کشتوکاڵی هەولێر: بەمنزیکانە بەشێکی دیکەی شایستەی جووتیاران دەنێردرێت

07-10-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
هێمن سەید موراد لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
هێمن سەید موراد لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، بڕیارە بەم نزیکانە قۆناخێکی دیکەی شایستە داراییەکانی جووتیاران لە بەغداوە بنێردرێت.
 
هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، حکومەتی عێراق 500 ملیار دیناری دیکەی بۆ شایستەی دارایی جووتیاران دابینکردووە و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە. گوتیشی رەنگە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەشەکەی هەرێمی کوردستان جیابکرێتەوە و بە ئەگەری زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت، بەڵام دیاری نەکراوە کە لەو 500 ملیارە چەندی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
 
هێمن سەید موراد، گوتی: "بەرهەمی کشتوکاڵیمان رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندایە و ئێستا بیر لەوە دەکەینەوە بازنەی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان فراوان بکرێت."
 
قسەکانی هێمن سەید موراد لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ی ئەمڕۆ سێشەممەی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح."
 
 
هێمن سەید موراد راشیگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق گفتوگۆی چڕ کراوە بۆ نەهێشتنی رێگرییەکانی بەردەم هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێستا بەهۆی پشتگیرییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەرهەمەکانی جووتیاران، رێگرییەکان زۆر کەمتر بوون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەشڵێت، سەرەڕای پشتگیرییەکانیان لە جووتیاران، بەڵام لە کەرتی سامانی ئاژەڵ ناوە ناوە رێگری لە هەناردەی مریشک و هێلکە بۆ ناوچەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەکرێت.
 
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، مریشک و هێلکە لە پێویستیی نێوخۆ زۆر زیاتر بەرهەمدەهێندرێت. باسی لەوەشکرد، لە هەناردەی سەوزە و میوە هیچ رێگرییەک نەماوە و هاوئاهەنگییان لەگەڵ حکومەتی عێراق کاریگەریی زۆرباشی هەبووە.
 
هێمن سەید موراد ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 52 هەزار پشتگیرییان بە نووسراوی فەرمی داوەتە جووتیاران بۆ هەناردەی سەوزە و میوە.
 
بە گوتەی سەید هێمن سەید موراد، ساڵانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 600 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێندرێ؛ لە 50٪ی ئەو بەرهەمە لە پارێزگای هەولێرە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی: "لەو 600 هەزارە، تەنیا 100 هەزاری بەشی پێویستیی نێوخۆ دەکات. ئێستاش جووتیاری زیاتر ئەو بەرهەمە دەچێنن و سوودی ئابووریی زۆری هەیە، بەتایبەتی کە دەتواندرێت بۆ پیشەسازی و کارگەکان سوودی لێوەربگیرێت."
 
ساڵی رابردوو 750 هەزار تۆن بەرهەم لە پارێزگای هەولێرەوە بۆ شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق نێردرابوو. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی: "ئەم ساڵ 550 هەزار تۆن سەوزە و میوە بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ ئەو ناوچانە نێردراون و پرۆسەکە تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێ."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.