رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە باشی بەڕێوەچوون. دەشڵێت، "بڕیارە لە 48 کاژێری داهاتوودا ئەنجامەکان رابگەیێندرێن".
رۆژی 21ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوێکدا خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی 23ـی ئابی 2025 یەکەم تاقیکردنەوەی خولی دووەم کاژێر 07:30ـی بەیانی دەست پێدەکات.
ئەمڕۆ 08ـی ئەیلوولی 2025، نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوایین رۆژی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بوو، بۆ بەشی وێژەیی جوگرافیا و بۆ زانستی فیزیا".
بە گوتەی نوورەدین عوسمان، تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم زۆر باش و بێ کێشە بوون و گوتیشی: "گزیکردن کەم بوو، بەڵام هێشتا داتاکانمان کۆنەکردوونەتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: "ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەکنیکی روونەدات، لە 48 کاژێری داهاتوودا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی رادەگەیێنین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ