکە لە چوارگۆشەی یەکەمدا کۆتایی پێبێت.
دەقی قسەکانی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی (دەم پارتی) لە دیداری مێری:
مێری: بۆ ئێمە زۆر گرنگە رەوشی ناو تورکیا، سیاسەتی تورکیا سەبارەت بە ئێمە بزانین. رۆژێک لە رۆژان کاتی پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی 2013 و 2014 کە تاوەکو 2015 بەردەوام بوو، کەشێکی پۆزەتیڤی جوان و خۆش لەم ناوە دروستبوو. خەڵک بە جۆش و خرۆش بوو. دەروونیان ئاسوودە بوو، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ تورکیا بەهێز بوو. خەڵک تورکیای بە دەروازەیەکی گەورە دەبینی بۆ جیهان. کاتێک شەڕ دەستیپێکردەوە، نەهامەتی بۆ هەموو لایەک هات. ئێمە لە دیوی عێراق و ئێوەش لە دیوی تورکیا زۆر زەرەرمەند بوون. لە هەموو وڵاتانی چواردەورمان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دینامیکییەتەکان گۆڕدرا. من و تۆ دوایین جار یەکدیمان بینی لە فڕۆکەخانەی هەولێر بوو. بەڕێزتان تازە هاتبوویت و لەگەڵ 10-12 سەرکردەی دەم پارتی لە سلێمانییەوە دەگەڕانەوە دوای ئەوەی بوونە شایەتحاڵی سووتاندنی چەکی 30 کەس. وەک دەستپێشخەرییەکی سیمبوولی. دیارە پرۆسەی ئاشتی یان شتێک بەناوی ئاشتیی دەستیپێکردووە. ئێوە زۆر گەشبین بوون. دڵتان زۆر خۆش بوو. بەڕێزتان لە مانگی شوبات بوو یەکێک لەو کەسانە بوویت چوویتە ئیمراڵی و سەرۆک عەبدوڵڵا ئۆجەلانت بینی. لەو چەند رۆژەی دواییدا سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغانت بینی. تۆ باشترین کەسی پێمان بڵێیت، ئێستا لە تورکیا چی دەگوزەرێت؟ ئەو پرۆسەیە چییە بۆمان باس بکە؟ لە کوێی پرۆسەکەداین؟ پرۆسەی ئاشتی لەناو تورکیا لە چ قۆناخێکە؟
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری: ئەم چالاکییەی مێری زۆر گرنگە؛ لە رووی تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تەواوی جوگرافیای کوردستان، جوگرافیای عەرەبی و جوگرافیای هەموو گەلانەوە. ئەو دیدارەی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، فۆڕمێکە بۆ بیروبۆچوونی جیاواز، هزری جیاواز و هەڵسەنگاندنی ستراتیژیی جیاواز زۆر گرنگە. من جارێکی دیکە بەناوی پارتەکەمەوە سوپاستان دەکەم بۆ بانگهێشتکردنەکەتان.
بێگومان ئەو بابەتانەی باستان کردن، بابەتی زۆر گرنگن. ئێوەش ئاماژەتان پێدا، لە تورکیا پرسی کورد کێشەیەکی 100 ساڵەیە. لەو رۆژەوەی کۆماری تورکیا دامەزراوە تاوەکو ئەمڕۆ پرسی کورد وەک کێشەیەکی جیدی، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم دیموکراتیزەبوونی تورکیا.
هەموو ئەوانەی لەم هۆڵەدان بە باشی دەزانن کە 100 ساڵ لەمەوبەر، زیاتر لە 100 ساڵە، بە سایکس بیکۆ سنوورەکان بە زۆر کێشراون. برا کوردەکان بە سنوورێک لە یەکدی جیاکراونەتەوە. وەک شاعیر دەڵێت، مریشکەکانیان تێکەڵاوی یەکدی دەبن، لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا ئەمدیو و ئەودیوی تەلەکان، واتە ئەمدیو و ئەودیوی سنوور، پێکەوە هەڵدەپەڕن. ئێستا واقیعێکی ئاوا و راستییەکی ئاوا هەیە. بۆیە پرۆسەی ئاشتی و پێشهاتەکان لە تورکیا بۆ جوگرافیای چوار پارچەی کوردستان و بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر گرنگن.
ئێستا وەک لە پرسیارەکەتاندا ئاماژەتان پێدا، لە رابردووشدا ئەزموونی گرنگی دەستپێشخەریی ئاشتی لە تورکیا هەبوون. لە ساڵانی 2013-2015 پرۆسەیەک هەبوو کە ئێمەی زۆر هیوادار کرد، تەواوی کۆمەڵگەی تورکیا، نەک تەنیا گەلی کورد، بەڵکو تورکەکان، عەرەبەکان و هەموو هاووڵاتییە جیاوازەکانی ورووژاند. بەڵام بەداخەوە زۆر بە خراپی کۆتایی هات. زۆر زۆر بە خراپی کۆتایی هات. رووداوەکانی 6-8ی ئۆکتۆبەر روویاندا. دوای ئەوەش هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، هاوسەرۆکانی ئێمە، فیگەن یوکسەکداغی ئازیز و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئێستا لە زینداندان. 9 ساڵە لە زینداندان.
لەم قۆناخەی پێیگەیشتووین، وەک دەزانن لە 27ی شوباتدا، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە بانگەوازێکی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی راگەیاند. لەو بانگەوازەیدا ئەمەی گوت: 'دیموکراتیزەکردن لە چوارچێوەی سنووری ئەو وڵاتانەی گەلی کوردیان تێدا دەژی، دروستبوونی تێگەیشتنێکی مرۆڤایەتی بۆ بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی ئاشتییانە و برایانە، هەروەها داننان بە ماف، یاسا و ناسنامەی گەلی کورد لە تورکیا و لە هەموو ئەو جوگرافیایانەی تێیدا دەژی. بە گرنگییەوە داوای ئەمەی کرد. دوای ئەوە، پەکەکە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی بەست.'
راستەوخۆ دوای ئەوە، وەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا، لە فڕۆکەخانەی هەولێر یەکدیمان بینی. ئێمە لە سلێمانی بەشداریمان لە رێوڕەسمی چەک سووتاندنی پەکەکەدا کرد و شایەتحاڵییەکی مێژوویی بوو. چونکە چەک سووتاندن واتە لە دڵەوە ویستنی ئاشتی. کاتێک چەک لەژێر خاکدا دەشارنەوە، دەتوانن جارێکی دیکە لەو خاکە دەریبهێننەوە و دووبارە چەکەکان بکەونەوە کار. بەڵام چەک سووتاندن ئەوە دەردەخات کە لەم بابەتەدا چەندە بڕیاریان یەکلاکەرەوەیە و چەندە لەسەر ئاشتی پێداگرن. بەم رێوڕەسمە سیمبولییە، بەڵام لەم رێوڕەسمەدا پەیامێکی زۆر گرنگ هەبوو.
بەم دەستپێشخەرییە داوای دەرکردنی یاسایەکی تایبەتیان لە تورکیا کرد کە پەیوەندیی بە پرسی کورد و گەلی کوردەوە هەبێت و لە هەمان کاتدا پرۆسەی چەکدانان و بێچەککردنی پەکەکە خێراتر بکات. واتە کردنەوەی بواری خەباتی یاسایی و دیموکراسیی بۆ خەڵک. بێگومان چاوەڕێی ئەمانەین، چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکین.
باشە، لە تورکیا چی روویدا؟ پەکەکە، لایەنی کوردی و بەڕێز ئۆجەلان لە هەندێک بابەتی دیاریکراودا هەنگاوی بەرجەستەیان نا. ئەی دەوڵەتی تورکیا چی کرد؟ با کەمێک باس لەوە بکەم و کۆتایی پێبێنم. لە پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگ نرا، کە ئێمە و بەڕێز ئۆجەلانیش داوامان کردبوو، ئەویش پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک بوو. ئەم کۆمیسیۆنە ئەمڕۆ 14ـەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات و لەژێر چەتری پەرلەماندا، گوێی لە هەموو ئەو لایەنانە گرتووە کە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کوردن لە تورکیا و لە پرۆسەکانی شەڕ و پێکدادان زیانیان بەرکەوتووە. ئێمە ئەم گوێگرتنە بە زۆر گرنگ دەزانین، چونکە قسەکردن لەسەر کێشەکان، قسەکردن لەسەر مێژووەکەی، تۆمارکردنی ئەو کێشانە و رووبەڕووبوونەوەی هەردوولا لەگەڵ رووداوەکاندا، زۆر گرنگ و بەنرخە، بەڵام گوتمان ئەمە بەس نییە.
پەرلەمانی تورکیا لە 1ی ئۆکتۆبەر کرایەوە و دوێنێ یەکەم کۆبوونەوەی فراکسیۆنمان کرد. من دەمویست دوێنێ بێم و گوێ لە هەموو کۆبوونەوەکانتان بگرم، بەڵام بەهۆی کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەمانەوە نەمتوانی بێم، ئەمڕۆ هاتم. وەک دەزانن، دوێنێش لە تورکیا ژنانی کورد رێکخستنێکی زۆر بەهێزیان هەیە. نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە رۆژئاوا، عێراق و کوردستانی ئێران، ژنانی کورد رێکخستنێکیان هەیە کە لە ئاستێکی گرنگدا بووەتە مۆدێل بۆ ناوچەکە. رێکخراوی ژنانی کورد 'تەژا' رێپێوانێکی کرد، کە لە 1ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد و لە 7ی ئۆکتۆبەر لە پەرلەمان کۆتایی هات. دوێنێش لە پەرلەمان لەگەڵیان بووین.
پەیامی سەرەکی ئەمەیە، راستە کۆمیسیۆن هەندێک هەنگاوی ناوە، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەنراوە. بۆ نموونە، لە تورکیا چاوەڕوانیی چەندین یاسا دەکرێت. ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەک دادەنێن چی دەکەن و چۆن بەشداریی سیاسەتی دیموکراسیی دەکەن؟ چۆن رێگەیان بۆ دەکرێتەوە؟ لەمبارەیەوە چاوەڕوانییەکی زۆر جیدی هەیە. چاوەڕوانیی دووەم، مافی هیوای بەڕێز ئۆجەلانە. لەمبارەیەوە لە 17ی ئۆکتۆبەر بڕیارێکی کۆنگرەی ئەورووپا، پەرلەمانی ئەورووپا هەیە سەبارەت بە جێبەجێکردنی مافی هیوا. واتە ئەو کەسانەی 25 ساڵ لە زینداندا ماونەتەوە، بە ئازادیی خۆیان بگەن.
ئێمە پێمانوایە بەڕێز ئۆجەلان دەتوانێت لە چوار پارچەی کوردستاندا بۆ ئاشتی و دیموکراسی کار بکات. خۆیشی بە پێداگرییەوە ئەمە دەڵێت. وەک ئەکتەرێکی سەرەکی، دیدگایەکی زۆر گرنگیشی بۆ دیموکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خستووەتەڕوو. رەنگە دواتر قسەی لەسەر بکەین، رەنگە کاتێک باسی رۆژئاوا دەکەین، ئاماژەیەکی پێبدەین. بەم مانایە، کردنەوەی بوارێک بۆی تاوەکو بتوانێت ئازادانەتر بژی و ئازادانە لەگەڵ هەموواندا دیالۆگ بکات.
کێشەی زیندانەکان، رەنگە ئەوانەی لێرە گوێیان لێدەبێت سەرسام بن، بەڵام نزیکەی 7 هەزار بۆ 8 هەزار زیندانیی سیاسی لە تورکیا هەن. ئەمە ژمارەیەکی زۆر گەورەیە. ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەڤانی زیندانیکراو هەن. ژمارەیەکی زۆر گەورەیە. لەمبارەیەوە پێویستە بە زووترین کات رێکخستنێکی یاسایی دەستپێبکات کە تێیدا هەم سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغەکان ئازاد بن و هەم هەموو زیندانییە سیاسییەکان. ئەگەر لەم بابەتانەدا هەنگاو بنرێت، ئێمە باوەڕمان وایە ئەم هەنگاوە لەوەی ساڵی 2015 ناچێت و هیوادارین بەڕاستی بە ئاشتی تاجی سەری بنرێت.
مێری: باسی پێشکەوتن و نیازپاکی هەردوولات کرد. هەردوولا نیازیان هەیە پرۆسەکە سەربکەوێت. خەڵکی ئێرە زۆر دڵیان بەوە خۆشە. بەڵام ئەوەی دەیبیستین ئێستا دیارە پرۆسەکە کێشەی لەبەردەمە. دیارە پێشکەوتن سەخت بووە. لە پەکەکە دەپرسیت دەڵێت تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیایە، ئێمە بەشی خۆمان کردووە بەڵام دەبێ تورکیا هەنگاوی جدی بنێت چونکە ئیمکاناتی دەوڵەتی هەیە. لایەنە بەهێزەکەیە و دەبێ یاسا دەربکات و لێبووردنی گشتیی رابگەیێنێت و تواناکانی دەوڵەت بخاتەڕوو. ئێستاش لەناو تورکیا پرۆسەکە لەناو ئاستی سیاسی و هەواڵگریدایە و هەندێک شت لە پەرلەمان کراوە. بەڵام دامەزراوەکانی دەوڵەت تەنانەت لەناو دیپلۆماتکاران پرۆسەکە بەمجۆرە نییە. سیاسەت نەگۆڕاوە، کەواتە لە دیوی پەکەکە، لە دیوی کوردی دەڵێن تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەوڵەتی تورکیادایە. بەڵام دەوڵەتی تورکیاش دەڵێت پەکەکە جیدی نییە نایانەوێ متمانە دروست ببێت. هەنگاوەکان بە تەنیا سیمبوولین، شتێکی وایان نەکردووە کە متمانەی پێ بکەین بۆ ئەوەی پرۆسەکە خێراتر بەرەو پێش بکەوێت. دەرەنجام پرۆسەکە سستە و خەڵکی ئۆقرە ناگرێت، چونکە شتی گەورە لەپێشمانە و دەبێت ئەنجام بدرێت. بەڕێزتان چۆن دەیبینن؟
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری: راستە کە خەڵک چاوەڕێی هەنگاوی خێراتر دەکات. ئێمە وەک دەم پارتی لە تورکیا، ئەم پرۆسەیە لە 1ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد. لە 1ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، پێموایە نزیکەی 3000 کۆبوونەوە و دیداری جەماوەریمان کردووە. گفتوگۆی زۆر جیددیمان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هێزە دیموکراتییەکان، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان، پارتی دەسەڵاتدار، ئاکپارتی، واتە هەم پارتی ئەردۆغان و هەم پارتی باخچەلی، مەهەپە کردووە، ئەو بابەتانەی ئێوە باستان کردن، لەگەڵیاندا گفتوگۆیان لەسەر دەکەین. ئەم گفتوگۆیە هەم لە پەرلەمان، هەم لەنێوان دەوڵەت و بەڕێز ئۆجەلان لە ئیمراڵی و هەم لەنێوان دەوڵەت و پەکەکەدا بەردەوامە.
بێگومان گەلی کورد و هێزە دیموکراتییەکانی تورکیا تێڕوانینێکی لەم شێوەیەیان هەیە. ئەزموونی 2013-2015 ئەزموونێکی خراپ بوو و بەداخەوە ئەزموونە خراپەکانی مێژوو ئاسەوار جێدەهێڵن. بۆیە قسەیەکی باو هەیە، دەڵێت، "ئەوەی بە شیر دەمی سووتاوە، بە فووکردنەوە ماست دەخوات." سەرەڕای ئەوەی ماست ساردە، بەڵام دوودڵیی ئەوەی 'ئایا جارێکی دیکە زمانم دەسووتێنێت؟' هەیە.
بێگومان، دوودڵییەکی لەو شێوەیە لەنێو کۆمەڵگەدا هەیە. لە راپرسییەکانی ئێستا لە تورکیا نزیکەی 75% بۆ 80% پشتیوانی بۆ پرۆسەکە هەیە. ئەمە ژمارەیەکی زۆر گەورەیە. بەڵام متمانە بە هەنگاونانی بەرجەستەی دەوڵەت، پەیوەستە بەو هەنگاوە بەرجەستانەی کە دەینێت. هەموو کەسێک وا دەڵێت. هەموو ئەو پارتە ئۆپۆزیسیۆنانەی پشتیوانیی پرۆسەکە دەکەن، لە سەرووی هەموویانەوە گەلی کورد. ئێمە لەگەڵ پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە پارتی بەڕێز ئۆزگور ئۆزەلە، کاری چڕ دەکەین. ئێمە کۆبوونەوەی زۆر چڕ دەکەین.
ئێمە ئەم پرۆسەیە تەنیا لەگەڵ پارتەکانی دەسەڵاتدا بەڕێوەنابەین. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار، حکومەت، دەوڵەت و پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، واتە ئەو بەشانەی ئۆپۆزیسیۆنن و پارت نین، بە شێوەیەکی زۆر چڕ بەڕێوەدەبەین. وەک باست کرد، بێگومان لاوازیی متمانە هەیە. دوێنێ من لە گوتارەکەمدا لە پەرلەمان ئاماژەم پێدا. کۆمەڵگە بە هەموو هەست و سۆزییەوە باوەشی بە ئاشتیدا کردووە و دەیەوێت ئەم ئاشتییە بێتەدی. بەڵام متمانە لاوازە، چونکە هەنگاوی بەرجەستە نانرێت.
بۆ نموونە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، پێموایە زۆربەی هاوڕێیانمان لەم هۆڵەدا چاودێریی دۆسیەکەی دەکەن. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ سێیەم جار بڕیاریدا کە دەبێت ئازاد بکرێت و ئەمڕۆ دوایین رۆژ بوو بۆ ئەوەی تورکیا تانە لە دوایین بڕیاری دادگەکە بدات. دوێنێ شەو تانەیان لێدا. لە برۆکسل، لە ستراسبۆرگ. دوێنێ لە ستراسبۆرگ تانەیان لەمە دا. ئێستا ئەمە دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە لەنێو کۆمەڵگەدا. بۆ نموونە، ئەگەر دوێنێ سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرایە، ئەگەر فیگەن یوکسەکداغی هاوسەرۆکمان و هاوڕێ زیندانیکراوەکانی دیکە لە دۆسیەی کۆبانێ ئازاد بکرانایە، متمانەی کۆمەڵگە زیاد دەبوو. ئەمانە زیان بە متمانە دەگەیێنن.
بۆ نموونە، جێبەجێکردنی 'مافی هیوا' بۆ بەڕێز ئۆجەلان. یان لە زیندانەکاندا زیندانیی نەخۆش هەن. لە تورکیا ئەمەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە. زیندانییە نەخۆشەکان ناتوانن پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن. ئازادکردنیان، بۆ نموونە، هەنگاوێکی بەرجەستە و گرنگە. بەڵام گرنگترین هەنگاو یاساکانن. واتە، پێویستە لە تورکیا گۆڕانکاریی جدی لە یاسا کارپێکراوەکاندا بکرێت. چی بکرێت؟ کەمێک لەمەوبەر باسم کرد بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە. یاسای تایبەت، مافی هیوا، واتە ئازادکردنی ئۆجەلان. یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەمانە یاساکانی تورکیان، ئەو گۆڕانکارییانەی لێرەدا دەکرێن، پێشهاتێکن کە بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری دەکەن لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا.
بۆیە، لەبارەی پرسی متمانە و بێمتمانەییەوە، دەتوانم بڵێم، ئێمە وەک دەم پارتی، لە گەشبینییەکی بە ئاگاداین. دەتوانین هەڵوێستی خۆمان وەک گەشبینییەکی بە ئاگا روونبکەینەوە، چونکە چاوەڕێی نانی هەنگاوی بەرجەستەین.
مێری: باسی دەم پارتیت کرد کە پشکی شێری رۆڵەکانی بەرکەوتووە، رەنگە لە ئاکپارتی زیاتریش کار لەسەر ئەوە بکات و خەمخۆرە. ئاکپارتیش لەم پرۆسەیەدا لەگەڵ مەهەپە هاوبەشە و جەهەپەش نازانین لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە و رۆڵی چییە؟ بەڵام دەمەوێ بزانم ئەم 4-5 پارتە سەرەکییە رۆڵییان چییە و چەند بە گوڕەوە لەگەڵ ئەم پرۆسەیەن و دەیانەوێت پرۆسەکە سەربخەن؟ وەکو چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ داهاتوو. ئایا پرۆسەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستە هەمووان بڵێن بەڵێ ئەمە کاری لەپێشینەیە و دەبێ سەری بخەین؟
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری: بێگومان، رەنگە پێویست بێت لەمەوە دەستپێبکەین. پێش ئەوەی بێمە سەر وەڵامی پرسیارەکەت، دەمەوێت باس لە هەندێک پێشهات و خاڵی سەرەکی بکەم کە رەنگە لە تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لە عێراق و سووریا، هەموو ناوەندە سیاسییەکان، ئەکادیمییەکان و کۆمەڵناسەکان زیاتر لەسەری بوەستن و شیکاریی بۆ بکەن.
ئەمڕۆ لە تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد. بۆچی ئەم پرۆسەیە دەستیپێکرد؟ چونکە پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تورکیایان ناچار بە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی کردووە. ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییانە چین؟ لە ساڵی 2010 بەهاری عەرەبی لە ناوچەکە دەستیپێکرد. لە ساڵی 2011 شەڕی سووریا دەستیپێکرد. لە دوایین پێشهاتدا، رژێمی دیمەشق گۆڕا و هاوسەنگییەکان لە سووریا بە تەواوی گۆڕدران. ئایا تەنیا ئەمەیە؟ نەخێر. بەتایبەتی داگیرکاریی غەززە کە لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردەوە، لەگەڵ داگیرکردنی فەلەستین و غەززە، ئێستا لە قۆناخێکداین کە ئیسرائیل دەستی بە دروستکردنی هەژموونێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا کردووە. ئەمەمان لە دەستوەردانەکانی لە یەمەن لە رێگەی حوسییەکانەوە و لە لوبنان لە رێگەی حیزبوڵڵاوە بینی. پێشتریش لە ئێران چەندین رووداوی تیرۆرکردن روویاندابوو، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا، شەڕێکی گەرم لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا روویدا.
دەمەوێت بەتایبەتی هەستی خۆم سەبارەت بەم شەڕە دەرببڕم. شەڕێکی زۆر نیگەرانکەرە، چونکە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تێیدا بەرز بوو. تەنانەت باس لە تەقاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیش کرا. ئەم شەڕە لە رووی ناوچەیی و جیهانییەوە، زەنگی مەترسیی گەورەتری لێدا لەچاو شەڕی یەکەم و دووەمی جیهان، چونکە ئێستا چەکی ئەتۆمی لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە و بەردەوام پەرەی پێدەدرێت. رەنگە ئەمە یەکێک بێت لەو بابەتانەی کە پێویستە ئێمە، بەتایبەتی دامەزراوەکانی وەک هی ئێوە و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە کە دەزانم لێرە ژمارەیەکی زۆریان ئامادەن، زۆرترین کاری لەسەر بکەین. جیهان رووبەڕووی مەترسییەکی ئەتۆمی بووەتەوە.
ئێستا، با بگەڕێمەوە سەر بابەتە سەرەکییەکەمان. ئەگەر بیری دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی ستراتیژی بەم ئاراستەیەدا کاری کردبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ئەوا گرنگترین هۆکار ئەو پێشهاتانەیە کە کەمێک لەمەوبەر باسم کردن. بەشێک لە تورکیا درکیان بەوە کردووە کە پێویستە لەگەڵ هاووڵاتییە کوردەکانی خۆیدا ئاشت ببێتەوە. بەڵام ئایا ئەم بەشە لەنێو دەوڵەتدا بە ئەندازەی پێویست کاریگەرە؟ ئایا ئەم پێشهاتە ئەنجامێکی دەبێت؟ ئەوە نازانین و ناتوانین پێشبینیی بکەین. وەک ئێوەش گوتتان، چاوەڕێ دەکەین.
ئاشتی لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکێشی هیچ کەس ناکرێت. لەمبارەیەوە ئەرکێکی زۆر دەکەوێتە سەر شانی دەم پارتی و هەموو ئەو لایەنانەی خوازیاری ئاشتین. بەڵام دەوڵەتی تورکیاش لەم قۆناخەدا، بەتایبەتی پێشهاتەکانی ئیسرائیل، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، باس لە پرۆژەیەکی 'ئیمێک' دەکرێت. واتە، ئێستا لەسەر ئاستی جیهان شەڕی رێڕەوە نوێیەکانی وزە هەیە و هەموو ئەم مشتومڕانە لە رووی ستراتیژییەوە لە کوێ روودەدەن؟ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا. بۆ نموونە، پرۆژەیەکی رێڕەوی وزە هەیە کە لە هیندستانەوە بۆ ئەورووپا درێژ دەبێتەوە و دژی پرۆژەی 'یەک پشتێنە و یەک رێگە'ی چین پەرەی پێدراوە. تورکیا لەم پرۆژەیەدا نییە و لە دەرەوەی ماوەتەوە. بۆیە، بیری ستراتیژی و بیری دەوڵەت لە تورکیا بەم شێوەیە کاردەکات: "دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکەم و خۆم بەهێز بکەم."
ئێمە هاووڵاتیی تورکیاین و لە سەرەتاوە هەمیشە گوتوومانە، وڵاتێک ئەگەر لەگەڵ گەلەکەیدا ئاشت بێت، بەهێز دەبێت. ئەمە بۆ عێراق، ئێران و سووریاش راستە. نابێت باوەڕ، نەتەوە یان گەلێکی باڵادەست هەبێت. ئێمە لە سەدەی 21داین. چیدی هیچ کەس باڵادەستیی ئەوی دیکەی ناوێت، بەڵکو یەکسانیی دەوێت. خەڵک دەیەوێت پەیوەندییەکی یەکسان دابمەزرێنێت و خوازیاری دەوڵەتێکی یاسای وایە کە دیموکراتیک و لامەرکەزی بێت. دەوڵەتێک کە هەموو جیاوازییەکان، بەبێ جیاوازیی باوەڕ، ئایین و زمان، وەک هاووڵاتیی یەکسان ببینێت.
بەڕێز ئۆجەلان، بزووتنەوەی ئازادیی کورد، زۆرێک لە بۆچوونە سیاسییەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چیدی بەرگری لەوە دەکەن کە تێگەیشتنی دەوڵەتی نەتەوەیی کە تێیدا یەکێک ئەوی دیکە دەچەوسێنێتەوە، بەڕاستی کۆتایی هاتووە. سەیری کێشە ناوخۆییەکانی عێراق بکەن. لە بنەڕەتدا دەوڵەتی نەتەوەیی هۆکارە. ئەو کێشە سەرەکییەی کە ئێستا لە ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا رووبەڕووی بووینەتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین، ئەگەر بە شێوەیەکی چەمکی دەریببڕین، لە تێگەیشتنی دەوڵەتی نەتەوەییەوە سەرچاوەی گرتووە. چارەسەریش بێگومان دەبێت لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان و لامەرکەزی، گۆڕانکاریی دەستووری بکرێت. پێویستە هەموو ئەم وڵاتانە گۆڕانکارییەکی جدیی دەستووری بکەن.
ئەگەر رێگەم بدەن، دەمەوێت لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، بەتایبەتی لەبارەی ئەو خاڵەی کە بەڕێز ئۆجەلان وەک 'کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک' ناوی دەبات، بە چەند رستەیەک کۆتایی بە قسەکانم بهێنم. بۆ نموونە، کاتێک سەیری ئەو کێشانە دەکەین کە لە ماوەی 200 ساڵی رابردوودا جوگرافیاکەمان پێیدا تێپەڕیوە، دەبینین بەردەوام شەڕی ئایینی، مەزهەبی یان شەڕی نەتەوەیی هەبووە. بۆچی و چی روویدا؟ ئێمە لە ماوەی 200 ساڵدا چیمان بەدەستهێنا؟ تەنیا مردین و خوێنمان رژا.
بۆ نموونە، هێزە رۆژئاواییەکان چاویان بڕیوەتە نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێستا رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بابەتێکی تایبەتە. گازی هایدرۆکاربۆنی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە چەقی هەموو ئەو شەڕ و پێکدادانانەدایە کە باسمان کردن، جا ناوی لێنرابێت یان نا، شەڕی بازرگانیش دەگرێتەوە. بۆیە لەم قۆناخەی پێی گەیشتووین، بۆچی وڵاتێک نابێتە دیموکراتیک؟
جیهان وەک جاران نییە. پێشتر ئامرازەکانی راگەیاندنی گشتی نەبوون. پێشتر نەماندەتوانی بگەینە یەکدی. بەڵام ئێستا هەموو شتێک بە تەلەفۆنێک یان پۆستێکی ئینتەرنێتی بەندە. بۆیە پێموایە چیدی هیچ دەوڵەتی نەتەوەیەک ناتوانێت شتێکی وا بکات، واتە بڵێت "من تا دەتوانم کۆمەڵگەکەم سەرکوت دەکەم، ئەو قسە نەکات و ئەم قسە نەکات و من باڵادەست بم." ئەو سەردەمە دەستی بە کۆتاییهاتن کردووە. بۆیە ئێمە مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک کە بەڕێز ئۆجەلان پەرەی پێداوە، بە گرنگی دەزانین. واتە، هەر گەل و باوەڕێک لە چوارچێوەی سنووری ئەو وڵاتەی تێیدا دەژی، بتوانێت خۆی دەرببڕێت و وەک هاووڵاتیی یەکسان، مافی یەکسانی هەبێت و بە زمانی دایکی بخوێنێت. ئەمە هیچ وڵاتێک دابەش ناکات، بەپێچەوانەوە، لەنێو کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەدا پشتیوانی، هاودەنگی و پێکەوەژیانێکی بەهێزی هاووڵاتیبوون بەهێزتر دەکات.
مێری: بابەتەکەت زۆر دەوڵەمەند کرد. پرسیارێکم کرد تۆش هێندەی چوار پرسیار وەڵامت دایەوە و رێگەت خۆشکرد بۆ چەند پرسیارێکی دیکە. لە مەهەپە و جەهەپە دەرچووین، بەڵام بۆم گرنگە بزانم لەسەر ئاستی بنەڕەتی دامەزراوەکانی سیاسی وڵاتەکە تا چەند لە هەناودا چەند قووڵە و تا چەند درێژە دەخایێنێت. با پێت بڵێم خەمی ئێمە چییە! 10-15 ساڵ پێش ئێستا کە پرۆسەی چارەسەریی دەستیپێکرد ئاکپارتی پێویستی بە دەنگی کورد بوو. پرۆسەیەکی زۆر گرنگ دەستیپێکرد کە گەشبین بووین بەوەی کە دەگاتە ئەنجام. بەڵام لە کۆتاییدا کە متمانە دروست نەبوو و شەڕ سەریهەڵدا، نەهامەتی بۆ هەمووان هات. تورکیاش کە پێشتر دەیگوت کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سفر دەکەینەوە کەچی لەگەڵ هەمووان کێشەی دروستکرد. لەگەڵ ئێمە کێشەکانی گەیاندە ئاستی کردەی سەربازی و سوپای تورکیا هاتە ئێرە. رۆژاڤا تاوەکو ئێستاش سوپای تورکیا تێیدایە. ئەمجارە بە هەمانشێوەی جاران پرۆسەیەک لەلایەن هەواڵگرییەوە دەستیپێکرد دواتر بووە سیاسی و رەنگە لە داهاتوودا بکرێتە دەوڵەتیش. گەرەنتیی چییە کە ئەمەش بۆ دەنگدان نییە کە خەڵکی ئەکادیمی و شارەزا پێت دەڵێت دیسانەوە ئاکپارتی و مەهەپە پێویستییان بە دەنگی کوردە. دەم پارتی باشترین لایەنە ئاشتییان بکەینەوە بۆ ئەوەی دەنگی کوردت بۆ بهێنن و دەستووری پێ بگۆڕین. سەرۆک ئۆجەلانیش لەم پرۆسەیەدا کلیلی ئەم کۆکردنەوەی دەنگدانە و پێشهاتەیە و هاوکات کلیلی ئاگربەستیشە لەگەڵ پەکەکە. قەندیل جگە لەو، گوێ لە کەس ناگرن. جا لێرە کێشەی ئێمە لەوەیە کە سەروو 100 ساڵە دۆخێکی نەگۆڕ کە مافی ئازادیی سیاسیی کوردی کە ئێستا هاتووینەتە سەر ئەوەی لە بنەڕەتەوە ئازادییەکە بەرجەستە بکرێت و کێشەی تورکیا و کێشەی کورد لە تورکیا تا هەتایە چارەسەر بکرێت. تورکیا خێر لەخۆی ببینێت و ئێمەش بەهەمانشێوە خێر لەخۆمان ببینین. وڵاتەکە بگەشێتەوە و بەرەو پێش بچێت. گەرەنتی چییە دوای دوو سێ ساڵی دیکە دیسان نەگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەکەم و دیسان تووشی شەڕێکی دیکە نابینەوە. یارییەکەش نابێتە یاری هەڵبژاردن؟
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری: گەرەنتی بەندە بە گەشەسەندنی سیاسی. تەنیا ئەوە گەرەنتییە. واتە ئێوە زۆر لەسەر حەقن. ئەزموونی نەرێنی هەبوون. بۆیە سەرەتا باسمان کرد ئەم بێ متمانەییە لە کۆمەڵگادا زاڵە. لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا، بەتایبەتی ئەوانەی لە پەرلەماندا نوێنەرایەتییان هەیە، ئێمە کاتێکی زۆر چڕ بەسەر دەبەین. هەم لەگەڵ پارتەکانی دەسەڵات و هەم لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن. دیپلۆماسییەکی زۆر جیدی لەگەڵیان بەڕێوە دەبەین سەبارەت بەوەی کە پێویستە هەمووان چارەسەرێک بۆ پرسی کورد و ئاشتی بدۆزنەوە، پێویستە هەمووان سیاسەتێک دابڕێژن.
ئێمە هیوادارین ئەم دیپلۆماسییە ئەنجامێکی باشی هەبێت. بەڵام، وەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا، بەڕێز ئۆجەلان سەرکردەیەکی کاریگەرە لەسەر رێکخراوەکەی خۆی و گەلی کورد. بۆیە، با بڵێین ئەگەر ئەمڕۆ بانگەوازەکەی نەکردایە، ئەو رێوڕەسمی دانانی چەکانە بەڕێوە نەدەچوو. یان پەکەکە کۆنگرەیەکی بەستنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی نەدەگرت. دەوڵەتیش ئەمە زۆر باش دەزانێت.
دەوڵەت لە تورکیا ئەوەندە باش ئەمە دەزانێت کە پێموایە ئێستا هەمووان رۆڵی بەڕێز ئۆجەلانیان لەوێدا زانیوە. هەمووان زۆر باش دەیزانن. دەوڵەت دەیزانێت، دۆست دەیزانێت، نادۆستیش دەیزانێت. هەمووان دەیزانن. بۆیە لێرەدا بەڕاستی ئازادبوونی بەڕێز ئۆجەلان و ئەوەی خۆی ئەم کارە بەڕێوە ببات، یەکێکە لە گەرەنتییە سەرەکییەکانی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی تەندروست لەم پرۆسەیەدا. چونکە ئەو ئەکتەرێکی گرنگە، ئەکتەرێکی کاریگەرە.
بۆیە، پەکەکە لەم قۆناخەدا بە ئەکتەری سەرەکی و دانوستاندنکاری سەرەکی ناوی دەبات. چاوەڕێی ئەمە دەکەین. لایەکەی بەم شێوەیەیە. لایەکەی دیکەی بێگومان، لە دیدگای ئێمەوە، کاری کۆمەڵایەتی ئاشتی و پشتیوانی نێودەوڵەتی. ئەمە زۆر گرنگە. بۆ نموونە، مەبەست لە پشتیوانی نێودەوڵەتی تەنیا پشتیوانی لە ئاستی دەوڵەتەکاندا نییە. ئەوەش زۆر گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا، پشتیوانی کە لەلایەن هێزە دیموکراسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروەوا، ئەمریکای لاتین، واتە لە هەموو وڵاتانی جیهان، بەو مانایە زۆر گرنگە. ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی کە دەتوانێت هاوکێشەی گوشار، کاریگەری، واتە ئەوەی پێیدەڵێین 'ئیپتی' بۆ تورکیا دابین بکات. پێویستمان بەمە هەیە. واتە شتێکی گرنگ هەیە کە دەسەڵات و دەوڵەت لە تورکیا هان دەدات و نیشان دەدات کە ئەنجامەکانی دەتوانن ئەرێنی بن.
بەڵام ئێوە پێشتر لە پرسیارەکەتاندا دووپاتتان کردەوە، بەڵام هێشتا بۆ ئەم پرۆسەیە گرنگە. بۆ نموونە، پرسیاری "بۆچی ئەم پرۆسەیە هێواش دەڕوات؟" پرسیارێکی زۆر دەکرێت. لە تورکیا یەکێکە لەو پرسیارانەی رۆژنامەڤانان زۆرترین جار دەیکەن. بۆچی هێواش دەڕوات؟ لێرەدا بێگومان پەرەسەندنەکانی رۆژئاوا زۆر گرنگن. پێموایە هەمووان دەتوانن ببینن کە پەرەسەندنەکانی تورکیا و گەشەسەندنەکانی رۆژئاوا و سووریا بە شێوەیەکی جیدی کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە.
بۆ نموونە، هەر پەرەسەندنێک لە رۆژئاوا کە ئەنجامێکی نەرێنی لێ بکەوێتەوە، راستەوخۆ لە تورکیا رەنگدانەوەی دەبێت. چونکە بەداخەوە، من ئەمە وەک سیاسەتێکی ئاکپارتی زۆر رەخنەی لێدەگرم، ئەو خەونە عوسمانییانە. واتە، بەو خەونە عوسمانییانە، وەک ئێوەش گوتتان، سەیری ئەو خاڵە بکەن کە لە "سفر کێشە لەگەڵ دراوسێکان"ـەوە گەیشتووینەتە. بۆ نموونە، من لە ساڵی 2007 لە قاهیرە لە میسر بەشداریم لە کۆنفرانسێکدا کرد. هەموو رۆژنامەڤانەکانی ئەوێ دەیانگوت: "خەڵک لە میسر ناوی منداڵەکانیان دەنێن ئەردۆغان." ئەوەندە نزیکبوونەوەیەکی ئەرێنی بۆ تورکیا دروست ببوو. سفری کێشە، زۆر دۆستایەتی، کەم شەڕ و پێکدادان. ئەمە بۆ وڵاتێک چی دەکات؟ سیاسەتێک بوو کە نزیکبوونەوەی سیاسی، دیپلۆماسی، بازرگانی، و کلتووری لە هەموو روویەکەوە بەهێز دەکرد. بەڵام بەداخەوە، واز لەم ستراتیژییەتە هێنرا و لەگەڵ هەموواندا بووینە شەڕ. ئێمە رەخنە لەم سیاسەتە دەگرین. بۆ نموونە، لە دیدگای تورکیاوە، من وەک ئەو کەسانەی لە تورکیا کار دەکەین و هاوڵاتی ئەوێین، دەڵێم: ئاشتی لە دیپلۆماسی.
نزیکبوونەوە و پشتیوانی کلتووری، بێشەڕ و بێچەک، دەستنەخستنە ناو کاروباری ناوخۆی هیچ کەسێک، واتە بتوانین بڵێین "پەیوەندی بە ئێمەوە نییە کاروباری ناوخۆی لیبیا"، دەستنەخستنە ناو کاروباری ناوخۆی عێراق، دەستنەخستنە ناو کاروباری ناوخۆی سووریا. ئەگەر دەستیشمان خستە ناو، بۆ ئاشتی بێت. بۆ پشتیوانی لە ئاشتی بێت. بەڵام ئێستا هاوسەنگییەکانی رۆژئاوا کاریگەری لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەیە.
مێری: باسی سووریات لەگەڵ دەکەم چونکە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە. دەمەوێ بزانم لە ناخدا چەند قەناعەتت هەیە ئەم پرۆسەیە بچێتە پێش و ناگەڕێتەوە دواوە. لە رەگ و ریشەوە کێشە و پرسی کورد چارەسەر دەبێت؟
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری: زۆر دەمەوێت بڕوا بکەم. چونکە ئەگەر نەتوانین ئەم پرۆسەیە بە باوەڕەوە بەڕێوە ببەین، ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو نابێت. بەڵام سەختییەکانیشی دەبینین. واتە ئەم باوەڕەی ئێمە بۆ ئەوەیە کە ئاشتی بێت. لەبەر ئەوەی ئارەزووی دەکەین، بۆ گەلانی تورکیا باش دەبێت، 86 ملیۆن هاوڵاتیمان ئاسوودە دەبن، گەلی کورد کە نزیکەی 30 ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین، خۆیان وەک نامۆ و پلە دوو نابینن. هەستی ئەوەی کە "من هاووڵاتی رەسەنی تورکیام، هەموو مافەکانم پێدراوە". بیر بکەوە چەندە ئەمە وەک کۆمەڵگایەک بەهێزمان دەکات. نازانم دەبێت یان نا؟ واتە، ئێمە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی بێت. بۆ ئەوەی ببێت و پەلەی تێدا بکرێت و ئەم پرۆسەیە تێکنەچێت، وەک پارتێک بڕوا بکەن کە شەو و رۆژ زۆر زۆر بە چڕی کار دەکەین و بە باوەڕەوە کار دەکەین. ئەوەندە بە باوەڕەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بێت، پێموایە هەمووان ئەمە دەبینن، بەڵام باوەڕی ئێمە، متمانەی ئێمە بە تەنیا بەس نییە. چونکە ئاشتی واتای ئەوەیە کە دوو لایەنی شەڕکەر و ناکۆک پێکەوە هاوبەشییەک دروست بکەن و رێککەوتنێک بکەن. بۆیە لێرەدا تەنیا ئەوە نییە کە ئێمە وەک پارتێک چی دەمانەوێت و چی هەست پێدەکەین. ئەمەش زۆر گرنگە بەڵام بە تەنیا بەس نییە. چۆن گفتوگۆکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەت، دەوڵەت و ئۆجەلان بەرەو ئەرێنی دەڕوات یان نا؟ وەڵامی پرسیارەکەی ئێوە تەواو لێرەدایە.
واتە گفتوگۆکانی ئەوێ دەبێت بە شێوەیەکی تەندروست، بەرهەمدار، و ئەنجامدار بڕۆن. با کۆتایی رستەم ئەمە بێت. تورکیا لە رووی ستراتیژییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا لەناو هەموو ئەم پەرەسەندانانەی باسمان کرد، واتە پەرەسەندنە سیاسی، سەربازی، ئابووری، کولتوورییەکان و لە سەردەمێکدا کە هاوسەنگییەکانی هێز لە جیهاندا دووبارە رێکدەخرێنەوە، لە سەردەمێکدا کە لە جیهانی تاک جەمسەرییەوە بەرەو جیهانی فرە جەمسەری دەڕۆین. لە کاتێکدا هەموو کارتەکان دووبارە تێکەڵ دەکرێن و هەموو هاوسەنگییەکانی هێز دووبارە دیزاین دەکرێنەوە، تورکیا لە رووی ستراتیژییەوە پێویستی بە ئاشتییە لەگەڵ کوردەکاندا.
مێری: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری لەسەر هەموو لایەک هەیە بەڵام بەتایبەتی لەسەر سووریا و رۆژئاڤا زۆرە. رۆڵی تورکیا زۆر گرنگە لە هەموو سووریا هەر لە رۆژئاڤا بگرە تا دەگاتە باشوور. ئەمڕۆ کە رۆژئاڤا ئازادە سوپاس بۆ قوربانی و خوێنبەخشین و ماندووبوونی شەڕڤانانی ناوخۆ و دەرەکی، قوربانی زۆریان دا و دەستکەوتی گەورەیان هەیە. بەڵام ئەم دەستکەوتە نابێ بە سیاسەت لە دەستیان بدەین. بەخوێن هاتووە و دەبێ بە سیاسەت و هونەری سیاسەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. تورکیا تەواو دژی ئەوەیە ئەو رۆژئاڤایا وەک قەوارەیەک ناوی بهێندرێت و هەمووان هاندەدات لە دژی بوەستنەوە کە لە رۆژئاڤا و دیمەشق پێکبێن و ئاوێتە ببن. بەڵام لەوێش متمانە نییە. لەوێش ئاسان نییە و تورکیا گوشار دەخاتە سەر دیمەشق و هەڕەشە لە رۆژئاڤاش دەکات. لە قەندیلیش کێشەیە. پێویستە قەندیل لەوێ دەست شل بکات پاساو نەداتە دەست تورکیا یان دیمەشق کە ئیشەکان لە رۆژئاڤا تێکبدات. رۆژ رۆژی ئەوەیە کە قەندیل زیاتر لە ئەزموونی 2015ـی تورکیا فێر ببێت کە قوربانیی زۆری داوە و ئازاری زۆری چەشتووە. دەبێ کارێکی زۆر بکات بۆ ئەوەی بە سیاسەت نەدۆڕێت. تاکە کەسیش بتوانێت کار لە قەندیل بکات، بەڕێز ئۆجەلانە. ئەویش پەیامی بە رۆژئاڤا گەیاندووە. رەنگە لە رێگەی ئێوەوە گەیاندبێتی. دەیەوێ رۆژئاڤا سوورییانە، واتە سووری-سووری رێکبکەون. رەنگە داوای لە هەسەدە کردبێت ئاشتی بگرنەبەر. جا لێرەدا وەکو گێژەڵووکەیەک بڵێین گلەیی لە یەکدی دەکەن. تورکیا بەرۆکی قەندیل و قەندیلیش بەرۆکی تورکیا دەگرێت و پێکەوە ئاڵۆزی بۆ رۆژئاڤا دروست دەکەن. جا لێرە بزانین پەیامی بەڕێز ئۆجەلان چییە ئێوە چۆن لێی تێگەیشتوون و نەخشەڕێگەتان چییە؟
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری: بێگومان، وەک پێشتر گوتم، پرۆسەی رۆژئاڤا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تورکیا هەیە و تورکیا ئێستا لە سووریا لە رووی سەربازی و سیاسییەوە لە شوێنێکی زۆر کاریگەردا وەستاوە. بۆیە، سیاسەتی دەرەوەمان کە لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا، واتە سیاسەتی تورکیا لە سووریا، هەمیشە گوتمان دەبێت بەم شێوەیە بێت: سووریا پێویستی بە دەستورێکی دیموکراسی هەیە. پێویستی بە پێکهاتەیەکی دیموکراسی هەیە. ئێستا، واتە تاکە پێکهاتەی دیموکراسی کە دەتوانم لەوێ باسی بکەم، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە.
بۆ نموونە، وەک دەزانن، دوای ئەوەی شەرع هاتە سەر حکوم، کۆمەڵکوژییەکی زۆر گەورە لە دژی عەلەوییەکان لە ناوچەکانی کەنار دەریاکان روویدا. لە دوای ئەوەش کۆمەڵکوژی لە دژی دروزەکان روویدا. واتە، ئەمانە ئازارێکی زۆر گەورەن. هەر دوو رۆژ لەمەوبەر لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، لە گەڕەکە کوردنشینەکان، جارێکی دیکە گرژییەک روویدا. ئێستا لە روودانی هەموو ئەمانەدا رۆڵی تورکیا دەبێت کەمکردنەوەی ئەم گرژیانە بێت، نەک زیادکردنیان. پشتیوانی لە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی دیموکراتیزەکردن لەوێ. بۆ نموونە دەگوترێت: "دەبێت هێزەکانی سووریای دیموکرات تێکەڵ ببن." واتە ئێستا هەموومان ئەمە زۆر باش دەزانین. هەموو ئەوانەی لەم هۆڵەدا دانیشتوون، هەموو ئەوانەی سەیری ئێمە دەکەن، ئەمە باش دەزانن. دەبێت بزانیت بۆ کوێ تێکەڵ دەبێت، وانییە؟ تێکەڵکردن ناتوانێت چەمکێکی هەڵواسراو بێت لە ئاسماندا.
واتە، ئایا سوپایەک هەیە تاوەکو تێکەڵ ببن؟ بۆ نموونە، هەڵوێست لە شارەکانی کەنار دەریا لە سووریا جیاوازە. درووزەکان خۆسەریی خۆیان راگەیاندووە. لەوێ، بۆ نموونە، سوننەی سێکولار هەیە. واتە ئیسلامی سیاسی رەتدەکەنەوە. واتە عەرەبی سوننەی سێکولار هەن لە سووریا کە قبوڵ ناکەن ئایین رۆڵ لە سیاسەتدا بگێڕێت. ئێستا پێویستمان بە سیستەمێک هەیە کە هەموو ئەمانە بگرێتەوە، کە ژیانی هاوبەشی هەموو ئەو کۆمەڵگایە رێکبخات. ئێستا ئەم سیستەمە لە ئارادا نییە. واتە حکومەتێک بە تەواوی بوونی نییە. ئەگەر بڵێی سوپا، سوپایەک بە تەواوی بوونی نییە. هەڵبژاردنەکە ژمارەیەکی زۆر کەم لە کۆمەڵگای گرتەوە، وانییە؟ هەڵبژاردنی سووریا هەموو سووریای نەگرتەوە. بۆیە کاتێک ئێمە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات یان کورد دەڵێین "بڕۆن تێکەڵ ببن" بۆ کوێ تێکەڵ دەبن؟ لە راستیدا پێکهاتەیەک دروست نەبووە کە تێکەڵ بکرێت. لێرەشدا کوردەکان دەڵێن، خۆبەڕێوەبەری دەڵێت: "وەرن با پێکەوە سووریایەکی دیموکراسیی دروست بکەین و تێکەڵکردن دابین بکەین. ئێمە ئامادەین ببینە بەشێک لە سووریایەکی دیموکراسی."
لێرەدا پێکهاتەیەک نییە کە دابەشکاری بکات یان جیابوونەوەی بوێت، بە پێچەوانەوە، لە یەکێتی و یەکگرتوویی و تەواوێتیدا بین، بەڵام لە سیستەمێکی یاسایی یەکساندا بین. واتە، قسەکانم تەواو دەکەم، ئەم حکومەتە با عەلەوی و ئاشووری و کریستیانیش بگرێتەوە.
سووریا دەبێت وڵاتی هەمووان بێت، تەنانەت سوننە سێکولارەکانیش. واتە وڵاتی من نابێت وڵاتی تۆ بێت. بۆ ئەمەش، دەستورێکی دیموکراسی. پێویستی بە پێکهاتەیەکی لامەرکەزی هەیە. گوتم تەواوی دەکەم بەڵام ئەمە بە بێ گوتن تێناپەڕم. دەمەوێت ئەمە بە ناسنامەی عەرەبی خۆشمەوە بڵێم. لە رۆژئاوا، بەتایبەتی خۆڕاگری کۆبانی بووە هیوایەک بۆ هەموو جیهان. خەباتی گەلی کورد، بە تایبەتی ژنانی کورد لەوێ، خەباتیان لە دژی پێکهاتەیەکی وەک داعش.
شوێنی دەستپێکردنی پاشەکشەی داعش خۆڕاگری کۆبانییە. لەوێ دەمەوێت بە تایبەتی جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ژنانی کورد لە ناوچەکەدا خەباتێکی زۆر نموونەییان کردووە. پێموایە ئێمە وەک ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەرزاری زۆر شتین. چەند مانگێک لەمەوبەر کۆنفرانسی "ناغدا" لە سلێمانی بەڕێوەچوو. "ناغدا" هاوپەیمانی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بوو. لەوێ نوێنەری ژن لە 18 وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئامادەبوون. زۆربەیان عەرەب بوون. بەشێکیشیان کورد و گەلانی جیاوازی ناوچەکە بوون. هەڵوێستی هاوبەشی هەموویان، هەڵوێستی هاوبەشی نوێنەرانی 18 وڵات ئاماژەیان بەوەدا کە چەندە مۆدێلی ژنانی رۆژئاوا بۆ ئازادی ژنان، دیموکراسی، یەکسانی ژن و پیاو، هاوسەرۆکایەتی، نوێنەرایەتی یەکسان، گرنگە بۆ ناوچەکە. هیوادارم ئەم مۆدێلە هەم لە سووریا و هەم لە هەموو جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ