رووداو دیجیتاڵ
لە سێ رووداوی جیادا لە زێی گەورە لە سنووری پارێزگای هەولێر، سێ کەس لە ئاودا خنکان. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، یەکێک لە خنکاوەکان کچێکی 17 ساڵە.
رۆژی هەینی 8ـی ئەیلوولی 2023، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تیمەکانمان لە سێ رووداوی خنکان ئاگادارکرانەوە کە یەکێکیان لە سنووری گوندی مەنداوە بوو لە قەزای خەبات؛ یەکێکی دیکە لە سنووری کەورگۆسک و ئەوی دیکەش لە گوندی زەنگەر سەر بە قەزای خەبات بووە؛ هەر سێ رووداوەکە لە ئاوی زێی گەورەدا روویانداوە".
سەرکەوت کاڕەش گوتی، یەکێک لەو کەسانە ناوی عەبدولسەلام سەباح، لەدایکبووی ساڵی 2010یە و دانیشتووی گەڕەکی مامزاوای هەولێر بووە؛ یەکێکی دیکەش ناوی رۆکان عەبدولباقی، تەمەنی 17 ساڵ و دانیشتووی دارەشەکران و کچە؛ خنکاوی سێیەمیش ناوی نامیق جەبار، تەمەنی 40 ساڵە و دانیشووی شاوێس بووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی، دوو تەرمەکان دەرنەهێندراون و تیمەکان تەرمی کچەکەیان دۆزیوەتەوە. بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی ئامارەکە تاوەکو ئەو رێککەوتە، 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19 لە پارێزگای دهۆک، 14 لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە خنکاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ