رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی چین لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستییەکانیدا، پرۆگرامی سکۆلارشیپی بێبەرامبەری بۆ خوێندکارانی نێودەوڵەتی، لەنێویشیاندا خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاستەکانی ماستەر و دکتۆرا راگەیاند.
سکۆلارشیپەکە لەڕێگەی دوو پرۆگرامی سەرەکییەوە پێشکێش دەکرێت: "مۆفکۆم" (MOFCOM) و "سی ئێس سی" (CSC)، کە دەرفەتێکی گرنگ بۆ خوێندکارە بەهرەمەندەکان دەڕەخسێنن لە زانکۆ پێشەنگەکانی ئەو وڵاتە درێژە بە خوێندن بدەن. ساڵانە نزیکەی 20 خوێندکاری کورد لەم پرۆگرامانە وەردەگیرێن.
پشتیوانییە داراییەکان
خوازیاران دەکرێت لە رێگەی ئەم دوو لینکەی خوارەوە داواکاری پێشکێش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن:
ئەو خوێندکارانەی وەردەگیرێن، حکومەتی چین تەواوی تێچووەکانیان لە ئەستۆ دەگرێت، کە بریتین لە:
- بەخشین لە کرێی خوێندن.
- دابینکردنی شوێنی مانەوە و بیمەی تەندروستی.
- بلیتی فڕۆکە بۆ چوون و گەڕانەوە.
- دەرماڵەی مانگانەی بژێوی (نزیکەی 400 دۆلار).
رێکارەکان بۆ فەرمانبەران و دەرچووان
فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە داواکاری پێشکێش بکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن. ئەو خوێندکارانەشی دانەمەزراون، دەتوانن راستەوخۆ ئەپڵیکەیشن پڕبکەنەوە، بەڵام پێویستە رەچاوی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن و دواتر لە وەزارەت فایل بکەنەوە بۆ مەبەستی یەکسانکردنی بڕوانامەکانیان.
کات و مەرجەکانی زمان
خوێندن لە زۆربەی زانکۆکانی چین بۆ خوێندکارانی بیانی بە زمانی ئینگلیزییە. فێربوونی زمانی چینی (ماندەرین) تەنیا وەک بابەتێکی لاوەکییە و بەسەر خوێندکاردا ناسەپێندرێت. مەرجە پێشکێشکار بڕوانامەی (IELTS) یان (TOEFL)ـی هەبێت، چونکە چانسی وەرگرتن زیاد دەکەن.
کۆتا وادە بۆ پێشکێشکردن 3ی ئایاری 2026ـە. ئەنجامەکان لە نێوان مانگەکانی حوزەیران و تەممووز رادەگەیێندرێن و دەستپێکی خوێندنیش لە مانگی ئەیلوولی 2026 دەبێت.
جیاوازیی نێوان "مۆفکۆم" و "CSC"
سکۆلارشیپی مۆفکۆم (MOFCOM): لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی چینەوە پشتگیری دەکرێت. خوێندکار تەنیا بۆ یەک زانکۆ داواکاری پێشکەش دەکات. دەرماڵەی مانگانەی زیاترە و بەهۆی کەمیی رکابەری تێیدا، چانسی وەرگرتن تێیدا زۆرترە.
سکۆلارشیپی (CSC) - جۆری A: لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای چینەوە بەڕێوەدەچێت. خوێندکار دەتوانێت سێ زانکۆ هەڵبژێرێت، بەڵام رکابەری تێیدا توندترە. ماوەی خوێندنی ماستەر 1 بۆ 2 ساڵ و دکتۆرا 3 بۆ 5 ساڵ دەخایێنێت.
دۆکیۆمێنتە داواکراوەکان
بڕوانامە و نمرەکان (بە پەسندکراوی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، داد، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق).
- بڕوانامەی پاکانەی تاوان (No Crime Record).
- بڕوانامەی تەندروستی نێودەوڵەتی.
- دوو نامەی راسپاردن (Recommendation Letter) لە مامۆستایانی زانکۆ (باشترە نازناوی زانستییان پرۆفیسۆر یان پرۆفیسۆری یاریدەدەر بێت).
- پاسپۆرت (کە بەلایەنی کەمەوە 6 مانگ ماوەی مابێت).
- سی ڤی (CV) و پلانی خوێندن (Study Plan).
تێبینییەکی تەکنیکی و ژینگەی ژیان
چین بە وڵاتێکی ئارام و لەبار بۆ خوێندن دادەنرێت، بەتایبەت بۆ رەگەزی مێ. پسپۆڕان ئامۆژگاری پێشکێشکاران دەکەن کە: تەنیا یەک ئەکاونت لە وێبسایتەکە دروست بکەن، چونکە دروستکردنی دوو ئەکاونت دەبێتە هۆی پوچەڵکردنەوەی داواکارییەکە.
هەرەها پێشوەختە رەزامەندی سەرپەرشتیار (Supervisor) یان "پێش وەرگرتن" (Pre-admission) لە زانکۆکان بەدەستبهێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەپی (WeChat) بەکاربهێنن بۆ پەیوەندیکردن، چونکە زۆرینەی ئیمێڵەکان لە چین دەچنە بەشی (Spam).
بۆ زانیاریی زیاتر و بینینی لیستی زانکۆکان، پێشکێشکاران دەتوانن سەردانی پلاتفۆڕمە فەرمییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ