قایمقامی ماوەت بۆ رووداو: بە درۆن گوندێکی سنوورەکە بۆردوومان کرا

09-09-2023
هۆرڤان رەفعەت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوندێکی سنووری قەزای ماوەت بۆردوومان کرا و بەو هۆیەوە ئاگر کەوتووتەوە. قایمقامی ماوەت دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 09:10 خولەک ناوچەیەکی نزیک گوندی باساوێ لە نزیک پردی بەرد بەرد لە قەزای ماوەت بۆردوومان کراوە و بەهۆی بۆردوومانەکەشەوە ئاگر کەوتووەتەوە.
 
قایمقامی ماوەت دەڵێت، "بۆردوومانەکە تەنها یەک کیلۆمەتر دوور بووە لە شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووانی گوندەکە و   ناوچەیەکی شاخاویی تەنیشت گوندەکەی بەئامانج گرتووە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، بۆردوومانەکە بە درۆن کراوە".
 
کامەران حەسەن باسی لەوە کرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هیچ هاونیشتمانییەکی گوندەکە بەهۆی بۆردوومانەکە گیانی لەدەست نەداوە و کەسیش بریندار نەبووە. لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەش گوتی، هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
قایمقامی قەزای ماوەت گوتیشی، "رۆژانە بە بەردەوامی درۆن و فڕۆکەی چاودێری لە ئاسمانی قەزاکەمان و تەواوی شارباژێڕ دەسووڕێنەوە، ئەوەش مەترسیی تەواوی لەسەر خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە