رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی سلێمانی دەڵێت، بۆ جەژنی قوربان کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ جگە لە گۆڕەپانی ئاژەڵانی شارەکە قەدەخەیە؛ گوتیشی، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، دەبێت سەرجەم ئاژەڵەکان لە سەربڕخانەی سلێمانی سەرببڕدرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-05-2025 ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی، لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی و ئاری سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانی سەردانی مەیدانی ئاژەڵانی شارەکەیان کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا ژمارەیەک رێنماییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون راگەیاند.
ئاوات محەممەد رایگەیاند، ''ئەم ساڵ بۆ جەژنی قوربان، جگە لە گۆڕەپانی ئاژەڵان، لە هیچ شوێنێکی دیکە رێگە بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ نادەین.''
بەگوتەی قایمقامی سلێمانی، کۆمپانیایەکی تایبەت ئامادەیی دەربڕیوە بێبەرامبەر پشکنین بۆ سەرجەم ئەو ئاژەڵانە بکات کە دەبرێنە گۆڕەپانەکە، ''بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە ئەوانەی دەکرێنە قوربانی، هەڵگری نەخۆشی نین''.
قایمقامی سلێمانی لەبارەی سەربڕینی ئاژەڵانیش گوتی: ''پێویستە ئاژەڵ تەنیا لەنێو سەربڕخانەی سلێمانی سەرببڕدرێت و رێگە نادەین لە شوێنە گشتییەکان، شەقام یان هەر شوێنێکی دیکە ئاژەڵ سەر ببڕدرێت.''
هاوکات لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانە تیمەکانیان لە جەژنی قورباندا و بەر لە جەژنەکە، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکان دەکەن.
لەیلا عومەر گوتی، "دۆخی ئەم ساڵ بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، سەربڕینی ئاژەڵ لە شەقام و کۆڵانەکان، هەروەها کڕین و فرۆشتنیان لە شوێنی دیکە جیا لە گۆڕەپانەکە، دژی رێنماییەکان و تەندروستیی هەموو لایەکە، بۆیە داوا دەکەین هاوکار و پابەندی رێنماییەکان بن.''
قسەکانی بەرپرسانی سلێمانی لەکاتێکدان، دوێنێ چوارشەممە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، 8 مردن و 54 تووشبووی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون کە زۆرترین مردن لە کەرکووک تۆمار کراوە.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستانیش تەنیا یەک تووشبووی تای خوێنبەروون تۆمارکراوە، کە پەیوەندیی لەگەڵ ئاژەڵ هەبووە و لە هەولێر چارەسەر وەردەگرێت.
تای خوێنبەربوون بە چەند رێگەیەک دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی ببێت و لە هەندێک دۆخدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "مردن لەنێو تووشبووان 10% بۆ 40%ـە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ