گومرگی کرماشان: هەناردەی کاڵا لە شووشمێ و شێخ سڵەوە زیادی کردووە

08-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان دەڵێ، هەناردەکردنی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی رابردوودا لە دەروازەی سنووریی شووشمێ بە رێژەی 29٪ و لە دەروازەی سنووریی شێخ سڵەوە بە رێژەی 5٪ بەراورد بە هەمان ماوەی پار زیادی کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2025 رەزا نیک رەوش، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا هەناردەکردنی کاڵا لە دوو دەروازەی سنووریی شووشمێ و شێخ سڵەوە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەو دوو دەروازە سنوورییە رۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدانی بازرگانیی نێوان ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە.
 
بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێ، لەو شەش مانگەدا 286 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی شووشمێوە هەناردە کراوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار لەڕووی نرخەوە 29٪ زیادی کردووە.
 
بە گوتەی رەزا نیک رەوش، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 317 هەزار تۆن کاڵا بایی زیاتر لە 231 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی شێخ سڵەوە هەناردە کراوە، ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی پار لەڕووی نرخەوە 5٪ زیادی کردووە.
 
نیک رەوش گوتیشی، کاشی، سیرامیک، کارتۆن، قاپی پلاستێکی، شووشە، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەردی ئاسن، گەچ، ئامێری کشتوکاڵ، بەرهەمی پیشە دەستییەکان و سەوزە و میوە، زیاترین ئەو کاڵانەن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی شووشمێ و شێخ سڵەوە هەناردە کراون.
 
پارێزگای کرماشان 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ باشووری کوردستان و عێراق هەیە. پارێزگەکە پێنج دەروازەی سنووری هەیە کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، لەوانەش شووشمێ و شێخ سڵە؛ دەروازەیەک دەکەوێتە سنووری خانەقینی باشووری کوردستان و دەروازەکەی دیکەش لەسەر سنووری ناوچەی مەندەلیی باشووری کوردستانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس بەیاتی،  ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق

عەباس بەیاتی: پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوە دەڵێت، سەردانەکەیان بۆ هەولێر و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، جەختکردنەوە بووە لەسەر مێژوویەکی هاوبەشی خەبات و بونیادنانی حکومەتێکی بەهێز لەسەر بنەمای هاوبەشی. ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت دەستوور ببێتە بنەمای یەکلاییکردنەوەی تەواوی کێشەکان.