رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە 21 وێستگەی دەنگدانی VIP، تایبەت و گشتی، تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ ئامێرەکانی دەنگدان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی چوارشەممە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ جاری چوارەم و کۆتایی، تاقیکردنەوە بۆ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی هەڵبژاردن دەکات."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی، "هەریەکە لە ئامێرەکانی خێراکردنی ئەنجامەکان، ئامێری پشتڕاستکردنەوە، ئامێری ناردن تاقی دەکرێنەوە، لەگەڵ تاقیکردنەوەی ئەو کامێرایانەی کە بۆ چاودێری لە وێستگەکان دادەنرێن."
پرۆسەکە لە 21 وێستگەی دەنگدان لە نووسینگەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بەم شێوەیە:
- یەک وێستگەی VIP لە نووسینگەی نیشتمانی.
- یەک وێستگە بۆ دەنگدەرە ئاوارەکان لە نووسینگەی نیشتمانی.
- سێ وێستگە بۆ دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت لە نووسینگەکانی هەڵبژاردنی (بەغدا/ کەرخ، هەولێر و بەسرە).
- 16 وێستگە بۆ دەنگدانی گشتی لە نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان.
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەم شێوەیە:
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 8,703 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: 39,285 وێستگە
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 809 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت: 4,501 وێستگە
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی ئاوارەکان: 97 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی ئاوارەکان: 321 وێستگە
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320ـیان گشتین و 9 کورسیشیان کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ