بەشێک لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بە پێویستی نازانن نوێنەرایەتییان لە دیمەشق هەبێت

07-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی هەشت مانگە رژێمی بەشار ئەسەد رووخاوە، پێشتر چەند حیزبێکی باشووری کوردستان نووسینگەی نوێنەرایتییان لە دیمەشق هەبوو، ئێستاش بەشێکیان کار بۆ کردنەوەی دەکەن، بەڵام چەند حیزبێکیش بە گرنگی نازانن نوێنەریان لە دیمەشق هەبێت.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێکە لەو حیزبانەی کە پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ سووریا هەیە، بەوپێیەی ئەو حیزبە لەوێ دامەزارەوە و لەوکاتەشەوە پەیوەندیی لەگەڵ سووریا ماوە.
 
سەعدی پیرە: نوێنەرایەتیمان لە دیمەشق بێ کێشە بەردەوامە لە کارەکانی
 
رۆژی دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نوێنەرایەتیی لە دیمەشق هەبوو، ئێستاش هەر ماوینەتەوە و لە هەمان باڵەخانە و شوێن کارەکان بەڕێوەدەبرێن و هیچ کێشەیەک نییە".
 
حیزبی سۆسیالیست: دەرفەت دروستبووە ناوەندێکی سیاسی و رۆشنبیری بکەینەوە
 
حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیش، یەکێکە لەو حیزبانەی کە پێش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیش، نوێنەرایەتییان لە دیمەشق هەبووە. 
 
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حیزبەکە بە رووداوی گوت: لە ساڵی 1979ـەوە تاوەکو ئێستا، نووسینگەی پەیوەندییەکانی حیزبەکەمان لە سووریا هەیە و ئێستاش هەر بەردەوامە.
 
گوتیشی: "دەرفەتمان بۆ دروستبووە کە ناوەندێکی سیاسی و رۆشنبیری و پەیوەندیمان هەبێت و کارەکانمان بەڕێوەببەین".
 
کۆمەڵ و یەکگرتوو: نوێنەرایەتیمان نییە
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە رابردوودا نوێنەرایەتی لە دیمەشق نەبووە و بە پێویستیشی نازانێت هەیبێت. عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت، "پێشتر لە دیمەشق نوێنەرایەتیمان نەبووە، بۆ ئێستاش هیچ بەرنامەیەکی وامان نییە".
 
بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی پێشتر نوێنەرایەتی هەبووە. سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی ئەو حیزبە لەوبارەوە گوتی، "بۆ ئێستا نوێنەرایەتیمان نییە، هێشتا هیچ گفتوگۆیەکیش لەوبارەیەوە نەکراوە، ئەگەر پێویستی کرد قسەی لەسەر دەکەین".
 
حیزبی شیوعی: کاری حیزبەکان لەنێوخۆیە نەک دەرەوە
 
هیوا عومەر، جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "پێشتر نوێنەرایەتیی حیزبی شیوعی عێراق لە دیمەشق هەبوو، بەڵام ئێستا هیچ نوێنەرایەتییەکی لێ نییە، پێمان وایە دەبێت نوێنەرایەتییەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە هەبێت، بەڵام یەکسان بێت و لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبەکان نەبێت".
 
جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی دەڵێت، "کاری حیزبەکان ناوخۆی کوردستانە نەک وڵاتانی دەرەوە، بۆیە حکومەت نوێنەرایەتی هەبێت باشترە".
 
گۆڕان: نوێنەرایەتی لە دەرەوە لەگەڵ دەستوورمان ناگونجێت
 
بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستا دووچاری کێشەی نێوخۆیی بووە و بەسەر دوو بەرەدا بەش بووە (زەرگەتە و کوردسات)، بە پێویستی نازانێت نووسینگەی نوێنەرایەتی لە وڵاتان هەبێت، چونکە وەک ئەندامێکی جڤاتەکەی دەڵێت: لەگەڵ دەستووریان ناگونجێت.
 
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (لە گردی زەرگەتە) بە رووداوی راگەیاند: "پێویست ناکات لە هیچ وڵاتێک نوێنەرایەتیمان هەبێت بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ، ئەمە لە کاتی کاک نەوشیروانەوە ئەم بیروڕایە هەبووە و لە دەستوورەکەماندا هاتووە، بۆیە نادەستوورییە و ئێمە لە هیچ شوێنێک نوێنەرایەتیمان نییە و نامانبێت".
 
رۆژی 2024-12-08، گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شام بوو، حکومەتی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکی کاتییان پێکهێنا.
 
دواتر حکومەتێکی کاتیی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع پێکهێنرا کە پێشتر بە محەممەد جۆلانی ناسراوبوو و سەرۆکی حیزبی تەحریری شام بوو. ئێستا سووریا لە قۆناخی کرانەوەدایە و حکومەتەکەی راگوزەرە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.