رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانیی تۆڕەکان و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، نزیکەی 1500 پێشێلکارییان تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025 هۆشیار مالۆ، ئەندامی هاوپەیمانیی تۆڕەکان و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریی هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەموو عێراقدا زیاتر لە 6300 چاودێرمان هەن، تاوەکو کاژێر 10:00ی بەیانی، 1471 پێشێلکارییان لە بنکەکاندا تۆمار کردووە."
گوتیشی، "پێشێلکارییەکان بچووکن و زیاتر پەیوەندییان بە درەنگ کردنەوەی بنکەکان، ئامادەنەبوونی کارمەندانی کۆمیسیۆن، رێگری لە بریکاری لایەنە سیاسییەکان و حاڵەتی کارنەکردنی ئامێرەکان هەبووە."
بە گوتەی هۆشیار مالۆ، "تاوەکو ئێستا هیچ پێشێلکارییەکی گەورە، کە لە پۆلێنی سوور بێت، تۆمار نەکراوە."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی تۆڕەکان و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، "جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە لە ئامێرەکاندا ئەوەیە، ئەگەر کەسێک پەنجەمۆری نەیخوێنێتەوە، دەتوانێت لەڕێگەی ئامێری ناسینەوەی روخسار بناسرێتەوە و دەنگی خۆی بدات."
دەشڵێت، "لەم هەڵبژاردنەدا دوای کۆتاییهاتنی ژماردنی ئەلیکترۆنی دەنگەکان، سەرجەم دەنگەکان بە دەستیش دەژمێردرێنەوە."
ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت و زیاتر لە 7,000 بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ