لە فێستیڤاڵی 'خوێندکارانی داهێنەر' لە زانکۆی سەلاحەدین 25 داهێنان نمایشدەکرێن

08-05-2025
پەیمان محەممەد
وێنەیەکی فێستیڤاڵەکە
وێنەیەکی فێستیڤاڵەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر فێستیڤاڵێک تایبەت بە ''خوێندکارانی داهێنەر'' بەڕێوەدەچێت، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، 25 پڕۆژەی داهێنەران نمایش دەکرێن، کە لەلایەن 125 خوێندکارەوە کاریان لەسەر کراوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-05-2025، هەشتەم فێستیڤاڵی ''قوتابییانی پێشەنگ'' لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر بەڕێوەدەچێت. هەوران عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو لە کۆی 148 پڕۆژە کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، تەنیا 25ـیان وەک پڕۆژەی پێشەنگ و داهێنەرانە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن.''
 
بەگوتەی هەوران عەبدوڵڵا، 'ئەو 25 پڕۆژەیە بە هاوکاریی 125 خوێندکار خراونەتەڕوو، واتا هەر پڕۆژەیەک پێنج کەس کاریان لەسەر کردووە.
 
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە گوتی، ''پڕۆژەکان خۆیان لە بواری جیاوازدا دەبیننەوە، زۆربەیان لە بواری ئەپلیکەیشنن و بۆ ئەوەن کە گرفتێک لە گرفتەکانی کۆمەڵگەی کوردی و بازاڕی کار چارەسەر بکەن.''
 
وەک هەوران عەبدوڵڵا دەڵێت، ئەو خوێندکارانەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، ''خوێندکاری قۆناخی دووەمی بەشە زانستییەکانن کە وەک تێپەڕاندنی وانەیەکی تایبەت (وانەی پەروەردەی پێشەنگکاری) کاریان لەسەر پڕۆژەکان کردووە.''
 
ئەو سەرپەرشتیارە لەبارەی ئامانجی فێستیڤاڵەکە گوتی: ''ئێمە دەمانەوێت تاکی کورد جیاواز بیر بکاتەوە، کۆمەڵێک کارامەیی و لێهاتوویی هەبێت و بتوانێت لە بازاڕی کاردا، لەپاڵ پسپۆڕییەکەی خۆی، کۆمەڵێک زانیاری و لێهاتوویی هەبێت.''
 
فێستیڤاڵەکە هەشت ساڵە بەڕێوەدەچێت. هەوران عەبدوڵڵا گوتی، ''تائێستا حەوت هەزار و 388 خوێندکار ئەو وانەیان  لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە و کۆمەڵێک خوێندکاریش، دوای دەرچوون پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان هەبووە."
 
یەکێک لە پڕۆژەکان ''زمانەکەت هەمەڕەنگ بکە بە ئیدیۆمەکان''ـە کە لەلایەن خوێندکارانی بەشی ئینگلیزی نمایشکراوە. یەکێک لە ئامادەکارەکان بە رووداوی گوت، ''ئێمە هەستمان بە ئاستەنگیی فێربوونی زمانی ئینگلیزی کرد، بۆیە بڕیارمان دا چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە، ئەویش بە دروستکردنی ئەپلیکەیشنێک کە هەزار و 200 ئیدیۆم یان دەستەواژە (ئینگلیزی-کوردی) لەخۆدەگرێت و لە ماوەیەکی کەمدا ئاستی زمانی ئینگلیزیت بەرز دەکاتەوە.''
 
هاوکات پڕۆژەیەکی دیکە لەلایەن خوێندکارانی بەشی باخچەی منداڵانی زانکۆکە نمایشکرابوو کە تایبەتە بە ''کتێبی رەنگکردن بە شێوە و کارەکتەری کوردی''؛ یەکێک لە ئامادەکارەکانی پڕۆژەکە گوتی، ''مەبەستمان لێی ناساندن و پەروەردەکردنی کولتووری کوردییە بە منداڵان.''
 
هەشتەم ساڵە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری و پاڵپشتیی فێستیڤاڵەکە دەکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.