رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی ئەسریلان سەر بە قەزای حاجیاوا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵان لەکاتی مەلەکردندا لە گۆمێکی کارگەیەکی چەو و لم (غەسالە) خنکا. پاش چەند ماوەیەک تەرمەکەی لەلایەن بەرگریی شارستانییەوە دەرهێندراوە.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین رۆژی هەینی، 9-5-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو مێرمنداڵە ناوی (هەولێر رزگار)ـە و تەمەنی 13 ساڵە، لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بەمەبەستی مەلەکردن چوونەتە ناو گۆمەکە. بەهۆی نەشارەزایی لە مەلەکردن و هەروەها بوونی قوڕ و لیتە لەناو گۆمەکەدا، نەیتوانیوە خۆی رزگاربکات و بەهۆیەوە خنکاوە."
رووداوەکە کاژێر 17:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان روویداوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد: "دوای نزیکەی کاژێرێک لە رووداوەکە، تیمەکانمان توانییان تەرمی مێرمنداڵەکە لە گۆمەکە دەربهێننەوە. دوای گواستنەوەی بۆ دادپزیشکیی رانیە، تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەولێر رزگار، دانیشتووی قەزای حاجیاوای سەر بە ئیدارەی راپەڕینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ