لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهات

09-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پێکهێنا.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی شەممە 9ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهات، دادوەر عامر موسا حوسێنی ئەندام و نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە لە لیژنەکەدا.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، کاری لیژنەکە بریتییە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی رێکوپێک، پاراستنی ئۆفیسی ناوەندەکانی هەڵبژاردن و تۆمارکردن، کۆگاکان، ناوەندی دەنگدان، تەنانەت دەنگدەران کە لە رۆژی دەنگدان دەنگدەدەن، پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی دەنگدەر، پاراستنی کۆگا و کەرەستەکانی هەڵبژاردن لە نێو کۆگاکاندا لەگەڵ بابەتی گواستنەوەی ئامێر، فۆرم و کەرەستەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لیژنەیەکی ناوەندیی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی کوردستان پێکهێناوە.
 
جومانە غەلای رۆژی پێنجشەممە 7ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەباس فەرحان، سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردن و ئەندامیێتی ژمارەیەک بەڕێوەبەرانی گشتی، فەرمانبەرانی تەکنیکی، کارگێڕی، یاسایی و دارایی تایبەتمەند بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهێندراوە.
 
لەبارەی ئەرکی لیژنەکە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەرکی لیژنەکە بریتی دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و سیستمانەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیساران دەردەکرێن.
 
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمی بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد، کە رۆژى 10-6-2024ـە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە