رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، دەکات و بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" ناوی دەبات.
رۆژی سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025 ئادریان ئایسڵستین، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، "بێگومان ئەوە شتێکی ئەرێنییە. هەمیشە هەبوونی رێککەوتن ئەرێنییە، بۆیە ئێمە زۆر دڵخۆشین بەوە."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بانگەشە بۆی دەستیپێکردووە، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا تێڕوانینی خۆی خستەڕوو و گوتی، "هەڵبژاردنەکان هەمیشە باشترین ساتی دیموکراسین."
ئادریان ئایسڵستین داوای لە هاووڵاتییان کرد بەشدارییەکی کارا لە پرۆسەکەدا بکەن و پەیامی بۆ دەنگدەران ئەوەبوو "کە دەنگ بدەن و دڵنیابنەوە لەوەی ویستی گەل جێبەجێ دەکرێت."
کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا پلانی وڵاتەکەی بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هاوکارییەکانیان لە چەندین ئاستی جیاوازدا دەبن، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ.
ئایسڵستین گوتیشی، "ئێمە هاوبەشێکی گەورەین لە بواری کشتوکاڵدا و پێویستە ئەوە بەردەوام بێت. بابەتەکە فرۆشتنی زۆرترین ژمارەی مانگا نییە، بەڵکو دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە بە شێوەیەک ئەنجام دەدرێت کە هەستیار بێت بەرامبەر بە کەشوهەوا."
هەروەها دڵنیایی دا لەوەی وڵاتەکەی لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە پێشکێشکردنی شارەزایی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵێکی دۆستی ژینگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
رووداو: بەڕێز کۆنسووڵ، سوپاس بۆ ئەوەی کاتت بە ئێمە بەخشی. رێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت چۆن دەبینی؟
ئادریان ئایسڵستین: بێگومان ئەوە شتێکی ئەرێنییە. هەمیشە هەبوونی رێککەوتن ئەرێنییە، بۆیە ئێمە زۆر دڵخۆشین بەوە.
رووداو: پرسیاری دووەم ئەوەیە کە بانگەشەی هەڵبژاردن ئێستا لە عێراق دەستیپێکردووە. تێڕوانینی تۆ لەسەر ئەو هەڵبژاردنە چییە و پەیامت بۆ پارتە سیاسییەکانی عێراق چییە؟
ئادریان ئایسڵستین: هەڵبژاردنەکان هەمیشە باشترین ساتی دیموکراسین. بۆیە هاندانی من بۆ هەموو دەنگدەران ئەوەیە کە دەنگ بدەن و دڵنیابنەوە لەوەی ویستی گەل جێبەجێ دەکرێت.
رووداو: پێشنیازتان چییە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستا؟ پەیامتان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چییە؟
ئادریان ئایسڵستین: حکومەت پێکبهێنن.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم لەبارەی وڵاتەکەتانە. چ پلانێکتان هەیە یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بدەن؟
ئادریان ئایسڵستین: ئەوە لە چەندین ئاستی جیاوازدا روودەدات. بەڵام با بەتایبەتی سەرنجم لەسەر یەک شت بێت کە پەیوەندیی بە کشتوکاڵەوە هەیە. ئێمە هاوبەشێکی گەورەین لە بواری کشتوکاڵ، [ئەوەش] پێویستە بەردەوام بێ. بابەتەکە فرۆشتنی زۆرترین ژمارەی مانگا نییە، بەڵکو دڵنیابوونەوەیە لەوەی بە شێوەیەک ئەنجام بدرێ کە هەستیار بێت بەرامبەر بە کەشوهەوا. هەمان شت راستە ئەگەر بتەوێ گوڵ یان پەتاتە بچێنیت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام کە ئاو بپارێزێ و کاریگەریی زۆری لەسەر کەشوهەوا و ژینگە نەبێ. بۆیە ئێمە زۆر بە جیدی کار لەسەر ئەوە دەکەین و بەردەوامیش دەبین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ