سەرۆک بارزانی: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش

08-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس 24ی فەرەنسی، هۆشداریی دا لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و رایگەیاند: "ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکشێنەوە، رووبەڕووی هەمان سیناریۆی 2012 دەبینەوە و داعش سەرهەڵدەداتەوە." سەرۆک بارزانی هەروەها تیشکی خستە سەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
 
ئەم هەڤپەیڤینەی سەرۆک بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بوو بۆ فەرەنسا، کە هەینیی رابردوو بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی رێڕۆیەک بە ناوی "پێشمەرگە" لە پاریسی پایتەخت ئامادە بوو.
 
دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ترسی شەڕی کورد و عەرەب
 
سەبارەت بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی تووندوتیژییەکان دەربڕی و پشتگیریی خۆی بۆ رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی راگوزەری سووریا دووپاتکردەوە. 
 
سەرۆک بارزانی هۆشداریی دا لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوان پێکهاتەکان و گوتی: "گەورەترین ترسی من ئەوەیە کە دەستێک هەبێت ببێتە هۆی شەڕی نێوان کورد و عەرەب. ئێمە بە هەموو هێز و توانامانەوە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی ئەوە روونەدات."
 
سەرۆک بارزانی جەختی لەوەش کردەوە "شەڕ چارەسەر نییە" و پێویستە حکومەتی نوێی سووریا رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرن.
 
پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی؛ "هیوادارم ئۆجەلان ئازاد ببێت"
 
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدانان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، بە تەواوی پشتگیریی پرۆسەکە دەکەن و گوتی: "پرۆسەی ئەمجارە جیاوازە لەوانی رابردوو. ئێستا هەم حکومەت، هەم پەرلەمان، هەم شەقامی تورکیا پشتیوانی لێ دەکەن، دەبینین کە هەمووان لەگەڵ پرۆسەی ئاشتیدان."
 
سەبارەت بە ئەگەری سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، سەرۆک بارزانی گوتی: "بێگومان هیوادارم بتوانم چاوم پێی بکەوێت، بەڵام لە دەرەوەی زیندان." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پێیوایە ئازادکردنی ئۆجەلان "ئەنجامێکی پرۆسەی ئاشتی دەبێت."
 
هۆشداری لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
 
یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی قسەکانی سەرۆک بارزانی، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق. سەرۆک بارزانی بە روونی هۆشداریی دا و گوتی: "هیچ گومانێکی تێدا نییە. ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکشێنەوە، ئەم جارەش رووبەڕووی هەمان سیناریۆی 2012 دەبینەوە و داعش سەرهەڵدەداتەوە، هیچ گومانی تێدا نییە."
 
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە "عێراق هێشتا پێویستی بە هێزی ئەمریکی و هاوپەیمانان هەیە" چونکە مەترسیی داعش ماوە. 
 
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و کێشەی داننەنان بە فیدراڵی دا
 
لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە هێشتا ئاستەنگ لەبەردەم پەیوەندییەکاندا ماون، بەڵام چارەسەر لە رێگەی دەستوورەوە دەبێت.
 
سەرۆک بارزانی گوتی: "ئێمە دەستوورێکمان هەیە کە نەخشەڕێگەیە بۆ ئێمە و بۆ بەغدا. داوای هیچ شتێک ناکەین زیاتر لەوەی لە دەستووردا هەیە، بەڵام رێگەش نادەین پێشێل بکرێت."
 
هەروەها ئاماژەی بە کێشەیەکی بنەڕەتی کرد و گوتی: "کێشەکە ئەوەیە کە بەغدا دان بە فیدراڵیدا نانێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە