قوباد تاڵەبانی: قبووڵکراو نییە گرژی و ناکۆکییە سیاسییەکان بهێندرێنە نێو وەزارەتی پێشمەرگە

09-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە و رایگەیاند، "نابێت لەپێناو بەرژەوەندیی چەند کەسێک پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە پەک بخرێت." دەشڵێت، "قبووڵکراو نییە گرژی و ناکۆکییە سیاسییەکان بهێندرێنە نێو وەزارەتی پێشمەرگە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-08-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیوا روکن بەختیار، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەفسەران و پلەداری وەزارەت کۆبووەوە و گوتی، "بەردەوام دەبین لە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەر کەس و بەرپرسێک کەمتەرخەم بێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
 
لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی "گرژی و ناکۆکییەکانی" نێو دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆ کرا. جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە جەختی لەسەر بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە و گوتی، "ئاساییە گرژی و ناکۆکیی سیاسی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام قبوڵ کراو نییە ئەو گرژییە بهێنرێتە ناو وەزارەتی پێشمەرگە."
 
قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەو بابەتە زیاتر قسەی کرد و رایگەیاند، "بەڵێنمان بە خەڵکی خۆمان و هاوپەیمانەکانیشمان داوە کە؛ هێزەکانمان تۆکمەتر و راهێنراوتر بکەین و قۆناخ بە قۆناخ پڕۆژەی چاکسازی جێبەجێ بکەین، هەربۆیە ناکرێت لەپێناو بەرژەوەندیی هەندێک کەس، دەستبەرداری بابەتێکی وەها هەستیار و گرنگ بین. ئێمە بەردەوام دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و لێپرسینەوەش لە کەسانی کەمتەرخەم دەکەین لە هەر پلە و پۆستێکدا بن."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رووی پەیامەکەی کردە بەرپرسان و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە و گوتی، "لەڕووی سیاسی و حیزبییەوە سەر بە هەر لایەنێکن، لەڕووی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە ئەرکی ئێوەیە لە وەزارەت پیشەییانە مامەڵە بکەن و دووربکەونەوە لە ململانێ و نەبنە بەشێک لە ناکۆکیی سیاسی و حیزبی و مل نەدەن بۆ هیچ دەستێوەردانێک لە وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.