تەندروستیی هەولێر ئەو پزیشکانە مووچەبڕ دەکات کە بایکۆتیان راگەیاندووە

08-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دوێنێ شەممە بەشێک لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر بایکۆتی دەوامیان راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی هەولێر بە نووسراو مووچەبڕینی پزیشکەکانی راگەیاند و دەوامکردنی ئەو پزیشکانەی لە نەخۆشخانە تایبەتەکان قەدەخەکرد.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی هەولێر لە نووسراوێکدا کە واژۆی بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە و بۆ نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری، نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری و نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری منداڵانی ناردووە، دەڵێت: "بڕیارماندا بە سزادانی ئەو پزیشکانەی لە شوێنی خۆیان ئامادەنەبوون، بە بڕینی یەک رۆژ مووچە و هەژمارکردنیان بە نەهاتوو."
 
لە نووسراوێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە ئاراستەی نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەولێر کراوە، هاتووە: "دوابەدوای دەوامنەکردنی بەشێک لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی، ئاگادارتان دەکەینەوە هەر پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە کەرتی گشتی پابەندی دەوام نەبووە، نابێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەوام بکات. بە پێچەوانەوە، نەخۆشخانە بەرپرسیار دەبێت و دادەخرێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، د. شکۆ شێرکۆ، نوێنەری پزیشکانی ناڕازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە تەلەفۆن بە زۆربەی پزیشکەکان گوتراوە دەبێت بچنەوە سەر کاریان و بایکۆت بشکێنن."
 
د. شکۆ شێرکۆ دەڵێت: "شەش لەو پزیشکە خولاوانە کە نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر دەکەن، درەنگانی شەوی رابردوو رایانگەیاند بایکۆت دەشکێنن، ئەمەش بەو واتایە دێت؛ بەشێکی زۆری بایکۆتەکە شکێندراوە."
 
بایکۆتی ئەو پزیشکانە، وەک د. شکۆ شێرکۆ ئاماژەی پێدەکات، "بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی نوێ و ناڕەزایەتی لەسەر دانانی سیستمێکی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندیی پزیشکان بووە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە."
 
پزیشکی خولاو ئەوانەن کە کۆلێژی پزیشکیی گشتی تەواو دەکەن و لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکەن، دوای ئەو دوو ساڵە دەبنە پزیشکی پلەبەند کە ماوەکەی یەک ساڵە و لە بنکە و بنکە تەندروستییەکان دەوام دەکەن، پاشانیش دەبنە پزیشکی شارەزای گشتی یان پسپۆڕییەکی دیاریکراو دەخوێنن و دەبنە پزیشکی پایەبڵند و دوای تەواوبوونی پڕۆسەی خوێندنەکەش، دەبنە پسپۆڕ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وێنەکە لە بەنامەکەوە وەرگیراوە

بەرپرسیاری رەمەزان؛ باوکی 3 منداڵ بە یەک قاچەوە قوتوو و کارتۆن کۆدەکاتەوە

خۆشناو عەبدولڕەزاق، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی کەمئەندامە لە هەولێر، کە بە یەک قاچەوە ناچارە کارتۆن و قوتووی بەتاڵ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خێزانە پێنج کەسییەکەی دابین بکات. ئەو رۆژانە کەمتر لە 5 هەزار دیناری دەستدەکەوێت، لە کاتێکدا مانگانە 200 هەزار دینار کرێی خانووەکەی دەدات.