رووداو-ئامێدی
دوای ساڵانێکی زۆر لە چۆڵبوون بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە، ئێستا ئارامی باڵی بەسەر گوندە سنوورییەکانی ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدی کێشاوە. لە گوندی هرورێی بەرواری باڵا، ژیان گەڕاوەتەوە و گەشتیاران لە هەموو عێراقەوە رووی تێدەکەن.
لەبەر سێبەری دارەکان و دوور لە ژاوەژاوی شار، گوندنشینانی هرورێ لەگەڵ میوان و گەشتیاران دیوەخانیان گەرمکردووە. کۆڵان و باخەکانی گوندەکە پڕن لە ژیان و جموجۆڵ، دیمەنێک کە ماوەیەکی زۆر بوو لەو ناوچەیە ون ببوو.
ئیبراهیم جەمیل، یەکێک لە گوندنشینانی هرورێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خۆت دەبینیت جێگە نابێتەوە، خەڵک لە بەسرەوە تاوەکو بازیڤان دێنە ئێرە؛ کەشوهەوایەکی خۆشە، ئاوەکەی ساردە و هەموومان وەک براین، سوپاس بۆ خودا."
زیاتر لە 30 خێزانی گوندەکە گەڕاونەتەوە و دەرگەی ماڵەکانیان بەڕووی میواناندا کردووەتەوە. حەسەن هروری، گوندنشینێکی دیکەی هرورێیە و دەڵێت، خەڵکی گوندەکەی خۆڕاگرییەکی زۆریان کردووە و ئێستا کاتی ئەوەیە پاداشتی خۆڕاگرییەکەیان وەربگرنەوە.
حەسەن هروری گوتیشی: "من لە کوردستان و عێراق و ئێران گەڕاوم، لە هرورێ خۆشتر نییە. سنگی ئەم گوندە و گوندنشینانی بۆ هەموو خەڵک کراوەیە و ئەگەر هرورێ بۆ گەشتیاری ئاوەدان بکرێتەوە، هیچ گوندێک نایگاتێ."
قەرەباڵخی و چوونی رێژەیەکی زۆری گەشتیار وایکردووە، پۆلیسی هاتووچۆش رێگەی گوندەکە بگرنەبەر بۆ رێکخستنی ئۆتۆمبێلەکان. گەشتیاران نەک تەنیا بە رۆژ، بەڵکو بە شەویش لە گوندەکە دەمێننەوە.
شاسوار ئیسماعیل، گەشتیارێکە و لەگەڵ خێزانەکەی رووی لە ناوچەکە کردووە، بە رووداوی گوت: "ئێرە زۆر خۆشە، دوێنێ هاتووین. کەشوهەواکەی فێنکە و خۆشبەختانە شەڕ و ئاژاوە نەماوە."
راوەستانی بۆردوومان و تۆپبارانەکان، هیوا و ژیانی بۆ چەندین گوندی دیکەی ناوچەی بەرواری باڵا گەڕاندووەتەوە، لەوانە گوندەکانی بێدهێ، کێستە و مایێ، کە خەڵکەکەیان خەریکە دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ