د. مورشید خەزنەوی: پێویستە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە ئامادەییدا بن

08-08-2025
مالیک محەممەد
د. مورشید خەزنەوی
د. مورشید خەزنەوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

د. مورشید خەزنەوی رایگەیاند، پێویستە کورد لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەکاری بۆ هەر هێرشێکی گرووپەچەکدارەکان بکات.
 
د. مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی دیاری رۆژئاوای کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، رەخنەی تووندی لە حکومەتی سووریا گرت لە بەرامبەر رووداوەکانی چەند مانگی رابردووی پارێزگاکانی وەکو لازقییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست و پارێزگای سوەیدای زۆرینە دروزی باشووری سووریا.
 
خەزنەوی گوتی، "نازانم حکومەت چۆن رێگە بەو چەتانە دەدات هێرش بکەنە سەر عەلەوی و دروزەکان؟هەڕەشەی ئەو گرووپانە بەردەوامە و بۆیە پێویستە ئێمەش ئامادەکاریمان هەبێت."
 
رۆژانی 7-9ی ئادار شەپۆلێکی تووندوتیژی پارێزگا زۆرینە عەلەوینشینەکانی سووریای گرتەوە و بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 1500 عەلەوی کوژران و دەیانی دیکەش تاوەکو ئێستا بێ سەروشوێنن.
 
مانگی رابردووش کوشتار پارێزگای سوەیدای زۆرینە دروزنشینی گرتەوە و زیاتر لە 900 کەس کوژران کە زیاتر لە 600 کەسیان دروز بوون. 
 
د. مورشید خەزنەوی گوتیشی، "ئێمە لەگەڵ ئاشتی و دانوستاندنین، بەڵام کاتێک شەڕ بێتە بەر دەرگامان، ئیدی دەبێت بۆی ئامادە بین."
 
"ناناوەندی لە سووریا و پاراستنی مافی نەتەوە و پێکهاتەکان"
 
لە چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەک کۆنفرانس لە رۆژئاوای کوردستان لەبارەی شێوازی کاری کورد و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق بەڕێوەچوون.
 
یەکێک لەوان رۆژی 26ـی نیسانی ئەم ساڵ بوو لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بەناوی کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' کە بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
 
بە بڕوای د. مورشید خەزنەوی، "ئەو ناناوەندییەی لە سووریادا هەبووە وایکردووە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریا مافەکانیان زەوت بکرێن؛ بۆیە داواکاری سەرەکی ئەنجامی کۆنفرانسەکەی کورد ناناوەندی بوو بۆ ئەوەی مافی سەرجەم نەتەوەکان پارێزراو بێت."
 
یەکێکی دیکەشیان کۆنفرانسی یەکهەڵوێستی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بوو کە ئەمڕۆ لە حەسەکە بە بەشداری نوێنەرانی کورد، عەرەب، دروز، سریان، ئەرمەن، تورکمان و عەلەوییەکان بەڕێوەچوو.
 
د. مورشید خەزنەوی لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و پشتگیری خۆی بۆ هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپات کردەوە و داوای کرد بۆ پاراستنی رۆژئاڤا لە ئامادەییدا بن.
 
سەبارەت بە سیستمی دیموکراسی، ئەو کەسایەتییە ئایینییەی رۆژئاوای کوردستان گوتی، "دیموکراسی دژی ئیسلام نییە، بەڵکو رێگەیەکی گرنگ و باشە بۆ پاراستنی مافی نەتەوەکان."
 
لەبارەی سیستمی بەڕێوەبردن لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، د. مورشید خەزنەوی گوتی، "لە رۆژئاڤادا ئازادی تەواو بۆ سەرجەم پێکهاتە و ئایینەکان هەیە. ئێمە دەبینین لە ناوچەکانی دیکەی سووریادا تاوەکو ئێستا دان بە ئایینی ئێزدیدا نەنراوە و مافیان پێشێل دەکرێ. باشترین و جوانترین نموونەی بەڕێوەبردن لە سووریادا سیستمی بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە."
 
لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆدا هاتبوو، "ئەنجامی کۆنفرانسی یەکێتیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و نێوەڕۆکەکەی، نیشاندەری ویستێکی ئازاد، هۆشیارییەکی هاوبەش و سووربوونە لەسەر دامەزراندنی سووریایەکی ئازاد، یەکگرتوو، دیموکراسی، فرەڕەنگ و ناناوەندی کە تێیدا یاسا سەروەر بێت، شکۆی مرۆڤ پارێزراو بێت و هەموو کەسێک بە ئازادی و یەکسانی بژی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.