رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی دەستبەسەرکردنی بەرپرسانی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شار لە کرماشان، بەڕێوەبەری رێکخراوێکی سەر بە شارەوانیی ئەو شارە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کرا.
میدیاکانی پارێزگای کرماشان رۆژی شەممە 08-11-2025 بڵاویانکردەوە، هێزەکانی هەواڵگریی سوپای پاسداران بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوێکی سەر بە شارەوانیی کرماشانیان بە تۆمەتی گەندەڵی، سەرپێچیی ئیداری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی دەستبەسەر کردووە.
ناو و پۆستی ئەو بەرپرسە دەستبەسەرکراوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە گشتیی بەپێی رێوشوێنەکانی شارەوانی لە ئێران، رێکخراوەکانی خزمەتگوزاری شاری، ئاگرکوژێنەوە، رێکخراوی کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکان، رێکخراوی سەوزکردن و جوانکردنی شارەکان و هەروەها رێکخراوی رێکخستنی کاروباری پیشەکان سەر بە شارەوانین و هەر کامێکیان بەڕێوەبەر و ستافی تایبەت بەخۆیان هەیە.
میدیاکانی کرماشان لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی شارەکەوە بڵاویانکردووەتەوە، دەستبەسەرکردنی ئەو بەرپرسەی شارەوانی لە درێژەی بەدواداچوون و دۆزینەوەی کەسانی گەندەڵ و سەرپێچیکارە لەنێو دامودەزگا حکومییەکانی پارێزگاکەدا.
حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان، رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 رایگەیاند، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری کرماشان و سەرۆکی یەکێک لە ناوچەکانی شارەوانیی کرماشان، بەڕێوەبەرێک و دوو فەرمانبەری شارەوانیی ئەو شارە دەستبەسەر کراون.
داواکاری گشتیی کرماشان راشیگەیاند، بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی بەرپرسیارێتییان لە ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی کرماشان و وەرگرتنی بەرتیل دەستبەسەر کراون، بەڵگەیان هەیە، لە سەرچاوە گشتییەکان و پڕۆژەکانی شارەوانی پارەیەکی زۆریان بۆ خۆیان هەڵگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ