ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە سلێمانی لە زیادبووندایە؛ رۆژانە 15 کەسی نوێ تووش دەبن

09-07-2023
هۆرڤان رەفعەت
نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی. وێنە: رووداو
نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هۆڵ و ژوورە جەنجاڵەکانی، دانیشتنی خەڵک لەسەر زەوی و پلیکانەکان لە نەخۆشخانەی هیوا نیشاندەری زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەیە لە تەواوی هەرێمی کوردستان. 
 
رۆژانە نزیکەی 450 کەس بۆ چارەسەر و پشکنینی شێرپەنجە سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن لە سلێمانی و رۆژی 15 تووشبووی نوێ تۆمار دەکرێت کە زۆرینەیان تووشبووی شێرپەنجەی مەمک و خوێن و کۆڵۆنن. 
 
عومەر، دوو ساڵە تووشبووی شێرپەنجەی پڕۆستاتە، هەفتەی پێنج رۆژ دەچێتە نەخۆشخانەی هیوا تاوەکو چارەسەری کیمیایی وەربگرێت و دەڵێت، زۆر جار دەرمان نامێنێت، بەهۆی زیادبوونی نەخۆش و قەرەباڵخی. 
 
عومەر عەبدوڵڵا، تووشبوویەکی شێرپەنجەیە و بە رووداوی گوت: "نەخۆشەکانی ئەم نەخۆشخانەیە، هەموویان مردوون و لێرە زیندوبوونەتەوە. زۆرێک لە رۆژەکان قەرەباڵخی هەیە، هەندێک رۆژ قەرەباڵخترە لە رۆژەکانی دیکە، بەس ئەم پزیشک و کارمەندانەن کە دەرەقەت دێن." 
 
رێژەی 10%ـی تووشبوانی شێرپەنجە منداڵن و زۆرینەیان تووشبووی شێرپەنجەی خوێنن و رۆژانە هەر پزیشکێک زیاتر لە 20 منداڵ دەبینێت. 
 
دکتۆر زەردەشت بەکر، پسپۆڕی شێرپەنجەی منداڵان دەڵێت، "ئێمە لە رۆژێکدا 80 بۆ 100 نەخۆش دەبینین، بەهەموو بەشەکانی بینینی نەخۆشی منداڵانەوە، وەکو نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن و گرێ رەقەکان و خوێنی منداڵان." 
 
کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە بۆ پزیشکانیش سەخت بووە، لە نەخۆشخانەی هیوا ژمارەی تەختەکان 60% لە پێویستی نەخۆشخانەکە کەمترە. 
 
دکتۆر محەممەد عەبدولوەهاب، بەرپرسی هۆبەی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "لە زۆربەی رۆژەکاندا ئێمە فوول بێدین، واتا جێگا نییە نەخۆش بێتە نەخۆشخانەکە بۆ چارەسەرکردن." 
 
بەرپرسانی نەخۆشخانەی هیوا دەشڵێن، بەهۆی دابیننەکردنی پزیشک و کارمەندی پێویست و دابیننەکردنی بودجەی تایبەت بۆ کڕینی دەرمان، ناتوانن رۆڵە زانستییەکانی خۆیان نیشان بدەن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە