رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان "ھەواڵێکی دڵتەزێن"ی بڵاوکردەوە و دەڵێت، حاجییەکی سنووری زاخۆ لە مەککەر کۆچی دواییکرد.
وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاندووە، "ئێستا بەداخەوە حاجییەکی خەڵکی ئیدارەی زاخۆ بەناوی (مریەم عەبدولعەزیز یوسف) لە شاری مەککە دوای تەواوبوونی ئەرکی حەج کۆچی دواییکرد."
بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی ئەوقاف بڵاویکردووەتەوە، حاجییەکە تەمەنی 70 ساڵە و لەدایکبووی ساڵی 1955ـە.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حاجییان ئەمڕۆ کاژێر 14:00 بۆ دوایین جار رێوڕەسمی جەمەراتیان کردووە و بەو شێوەیەش کۆتایی بە رێوڕەسمەکانی فەریزەی حەج هاتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لە سعودیەوە بۆ رووداو قسەی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنیا رێکارێک مابێت ئەوەیە کاتێک حاجییان دەگەڕێنەوە، بە چەند کاژێرێک پێش گەڕانەوە دەچن تەوافی ماڵئاوایی دەکەن."
ئەم ساڵ ئەوانەی بە رێگەی وشکانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج چوونە سعودیە، هەزار و 646 هاونیشتمانی و ئەوانەشی لە رێگەی ئاسمانییەوە چوون ژمارەیان سێ هەزار و 490 کەسە.
لەبارەی کاتی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان، نەبەز ئیسماعیل گوتی، "دەسەڵاتی گەڕانەوە لای عێراقە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی ئێمە، گەڕانەوەی گەشتی ئاسمانی نێوەڕاستی ئەم مانگە دەستپێدەکات و گەشتی وشکانییش کەمێک لەو وادەیە زووتر دەبێت."
16ی ئایار یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ