رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە پێنج کاژێرە کارەبای تەواوی سنووری ناحیەی خەلەکانی سەر بە قەزای دووکان بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە بڕاوە و هێشتا نەتوانراوە چاک بکرێتەوە.
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری ناحیەی خەلەکان، بە رووداوی گوت: "کاژێر 07:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە نەوتی رەشی پێبووە، لە لۆفەکانی رێگای خەلەکان - دووکان کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە ستوونێکی کارەبادا و وەرگەڕاوە".
کامەران عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد: "بەهۆی ئەو رووداوەوە ستوونی کارەباکە کەوتووە و هێڵی گواستنەوەی کارەبا کە کارەبای نیشتیمانی بۆ ناحیەی خەلەکان و 19 گوندی سنوورەی بناری کۆسرەت دابین دەکات پچڕاوە و سەرجەم ئەو شوێنانە بێکارەبا بوون".
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان، "نزیکی کاژێر 10:40 خولەک توانراوە بارهەڵگرەکە لاببرێت و ئیتر لەوە بەدوا تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەی کارەباکە دەبن و هەر ئەمشەو لەگەڵ چاکبوونەوەی هێڵەکە، کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ ناحیەکە و گوندەکانی بناری کۆسرەت".
سەبارەت بە تەندروستی شۆفێری بارهەڵرەکە، تەندروستی سلێمانی بە رووداوی گوت: "شۆفێرەکە بریندار بووە و تاڕادەیەک دۆخی جێگیرە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ