رێگە بە خۆپێشاندەران نەدرا بچنە هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا بێت رێگەی پێنادرێت

09-02-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، فەرمانبەران و مووچەخۆران و هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام ئەوەی هۆکاری ناڕازیبوونەکەیە حکومەتی عێراقە کە "ستەم" دەکات. لەبارەی هەوڵی چوونی ژمارەیەک کەسیش بۆ هەولێر تاوەکو لەوێ مانبگرن کە لە بازگەی دێگەڵە رێگەیان پێنەدرا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپێشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگری لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت، رێگەی پێنادرێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 9-2-2025 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر لەبارەی مانگرتووانی سلێمانی و هەوڵی ژمارەیەک لە مامۆستا و فەرمانبەران کە دەیانەویست بچنە هەولێر، گوتی: "مامۆستا و فەرمانبەر و مووچەخۆر و تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام ناڕازیبوونەکە لە کوێیە؟ لە بەغدایە. بەغدا ئەو ستەمە لە ئێمە دەکات". 
 
ئومێد خۆشناو گوتی، کێشەیان لەگەڵ داواکاری مانگرتووانی سلێمانی نییە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوانەی لە پشت خێوەتەکەوە بابەتەکانیان ئاوەژوو کردووەتەوە و تێكەڵی کێشەی دیکەیان کردووە و باسی ئەوە دەکەن کە ئەوە رای گشتی لەگەڵدایە (بەو جۆرە نییە)؛ رای گشتی لە 20ی ئۆکتۆبەری دەریخست کە زۆرینە لەگەڵ کێیە. هێشتا پەرلەمانەکەمان دەستبەکارنەبووە و کابینەی نوێ دەستبەکارنەبووە، کەچی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق لە پشت خێوەتەوە دەستی پێکردووە".
 
پارێزگاری هەولێر لەبارەی سەردانی بەشێک لە ئەندامانی شاندەکەی رۆژی هەینی پەرلەمانی عێراق بۆ شوێنی مانگرتووان قسەی کرد و گوتی: "ئەوانەی لە بەغدا پێشنیازیان کردووە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت، ئێستا لە پشت خێوەتەکەوە قسە دەکەن. ئەوانەی لە بەغدا دەستیان هەڵبڕیوە و دەنگیان پێداوە و دژایەتی ئەزموونی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هاتوون لە بن خێوەتەکە فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن". 
 
ئومێد خۆشناو لەبارەی پێشوازینەکردن لە "میوانی رەزا قورس" کە ئەم بەیانییە گوتبووی، رایگەیاند: "لەگەڵ ئەو عەرەبانەمانە کە ئێستا لە دێگەڵە لەنێو کۆستەرەکاندان؛ عەرەبێک نە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانە و نە فەرمانبەری ئێمەیە و لەوێ بودجەی ئێمە ئەوان دەیبڕن و ئەوان بێن بەناوی خۆپیشاندەر و بەناوی خەڵکی ناڕازی هەرێمی کوردستان کێشە و گرفتەکانی دیکە بێننە هەولێر، ئەوانە رێگەیان پێنادرێت؛ ئەوانە رەزا قورسەکانن، نەوەک ئەوانەی کە فەرمانبەری هەرێمی کوردستانن. حەقی خۆیانە هەموو هەرێمی کوردستان مان بگرێت و خۆپیشاندان بکات و ناڕەزایی دەربڕێت بەرامبەر بەو زوڵم و ستەمەی لە بەغدا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت". 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری سلێمانییەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن و گوتیان، ئامانجیان ئەوەیە داواکاری مانگرتووان لە نزیکەوە بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەیێنن،  بەڵام لە بازگەی دێگەڵە رێگەیان پێنەدرا.
 
لەو بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە، کۆمەڵێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن".  
 
هەروەها دەڵێت "سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپێشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت".
 
لە لایەکی دیکەوە جێگری جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، دوای چەند کاژێرێک لە دەستگیرکردنی، ئازاد کرا.
 
نەوزاد عومه‌ر، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لقی هه‌ولێری یه‌كێتیی مامۆستایانی‌ كوردستان و كارگێڕی‌ سكرتاریه‌تی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ مامۆستایانی‌ پێشه‌نگ کە سەر بە کۆمەڵی دادگەریی کوردستانە، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری هەولێر دەستگیرکرا و دوای چەند کاژێرێک ئازاد کرا.
 
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مامۆستا نەوزاد لە دەرەوەی ماڵ دەستگیرکراوە، ئەویش بەهۆی دەنگۆی هەبوونی خۆپێشاندان لە شاری هەولێر".
 
شوان رابەر گوتیشی، کادیرەکەیان دوای چەند کاژێرێک ئازادکراوە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە