هەناردەکردنی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق کێشەی تێدەکەوێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە پێشتر رێککەوتن کرا و بڕیار بوو مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بکرێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەناردەکردنەکە دەستی پێنەکردووە. راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ: "هەندێک کێشەی ورد هەن و سەرقاڵی چارەسەرکردنین".
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، 19-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ عێراق لەبارەی هەناردەکردنی مریشک و بەگشتی بەربوومە پەلەوەرییەکان رێککەوتنمان کردووە. وەک وەزیر، رێکارەکانم پەسندکردوون و لەگەڵ عێراق بەشمان کردوون بۆ ئەوەی رێکارەکانی چۆنێتی ناردنی بەرهەمی وەک مریشکی زیندوو و بەستوو بگیرێتەبەر".
 
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەندێک لەمپەری تەکنیکی دروستبوون و سەرقاڵی چارەسەرکردنین".
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "عێراق رێکارەکانی گواستنەوەی مریشکی بۆ ناردین و ئێمە تێبینیمان هەبوو لەسەری. دوای هەندێک گۆڕانکاری، لایەنی عێراقیمان ئاگادار کردووەتەوە و ئێستا چاوەڕوانی ئەوانین".
 
بە گوتەی رزگار حەمەد خدر، شێوازی بارکردن و ناردنی مریشک، چۆنێتیی گرێبەست لەگەڵ کێڵگەکان و داننان بە بڕوانامەی تەندروستیی بەرهەمەکان نێوەڕۆکی ئەو کێشانەن تاوەکو ئەمڕۆ رێگربوون لە هەناردەکردنی مریشکی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، دوای تێبینییەکانیان، نووسراوی فەرمییان بۆ عێراق کردووە بۆ دەستکردن بە هەناردەکردنی مریشک. گوتیشی: "هەموو هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە بەشێوەیەکی باش بتوانین بازاڕ بۆ پەلەوەر و هەموو بەرهەمە نێوخۆییەکانی خۆمان دروستبکەین بۆ بە بازاڕکردنیان".
 
بەرپرسێکی ئاگادار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەوەی هەیە عێراق دوای قەدەخەکردنی هاوردەی مریشکی بەستوو و پارچەکانی، ئامادەیە مریشکی هەرێمی کوردستان وەربگرێ و بە فەرمی ئەوەی راگەیاندووە، بەڵام رێکارەکان دوایخستوون".
 
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "بەرهەمی هەرێمی کوردستان دەتوانێ بازاڕەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراقیش پڕبکاتەوە".
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
 
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
 
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە