رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 20٪ی سزادراوانی نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنەر و بازرگانی مادە هۆشبەرەکانن.
ئاماژە بەوەش دەکات، لەنێو ژنانیشدا بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر زیادی کردووە و تەنانەت منداڵی تەمەن 9 ساڵ هەیە کە ئالوودەی مادە هۆشبەرەکان بووە.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، دۆخی چاکسازییەکان، ئەگەری لێبووردنی گشتی و کرێکارانی بیانی و چەند مژارێکی دیکە کرد.
"زیادبوونی مادە هۆشبەرەکان"
کوێستان محەممەد دەڵێت، "مادەی هۆشبەر بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە و لە چاکسازییەکاندا 5 هەزار و 308 کەس سزادراون کە لەو ژمارەیە هەزار و 214 کەسیان بەهۆی مادە هۆشبەرەکانەوە بووە، واتە یەک لەسەر پێنجی کۆی گشتی حوکمدراوانی نێو چاکسازییەکان بەهۆی مادە هۆشبەرەکانەوە سزادراون. 676 کەسیان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر و 538 کەسیشیان بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان بوون".
"ئێستا مادەی هۆشبەر مەترسییەکی گەورەیە و لە تیرۆر مەترسیدارترە بۆ هەرێمی کوردستان. مەترسییەکە گەیشتووەتە ئاستێک حاڵەتمان تۆمارکردووە کە منداڵی تەمەن 9 ساڵ ئالوودەی مادە هۆشبەرەکان بووە"، کوێستان محەممەد وای گوت.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشکرد، "لەنێو ژنانیشدا مادە هۆشبەرەکان زۆر تەشەنەیان کردووە. ئێستا 65 ژن بەهۆی بەکارهێنان یان بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزادراون و دەیان ژنی دیکەش لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدان، راگیراون و سزا نەدراون".
لە بەشێکی دیکە گوتەکانیدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "هێشتا رێکار و سزاکانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لەئاستی پێویستدا نین و داوامان کردووە بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان بە تووندترین شێوە سزا بدرێن تاوەکو رێگری لەو تەشەنەسەندنە مەترسیدارەی مادە هۆشبەرەکان بکرێت کە هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "داوا دەکەین بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان سزای تا هەتایی بدرێن و هیچ لێبووردنێک نەیانگرێتەوە؛ داوا دەکەین بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان وەکو نەخۆش لە سەنتەرەکانی چارەسەر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک وەک تاوانبار بهێنرێنە چاکسازییەکان".
"ئێستا لەنێو چاکسازییەکانی دهۆک و سلێمانی، سەنتەری چارەسەری ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان کراوەتەوە و لە شەقڵاوەش سەرقاڵی دروستکردنی سەنتەرێکی چارەسەرین کە ئالوودەبووان بە خواستی خۆیان بێن و وەکو نەخۆش چارەسەری تێدا وەربگرن و دواتر بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە"، کوێستان محەممەد وای گوت.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، "لە هەرێمی کوردستان کێشەی نەبوونی پزیشک، چارەسەرکار، دەرمان و پێداویستی پزیشکیی تایبەت بە چارەسەری ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکانمان هەیە" و گوتیشی، ئێستا بە هەموو رێکارێک رێگری لە بردنە ژوورەوەی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو چاکسازییەکان دەکرێت.
نەخۆشی گەڕی لەنێو چاکسازییەکاندا
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا کوێستان محەممەد باسی لەوەکرد کە چاکسازیی بەرفراوانیان لە چاکسازییەکاندا ئەنجامداوە و لێدان و تووندوتیژی نەماوە و بەشێوەی خولیش پشکنینی "خوێن، میز و لیک" بۆ سزادراوانی نێو چاکسازییەکان هەر 3 مانگ جارێک دەکرێت.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئێستا لەنێو چاکسازییەکاندا خوێندنگە و کتێبخانە هەیە، ئەوە جگە لە هەبوونی خولە پیشەییەکان. سزادراو هەیە لە چاکسازییەکاندا چەند کتێبێکی نووسیوە، بەڵام کێشەی رووبەری چاکسازییەکانمان هەیە. بەپێی ستاندارد ئەو چاکسازییانە بۆ 900 کەس دروستکراون، بەڵام هەر چاکسازییەکیان دوو هێندەی ئەو ژمارەیە بەندکراوی تێدایە".
کوێستان محەممەد گوتیشی، "ژمارەیەکی زۆر بەندکراوی خەڵکی ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن کە خەرجییەکی زۆریان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام بە دوو هۆکار ناچارین لە چاکسازییەکان بیانهێڵینەوە و ناتوانین بیاننێرینەوە بۆ گرتووخانەکانی عێراق، چونکە لەرووی یاساییەوە لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان سزادراون؛ لەرووی مرۆیشەوە هەندێکیان سزای لەسێدارەدانیان هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت. بۆیە لەرووی مرۆییەوە هێشتووماننەتەوە".
لەبارەی دۆخی نێو چاکسازییەکانیش وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چەند مانگێک پێش ئێستا سەردانی چاکسازیی ژنانی هەولێرم کرد و بینیم هەموو ژنە دەستگیرکراوەکان لەنێو چاکسازی دەستیانکردووەتەوە بە پرۆسەی خوێندن و تەنانەت یەک ژنیش نەبوو لەوێ نەخوێنێت".
گوتیشی، پێشتر لەنێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی خراپی دۆخی چاکسازییەکانم کردووە و خۆم سەردانی چاکسازیی ژنانی هەولێرم کرد و لەوێ تووشی نەخۆشی گەڕی بووم".
'لێبووردنی گشتی'
کوێستان محەممەد باسی لە پێویستیی لێبووردنی گشتی کرد و گوتی، "لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و کەرەنتینەدا، پڕۆژە یاسایەکمان بۆ دەرکردنی لێبووردنی گشتی ئامادەکرد و دواتریش ژمارەیەک پەرلەمانتار پرۆژە یاسایەکیان بۆ هەمان بابەت ئامادەکرد، بەڵام دواتر بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە پەرلەمانی کوردستان کۆنەبووەوە و سەرئەنجامیش وادەی بەسەرچوو و خولە پەرلەمانییەکە هەڵوەشایەوە".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئێستا هەردوو پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان ئامادەن و خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت هەردووکیان بکات بە یەک پڕۆژە و یاسایەک بۆ لێبووردنی گشتی دەربکات، چونکە زۆر پێویستمان بەو لێبووردنە هەیە بەهۆی قەرەباڵخی چاکسازییەکانەوە".
"کارتی کار بۆ کرێکاری بیانی"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لە یاسای کار و دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "بەهۆی دۆخی پەرلەمانی کوردستانەوە نەتوانرا یاسای کار بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هەموو قۆناخەکانی بڕیوە و خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت بە یەک دەنگدان یاساکە پەسند بکاتەوە و بەرکار بکرێت".
لەبارەی کرێکارانی بیانیش لە هەرێمی کوردستان، کوێستان محەممەد دەڵێت، "لەگەڵ حکومەتی عێراق چەند کۆبوونەوەیەکمان کرد و رێککەوتنێکمان کرد بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی کرێکاران لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، "ئێستا کار بە بڕیارێک دەکەین کە 75٪ی کرێکارانی هەر شوێنێک لە هەرێمی کوردستان دەبێت کرێکاری خۆماڵی بن و 70٪ی ئەو رێژەیەش دەبێت گەنجی دانەمەزراو بن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئەنجوومەنی وەزیران رێنماییەکی دیکە دەرکراوە بۆ هێنانی کرێکاری بیانی و ئەگەر رێنماییەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا پێویستە هەر کرێکارێکی بیانی دێتە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مۆڵەتی پێ بدرێت و کارتی کاری بۆ دروست بکرێت، ئەو کات دەتوانێت کار بکات".
کوێستان محەممەد باسی لەوەشکرد، بە رێنماییەکی نوێ کە بەمزووانە بڵاودەبێتەوە کۆمپانیاکانی هێنانی کرێکاری بیانی پابەند دەکرێن بەوەی هەر کرێکارێکی بیانی بهێنرێتە هەرێمی کوردستان دەبێت فێری زمانی کوردی بکرێت و خولی ئاشنایەتی ببینێت بە دابونەریت و کولتووری کوردی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ