رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکەی 70ـی پێشمەرگە رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو رێکارەکانی گواستنەوەی یەکەی 70 تەواو دەبن و بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی دەنێرن. فەرماندەی یەکەی 80ـیش گوتی: "رێکارەکانمان لە وەزارەتیش تەواو بوون و تەنیا رێوڕەسمی ناساندنی دەڤەری یەک ماوە."
لە ماوەی رابردوودا کاری جیدی کراوە بۆ ئەوەی هەردوو یەکەی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکەی 70ی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆبکرێنەوە.
رۆژی دووشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی 70ـی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا خەریکی رێکارەکانین. لە ماوەی هەفتەیەکدا هەموو رێکارەکان تەواو دەبن و ئیدی وردەکارییەکە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەنێرین، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکان لەوێ."
گوتەبێژی یەکەی 70 باسی لەوەش کرد: "رێکارەکان لە قۆناخی کۆتاییدان."
لە تشرینی دووەمەوە رێکارەکانی یەکەی 80 تەواو بوون و بۆ وەزارەتی پێشمەرگەیان ناردوون. نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80 بە رووداوی راگەیاند: "هەموو رێکارەکانمان لە وەزارەتی پێشمەرگەش تەواو بوون. دەڤەری یەک دروستبووە و تەنیا رێوڕەسمی ناساندنی ماوە."
لەبارەی کاتی رێوڕەسمی ناساندنی دەڤەری یەک، فەرماندەی یەکەی 80 گوتی: "کاتەکەی دیار نییە، دەگەڕێتەوە سەر حکومەت و هاوپەیمانان."
هاوکات لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: "فەرماندەیی دەڤەری یەک دروست بووە. رێکارە کارگێڕییەکانی دەڤەری دوو ماون."
ڕۆژی 16ی ئەیلوولی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو."
دوای کۆبوونەوەکە، بەرپرسێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارە یەکەی ژمێریاری بۆ هێزی پێشمەرگە بکرێتەوە. کردنەوەی ئەو یەکەیە دەبێتە دوایین قۆناخ بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ