بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ پارتی پەیوەندیمان خراپە، بەڵام دەکرێت باشتر بکرێت

08-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بافڵ تاڵەبانی لە پەیمانگەی واشنتن لە ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نایاب نییە، بەڵام دەکرێت باشتر بێت. هەروەها دەڵێت، بەشێک لەو خراپییە بەهۆی "سەختیی دۆخەکەوەیە."
 
رۆژی چوارشەممە 08-05-2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیمانگەی واشنتن لە پانێڵێکدا گوتی "پارتی و یەکێتی دوو حیزبی جیاوازن؛ ئایدیۆلۆژیا، سیستم و پێکهاتەی جیاوازیان هەیە. هاوبەشیی دەسەڵاتی نێوانمان لەمکاتەی ئێستا وەک ئەوە نییە کە من دەمەوێت."
 
سەرۆکی یەکێتی گوتیشی "پەیوەندییەکە وەکو بەندۆڵێک وایە، هەندێک جار زۆر باشە و هەندێک جاریش زۆر خراپە. پێموانییە نێوانمان زۆر خراپ بێت، بەڵام بەندۆڵەکە بەردەوام بە ئاراستەی جیاواز دەجوڵێت."
 
بافڵ تاڵەبانی بەشێک لەو خراپییەی بۆ "قورسیی دۆخەکە" گەڕاندەوە و گوتی "بەهۆی ئەو کێشە ئەمنییانەی هەمانە. ئەو کێشانەی لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ سووریا، لەگەڵ ئێرانییەکان، لەگەڵ ئەمریکییەکان هەمانە لە عێراق. ئەو گوشارانەی هەن، ئایا پەیوەندییەکە نایابە؟ بێگومان نەخێر، ئایا باشتر دەبێت؟ بەڵێ."
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دڵتەنگیی خۆی دەربڕی و گوتی "هەموو شتێکمان نەکردووە کە دەبوو بیکەین، بەڕادەی پێویست یارمەتیی خەڵکمان نەداوە. بۆ نموونە هێشتا کارەبای 24 کاژێریمان نییە، ئەمە بچووکترین نموونەیە. بە ملیاران دۆلاری نەوت لە کوردستان دێت و دەچێت کەچی هێشتا خەڵک کارەبا لە مۆلیدەکان دەکڕن."
 
بەڵام نەیشاردەوە کە گەشیبنە و رایگەیاند "پێموایە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی دیکە خواستیان هەبێت بۆ چاککردنەوەی شتەکانی نێو کوردستان، ئەمە ئەگەری هەیە و دەکرێت. من زۆر گەشبینم. ژمارە یەک، من وەک بافڵ گەشبینم و ژمارە دوو، من لە رووی جیناتەوە گەشبینم، چونکە من جیناتی گەشبینیی مام جەلالم هەیە."
 
جگە لەو پانێڵەی لە واشنتن، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوێنێ (سێشەممە)، لەگەڵ هەر یەکە لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کیمبەرلی هارینگتۆن، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە و ئەلیزابێس ریچارد، رێکخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکانی، سەرۆکی یەکێتی باسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و کەرتی وزە و پرسە ئەمنییەکانی کردووە. 
 
لەبارەی هەڵبژاردن، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باربارا لیف، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاندووە "پێویستە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بکرێت و وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵك بێت، دیموكراسی بباتە ئاستێكی باڵاتر و گۆڕانكاری لە پرۆسەی حوکمڕانیدا بهێنێتە ئاراوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن