رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی خەڵکی چەمچەماڵ لە شاری هەولێر کوژرا. هاوسێیەکی ماڵی تۆمەتبارەکە دەڵێت، بکوژی گەنجەکە خەزووری خۆیەتی و بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئابی 2023، گەنجێکی دانیشتووی چەمچەماڵ بە ناوی "دیاکۆ ئاکۆ" لە شاری هەولێر کوژرا؛ سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری کوشتنی ئەو گەنجە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و دوای رووداوەکە، بکوژ خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە".
هاوسێیەکی ماڵی تۆمەتباری کوشتنی ئەو گەنجە کە شایەتحاڵی رووداوەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو گەنجە زاوای هاوسێیەکی ئێمەیە لە گەڕەکی ئازادی لە بنەسڵاوە؛ لەگەڵ خێزانی خۆی کێشەی هەبوو، دوێنێ هاتە ماڵی خەزووری و دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروستبوو؛ ئەمڕۆ جارێکی دیکە گەنجەکە هاتەوە و لەگەڵ خەزووریدا بوو بە شەڕیان و لە ئەنجامدا خەزووری زاواکەی خۆی کوشت".
ئەو شایەتحاڵە گوتیشی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ زاواکە کوژراوە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە کەسوکاری کوژراوەکە چوونەتە سەر ماڵی بکوژ و ماڵەکەیان سووتاندووە. گوتیشی، "کاتێک کەسوکاری گەنجەکە هاتن، ماڵی تۆمەتبار، ماڵەکەیان چۆڵکردبوو".
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، پار لە هەرێمی کوردستان 183 رووداوی کوشتنی بە ئەنقەست، 32 رووداوی کوشتنی بە هەڵە و 240 رووداوی خۆکوشتن تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ