رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری بانە رایگەیاند، دەروازەی سنووریی نیمچە فەرمیی هەنگەژاڵ، کە بۆ هاتووچۆی کۆڵبەران کرابووەوە، دوای مانگێک لە داخرانی "سەرەڕای هەوڵەکان" هێشتا نەکراوەتەوە. دەشڵێت، قبووڵی ناکەن دەروازەکە لە دیوی هەرێمی کوردستان لەلایەن "ژمارەیەک چەکدارەوە" بەڕێوەببرێت.
کەمال خدری، قایمقامی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە، رۆژی 08-01-2024 رایگەیاند، "ئەم دەروازە سنوورییە بەهۆی ناکۆکیی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر لایەنی دارایی و بەڕێوەبردنی داخراوە و هێشتا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی هەنگەژاڵ نەدراوە."
بەڵام زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن رەتیکردەوە ئەو دەروازەیە کرابێتەوە و رۆژی 01-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەروازەی هەنگەژاڵ لەدوای ریفراندۆمەوە لە 25-09-2017 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داخرا و تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە."
بەرپرسانی پارێزگای سنە دەڵێن، دەروازەی نیمچە فەرمیی هەنگەژاڵیان بۆ هاتووچۆی کۆڵبەران و رەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتووانی سنوور کردووەتەوە.
بازاڕچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانەی سەر بە پارێزگای سنە رۆژی 23-10-2023 بە شێوەیەکی فەرمیی کرایەوە؛ بەڵام دوو مانگ دوای کردنەوەی، دیسان داخرایەوە.
لە دوو رێوڕەسمی جیادا لە 13-09-2023 و 23-10-2023 بەرپرسانی ئێران، کە ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنە و قایمقامی بانە ئامادەیان بوون، کردنەوەی دەروازەی سنووریی نیمچە فەرمیی هەنگەژاڵیان راگەیاند، کە شەش ساڵ بوو داخرابوو. دەروازەکە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە سەر بە قەزای پێنجوێنە لە پارێزگای سلێمانی.
قایمقامی شاری بانە گوتی، "ئەو بازاڕچەیە لەو ماوەیەدا 130 ملیار تمەن (دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆلار) داهاتی بۆ خەڵکی ناوچەی سنوور هەبووە و رۆژانە 50 باری وەکو ساردکەرەوە، تەلەڤیزیۆن و کەلوپەلی نێو ماڵی لێوە گوازراوەتەوە.
کەمال خدری رۆژی 08-01-2024 گوتی، "لە ئەستۆی پارێزگاری سنەدا نییە کە بەدواداچوون بکات بۆ داخرانی دەروازەی سنووریی هەنگەژاڵ، بەڵکو ئەوە ئەرکی وەزارەتی دەرەوەیە." قایمقامی بانە گوتیشی، "حکومەتی ناوەندیی عێراق دەیەوێت بۆ خۆی ئەو دەروازە سنوورییە کۆنترۆڵ بکات و هێزی خۆی تێدا جێگیر بکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە ژمارەیەک چەکدار بەڕێوەی ببات، بەڵام ئەم دۆخە قبووڵکراو نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ