کاسبکارێک لە سنووری بانە بە گولـلەی هێزەکانی ئێران کوژرا

08-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاسبکارێکی کورد و خەڵکی بانە بەناوی محەممەد قادری، لە ناوچەیەکی سنووریی شارەکە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران کوژرا. لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەمە چوارەم کەسە کە لە سنوورەکانی پارێزگای سنە دەکوژرێت.
 
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی سێشەممە 7ی ئایاری 2024، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی "گوڵەسوور"ی شاری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکار کردووە، لە ئەنجامدا کەسێک بە ناوی محەممەد قادرییان کوژراوە.
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نزیک "کانێکسی خەرجەک" بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە مەودای نزیک بە چەکی کڵاشینکۆڤ دەستڕێژیان لە محەممەد قادری کردووە، لە ئەنجامدا چەندین گولـلە بەر جەستەی ئەو کاسبکارە کەوتووە."
 
تەرمی محەممەد قادری گوێزراوەتەوە نەخۆشخانەی شاری بانە و هێشتا رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
 
کاسبکارەکە خەڵکی گوندی شوێی سەر بە شاری بانەیە، خێزاندارە و باوکی پێنج منداڵە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەوە دەبێتە چوارەم کاسبکار و کۆڵبەری کورد کە لە سنوورەکانی پارێزگای سنە کوژراون.
 
رۆژی 01-05-2024 کۆڵبەرێکی تەمەن 45 ساڵی خەڵکی شاری سەقز بەناوی هێمن ئەحمەدی لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا. هەروەها رۆژی 03-05-2024، جەلال سوهرابی، تەمەن 43 ساڵ و خەڵکی گوندی تاژانی سەر بە شاری بانە بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا.
 
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 07-05-2024، کۆڵبەرێکی تەمەن 40 ساڵی خەڵکی شاری بانە بەناوی عەتا رۆستەم پووە لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە کوژرا.
 
لە مانگی نیسانی ئەم ساڵیشدا لانیکەم چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 33 کۆڵبەریش بریندار کراون. 
 
لە مانگی ئاداریشدا، لانیکەم 13 کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لەدەستداوە کە چوار کەسیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، چوار کەس بەهۆی کەوتنەوە لە بەرزاییەکانەوە، دوو کەس بەهۆی رەقبوونەوە، کەسێک بە جەڵتەی دڵ و دوو کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ بووە؛ هەروەها لەو مانگەدا 78 کۆڵبەریش بریندار ببوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن