رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستییان خستووەتە دۆخی "ئەوپەڕی ئامادەباشی."
بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانەی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری گرتووەتەوە، لە چەندین ناوچەی سنووری پارێزگاکە لافاو دروستبووە و ئاستەنگی هاتووچۆ لە چەندین شوێن دروستبووە. تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، بەو هۆیەوە "دۆخی نەخوازراو" لە چەند شوێنێكدا لەئارادایە.
بەپێی راگەیێندراوی تەندروستیی سلێمانی، لەسەر فەرمانی د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەرجەم تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی، ژمارە 122، خرانە دۆخی "ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە" بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان لەكاتی روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو، هەروەها سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەر و بەشەكانی فریاكەوتن بە شێوەی ئێشكگری كراوە دەبن.
تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، خەڵکی پارێزگاکە لەكاتی روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو پەیوەندی بكەن بە ژمارە تەلەفۆنی 122، بۆئەوەی تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی بەزووترین كات بەهانایانەوە بچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ