رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێنەرایەتیی عێراق لە لیبیا رایگەیاند بە هەوڵی باڵیۆزخانەکەیان 7 کۆچبەری نایاسایی عێراقی، لەو وڵاتە ئازادکراون و بڕیارە لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9-7-2025 د. ئەحمەد سەحاف، سەرۆکی نوێنەرایەتیی کۆماری عێراق لە لیبیا بە رووداوی رایگەیاند، ئازادکردنی ئەو کۆچبەرانە دوای هەوڵ و پەیوەندیی بەردەوامی نوێنەرایەتییەکەیان بووە، کە بە گوتەی ئەو، زیاتر لە دوو مانگی خایاندووە.
ئەو 7 گەنجە کوردە هەوڵیاندا لە رێگەی لبیایەوە بە قاچاخ بچنە ئەورووپا لە 24ـی نیسانی 2025ـەوە پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکاریان پچڕا، دوای ئەوەی لە لیبیا لەلایەن "هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا" دەستگیرکران.
د. ئەحمەد سەحاف گوتی: "باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییە عێراقییەکان دابینکردووە و پاسپۆرتی تێپەڕبوونیان بۆ دەرکردوون."
کاروان مەجید، برای یەکێک لە گەنجەکان بەناوی (دابان)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "براکەم و هاوڕێکانی رۆژی 23ـی نیسان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە چوونە میسر و لەوێشەوە بۆ لیبیا، تاوەکو لەوێوە بەرەو ئەورووپا کۆچ بکەن. لە 24ـی مانگەوە بێسەروشوێن بوون و تاوەکو دواتر براکەم پەیوەندی کرد و گوتی لە لیبیا دەستگیرکراوین."
بڕیارە ئەو 7 کۆچبەرە کوردە لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی شاهانەی ئوردنییەوە، لە فڕۆکەخانەی معیتیقە لە تەرابلوسەوە بگەڕێندرێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی کۆماری عێراق لە لیبیا بە رووداوی رایگەیاند، گەڕانەوەکەی ئەو کۆچبەرانە خۆبەخشانەیە و بلیتەکانیان بە خۆڕایی بۆ دابینکراوە، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ