رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، بەبێ گرفت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
نەبەر عومەر باسی لەوە کرد، "بەبێ کارتی دەنگدان کەس بۆی نییە دەنگ بدات و ئەگەر پەنجەمۆر نەیخوێندەوە فەیس ئای دی کێشەکە چارەسەر دەکات." باسی لەوەش کرد دوای هەڵبژاردنەکان، راستەوخۆ کارتەکان بە خاوەنەکانیان دەدرێتەوە.
نەبەرد عومەر، میوانی بووڵتەنی کاژێر 8:00ـی رووداو بوو. نوێترین زانیاریی لەبارەی دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کاژێر 7:00ـی بەیانی هەموو بنکەکانی دەنگدان کرانەوە. لە هەرێمی کوردستان 204 بنکە 958 وێستگەی دەنگدان هەن. لە هەولێر دوو ئامێر و لە دهۆک سێ ئامیری وێستگەکان کێشەیان هەبوو. ئێستا هەمووی چارەسەر کرا و پرۆسەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ کێشە و گرفتێکمان نییە.
نەبەرد عومەر گوتی، "کارمەندەکانیان هەفتەیەکی تەواو راهێنانیان کردووە، بۆیە لە کاتی بوونی هەر جۆرە کێشەیەک بە زووترین کات چارەسەری دەکەن. تا ئەم کاتە هیچ کێشەیەکی گەورە رووینەداوە کە چارەسەر نەکرێت. تیمی تایبەتی چاککردنەوەیان هەیە لە ئەگەری هەر جۆرە کێشەیەک راستەوخۆ دەستوەردان دەکەن. ئامێری یەدەگیش بەردەستن ئەگەر کێشەی ئامێرەکان چارەسەر نەبوو یەکسەر دەیگۆڕن."
باسی لەوەش کرد، "بەبێ کارتی دەنگدان کەس بۆی نییە دەنگ بدات، لە پاڵ کارتەکە داوای کارتی نیشتمانی لێ دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە پێناسی دەنگدەر. سەبارەت بە کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، لە هەڵبژاردنی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر بەم هۆیەوە نەیانتوانی دەنگ بدەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر پەنجەمۆرەکەی نەیخوێندەوە، 10 جاری دیکە هەوڵی بۆ دەدرێت و هەر 10 پەنجەکەی تاقی دەکرێتەوە. ئەگەر هەر نەیخوێندەوە سیستمی خوێندنی رووخسار (فەیس ئای دی) بەکاردێت و بەمەش دەتوانێت دەنگ بدات. ئەگەر هەردووکیان نەیخوێندەوە بۆی نییە دەنگ بدات."
ئەوەشی خستەڕوو کە کارتی دەنگدان دوای دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان لێیان وەردەگیرێتەوە. دوای هەڵبژاردن پسوڵەیەکی تایبەتی پێ دەدرێت و کارتەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە. تۆماری دەنگدانی هێزی تایبەت لە کۆمیسیۆن بەردەستە و بەپێی یاسا دوای هەڵبژاردن، کارتەکان رادەستی یەکە سەربازییەکانیان دەکرێنەوە و لەوێ وەریدەگرنەوە. گوتیشی: "لە رۆژی هەڵبژاردنی گشتییدا کارمەندانی کۆمیسیۆن لەنێوان کاژێر 07:00 تاوەکو کاژێر 08:00 دەرفەتیان پێ دەدرێت دەنگ بدەن."
لەبارەی نوێکردنەوەی کارتەکانی بایۆمەتری، نەبەرد عومەر گوتی: "ئەو کەسانەی کارتەکانیان ونکردبوو، کۆمیسیۆن لە رۆژی 23ـی ئادار تاوەکو 23ـی حوزەیران بۆ ماوەی نوێکردنەوەی کارتەکانی راگەیاند. لەم ماوەیە 388 هەزار کەس سەردانیان کردین و کارتی نوێمان بۆ دەرهێنان و ئێستا نزیکەی 3000 کارت ماوە خاوەنەکانیان وەریبگرنەوە."
بۆ ئاوارەکانیش گوتی: "نزیکەی 26 هەزار ئاوارە لە هەولێر و دهۆک هەیە. لە هەولێر نزیکەی 540 ئاوارەمان هەیە لە خێوەتگەکاندان. سێ بنکە و سێ وێستگەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە."
راشیگەیاند، "بۆ ئەو کەسانەی نازانن لە کوێ دەنگ بدەن، ئەپلیکەشنێکمان هەیە بەناوەی IHEC و لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە کیو ئاڕەکەی کارتی دەنگدانی سکان بکات و بنکەکەی خۆی دەدۆزێتەوە".
لەبارەی شەفافی هەڵبژاردن، ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن رایگەیاند، "چاودێری ناوخۆیی، نێودەوڵەتی، بریکاری لایەنە سیاسییەکان هەیە. هەر لایەنێکی سیاسیی بۆی هەیە 954 بریکار بۆ دەنگدانی تایبەت و بۆ دەنگدانی گشتیش 2003 بریکار دیاری بکات. تاوەکو ئێستا 1100 چاودێری نێودەوڵەتی خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە و باجیان پێدراوە و سەرپشکن سەردانی کامە بنکە و وێستگە بکەن".
هەروەها گوتی: "کاژێر 18:00 ئامێرەکە خۆی بە ئۆتۆماتیکی دەکوژێتەوە. کۆمیسیۆن چەند رێکارێکی هەیە دەیکات لەمانە بە دەست ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان. دواتر کاژێر 18:30 ئەنجامەکان رادەستی چاودێرەکان دەکرێت. بە دەست ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئامادەبوونی چاودێرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکرێت. بەمەش گونجاندنی ژمارەی ئەلیکترۆنی و دەستی ئەنجام دەدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ